سزای قورسی دارایی بە سەر سێ کۆڵبەردا سەپێندرا
هێزەکانی دەوڵەتی ئێران سێ کۆڵبەری خەڵکی بانەیان دەستگیرکرد و سزای دارایی ٣٠ ملیۆن تمەنیان بەسەردا سەپاندن.
هێزەکانی دەوڵەتی ئێران سێ کۆڵبەری خەڵکی بانەیان دەستگیرکرد و سزای دارایی ٣٠ ملیۆن تمەنیان بەسەردا سەپاندن.
هاوکات لەگەڵ بەردەوامی کوشتار و کردنەئامانجی کۆڵبەران، دەوڵەتی ئێران لە رێگەی دادگاکان و سەپاندنی سزای دارایی قورسەوە گوشارەکانی بۆ سەر ئەو کۆڵبەرانە چڕکردووەتەوە، کە بەهۆی دۆخی نالەباری داراییەوە ناچاربوون ئەو کارە تاقەتپڕوکێن و پڕ مەترسییە هەڵبژێرن.
بەگوێرەی هەواڵێکی کۆڵبەر نیوز هێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە سنووری شاری بانە سێ کۆڵبەریان بە ناوەکانی عەلی کەریمیان، خالید مەحمودی و سەعدوڵا ئەمین زادە، کە هەرسێکیان خەڵکی گوندی بڵەسەنی ئەو شارەن، دەستگیرکردووە.
ئەو کۆڵبەرانە بەتۆمەتی گواستنەوە کەلوپەلی "قاچاخ" دەستبەسەر و رەوانەی دادگا کراون.
دادگای دەوڵەتی ئێران لە شاری بانە رۆژی چوارشەممە ٢٤ی نیسان سزای دارایی ٣٠ ملیۆن تمەنی بەسەر هەریەک لەو کۆڵبەرانەدا سەپاندووە.
ئەمەش لەکاتێکدایە بە هۆی نەبوونی هەلی کار، خراپی و نالەباری دۆخی دارایی و رێژەی بەرزی بێکاری لە رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەکی زۆر لەهاووڵاتیان ناچارن بۆ دابینکردنی بژێوی روو لە کاری پڕمەترسی و تاقەتپڕوکێنی کۆڵبەری بکەن.
مانگی رابردوو کۆڵبەرێکی مێرمنداڵ بە ناوی دانیال مام ئەحمەد خەڵکی مەریوان لەلایەن دادگای ئەو شارەوە سزای دوو ساڵ زیندان، لێدانی ٧٤ قامچی و سزای دارایی بە بڕی ٢ ملیار تمەنی بەسەردا سەپێندرابوو.
ماوەی زیاتر لە ساڵێکە کوشتار و توندوتیژی بەرامبەر بە کۆڵبەران بە رێژەی بەرچاو زیادی کردووە، لەماویە نزیکەی مانگێکدا ١١ کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە، کە شەس کەسیان بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەت کراونەتە ئامانج و ئەوانەی دیکە بەهۆی رەقبوونەوە، کەوتنەخوارە لە بەرزایی و وەستانی دڵ لە کاتی کۆڵبەری گیانیان لەدەستداوە.
هەر لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٤٠ کۆڵبەر کە زۆرینەیان بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەت پێکراون، برینداربوون.
لە نێوان ٢١ی ئاداری ٢٠٢٣ تا ٢٠ی ئاداری ٢٠٢٤ واتە لەماوەی یەک ساڵدا ٤٤ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد گیانیان لەدەستداوە و زیاتر ٤٠٠ کۆڵبەر و کاسبکاریش لەناوچە سنووریەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان برینداربوون، کە زۆرینەیان بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەت کراونەتە ئامانج.
بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتر، کوشتار و توندوتیژی بەرامبەر بە کۆڵبەران بە رێژەی لەسەدا ٩٠ زیادی کردووە و دەسەڵاتی دادوەری ئێران هەرگیز لێپێچینەوەی لە کردنە ئامانجی کۆڵبەران نەکردووە.
هـ . ب