سزای لە سێدارەدانی مامۆستای ئایینی محەمەد خزرنەژاد پەسەند کرا

محەمەد خزرنەژاد مامۆستای ئایینی لە کاتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی بە هۆی پشتیوانی لەو سەرهەڵدانە دەستگیر و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، لەلایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە سزاکەی پەسەند کرا.

بەگوێرەی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لقی ٤١ی دیوانی باڵای دادوەری ئێران سزای لەسێدارەدانی مامۆستای ئایینی محەمەد خزرنەژادی پەسەند کردووە، کە پێشتر لەلایەن لقی ٣ی دادگای ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر رەزا نەجەف زادە بە تۆمەتی "خراپەکاری لە سەر زەوی"، "زیانگەیاندن بە یەکپارچەیی و سەربەخۆیی وڵات" و "بانگەشە لە دژی دەسەڵات" بەسەریدا سەپاندبوو.

دوابەدوای پشیوانیەکانی ئەو مامۆستا ئاینیە کە خۆپیشاندانەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا و دوای ١٠٨ رۆژ دەستبەسەری و مانەوە لە ژووری تاکەکەسی ئیتلاعات گواسترایەوە بۆ زیندانی ورمێ.

وەک تۆڕی هەواڵی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لە دوای گواستنەوەشی بۆ زیندان ئاسەواری ئەشکەنجە بە جەستەی محەمەد خزرنەژادەوە دیاربووە و دواتر لە چوار دانیشتنی دادگادا بە بێ پارێزەر و بە بێ ئەوەی مافی بەرگری پێبدرێت سزای لەسێدارەدان و ١٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.

لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی کورد لە نامەیەکی هاوبەشدا بۆ سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر مامۆستا محەمەد خزرنەژاد دەربری و داوای ئازادکردنیان کرد.

هـ . ب