سۆزدار ئاڤێستا: گەورەترین مەترسی جموجوڵەکانی پەدەکەیە

سۆزدار ئاڤێستا ئەندامی دەستەى گشتیی سەرۆکایەتیی کەجەکە وتی، گەورەترین مەترسی لە ئێستادا لە دژی گەریلا، جموجوڵەکانی پەدەکەیە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا. وتیشی، دەبێت پەدەکە بە خێرایی دەست لەو هەڵوێست و رەفتارانەى هەڵبگرێت.

سۆزدار ئاڤێستا ئەندامی دەستەى گشتیی سەرۆکایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە ستێرک تیڤی شیکاریی بۆ گۆشەگیری، هێرشە داگیرکەرییەکان بۆ سەر باشووری کوردستان، بەرخودانی گەریلا و پشتیوانییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بۆ داگیرکەری کرد.

لە سەرەتای وتەکانیدا لە کەسایەتیی زیلان، سەما یوجە، فیلیز یەرلی کایا (گوڵان) و لەیلا ئاگری دا بە رێز و منەتەوە یادی شەهیدانی مانگی حوزەیرانی کردەوە.

سۆزدار ئاڤێستا سەرنجی خستەسەر گۆشەگیریی قورس لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و وتی، "گەلەکەمان بۆ ئازادیی جەستەیی رێبەرایەتی بە بەردەوامی چالاکی ئەنجام دەدات. ئێمەش لە ١٢ی ئەیلولی ٢٠٢٠ەوە هەڵمتی "کات کاتی ئازادییە"مان  دەستپێکردووە. هەڵمەتەکە تاوەکو ئێستاش بەردەوامیی هەیە. هەڵمەتەکە کاریگەرییەکی زۆر گەورەی دروستکردووە. هەڵمەتێکی لە جێدایە. ئێمە دەبینین، کە دەوڵەتی تورک گۆشەگیریی لە ئیمراڵی قورستر کردووە. گۆشەگیری دەوڵەتی تورک بەرەو کارەسات و هەڵوەشاندنەوە دەبات. تورکیا لە ناو قەیراندایە. قەیرانی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی لە تورکیا هەیە. هۆکارەکەشی بۆ قوڵکردنەوەى گۆشەگیری دەگەڕێتەوە".

سۆزدار ئاڤێستا لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا سڵاوی لە چالاکییەکانی مانگرتن لە زیندانەکان، مەخمور و یونان کرد و وتی، "هەڤاڵانمان لە زیندانەکاندا پشتیوانییەکی بەهێزیان لە هەڵمەتەکە کرد. شانبەشانی گەریلا درێژە بە هەڵمەتەکە دەدەن. ئەوەش بۆ ئێمە شتێکی پیرۆزە".

سۆزدار ئاڤێستا رایگەیاند، دەبێت چالاکییەکان گەورەتر بکرێن و وتی، "دایکانی زیندانی و دایکانی ئاشتی چالاکییان ئەنجامدا، لە باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا، لە رۆژئاوا و دەرەوەی وڵات چالاکییەکان بەردەوامن. دەبێت گەلەکەمان درێژە بەو چالاکییانە بدەن".

سۆزدار ئاڤێستا وتی، ئێمە لە هەڤاڵانمان لە زیندان، کە بەرەنگاری دەکەن فێری بەرخودان بووین و وتیشی، "گەلەکەمان، بزووتنەوەکەمان و هەڤاڵانمان لە زیندانەکاندا لە دژی هەموو هێرشەکان بەرەنگاری و بەرخودان دەکەن. لەم رێگەیەوە جارێکیتر سڵاو لە بەرخودانی زیندانەکان دەکەم. زیندانیانی ژن، کە پێشەنگایەتی بۆ ئەو بەرخودانە دەکەن، یەک بە یەک سڵاویان لێدەکەم".

"چالاکییەکانی گەریلا، دەوڵەتى تورک لە رەگەوە دەهەژێنێت"

لە بەردەوامیی وتەکانیدا سۆزدار ئاڤێستا سەرنجی خستەسەر هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشوروی کوردستان، کە لە ٢٣ی نیسانەوە دەستی پێکردووە و باسی لە بەرخودانی گەریلا کرد و وتی، "ئەو بەرخودانە ورەیەکی گەورە بە گەل دەدات. جارێکیتر پیرۆزبایی و سڵاوی خۆم پێشکەشی هەموو ئەو هەڤاڵانە دەکەم، کە لە ناو هەڵمەتەکانی هەڵۆکانی زاگرۆس، جەنگی خابوور، عەگیدەکانی بۆتان و ناوچەکانی تردا تێدەکۆشن. ئەو چالاکییانە دەوڵەتی تورک لە رەگەوە دەهەژێنێت. ئەو هێزانە، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دروستکرابوون و پێشتر کوردانیان لە حەوزی تێزابەکاندا دەکوشت، ئیدی لە بەریەک هەڵوەشاونەتەوە. ئەو  هەڵوەشاندنەوەیەیان رووی راستەقینەى دەسەڵاتی فاشیست دەخاتە بەرچاو. ئەو هێزانە ئیدی ئەوە بە باش دەزانن، کە دەوڵەتی تورک لەبەر یەک هەڵبوەشتێتەوە. وەک ئەو کەسەی دەکەوێتە دەریا خۆی لە مار دەشارێتەوە، دەوڵەتی تورکیش ئیدی خۆی لە چەتەکان دەشارێتەوە. ئەوەى دەوڵەتی تورکی گەیاندوەتە لێواری هەڵوەشان، بەرخودانی گەریلایە. لەبەر ئەوەش دەبێت بەرخودانی گەریلا بە بەرفراوانی شیکاریی بۆ بکرێت. لە رووی بەرخودانی گەریلاوە کێشە نییە و لە هەموو شوێنێکدا تێکۆشان بەردەوامە. وەک هەڤاڵ جەمال (موراد قەرەیلان) وتی، گەریلا دەوڵەتى تورکی بە بنبەست گەیاندووە، بەڵام دوای ئەوە کێ هەناسەی بە بەر دەوڵەتی تورکدا هێنایەوە؟ دەبێت مرۆڤ لەسەر ئەوە هەڵوەستە بکات.

"ئەردۆغان برای کێیە؟"

ئێستا گەورەترین مەترسی لە دژی گەریلا جموجوڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)یە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و رووداوەکەى مەتیناش نمونەکەیەتی. هەڤاڵ جەمال (موراد قەرەیلان) لەو کاتەدا بانگەوازێکی بڵاوکردەوە و وتی، 'بۆ ئاشکراکردنی رووداوەکە بێن و لێکۆڵینەوە بکەن'. تاوانباری راستەقینە و سەرەکی ئەوەیە، کە پێشمەرگەى ناردووە بۆ ئەو شوێنە. دەبێت مرۆڤ هەندێک لەسەر راستیی پەدەکە راوەستێت. بۆ نمونە کاتێک رووداوەکە روویدا، دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەى جەنگی هێرشیکرد و راستەوخۆی ئەردۆغان و گروپەکەى دەستیان بە جموجوڵ کرد. دوای ئەوەش راستەوخۆی وتیان 'بڵێن پەکەکە هێرشی کردووە'.

ئەوان پێویستیان بە کارێکی تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانەى وەها هەبوو، چونکە لەو کاتەدا کۆبوونەوەیەکی گەورەی ناتۆ هەبوو، کە بڕیاری گشتیی تیادا دەدرا. ئێمە پشتیوانیی ناتۆ بۆ دەوڵەتى تورک دەزانین. کاتێک رۆیشتن بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکەدا وتیان، 'ئێمە سێ بابەت دەخەینە رۆژەڤەوە، بابەتی سەرەکی پەکەکەیە. پەکەکە هێرش دەکاتە سەرمان و لە هەمان کاتدا برا کوردەکانمان دەکوژێت'. دەبێت ئەوە ببینرێت.  باشە ئەردۆغان برای کێیە؟ ئەردۆغان کوردانی شکۆمەند و خاوەن کەرامەت و حەیسییەت، ئەو کوردانە کە ٤٠ ساڵە بەرەنگاری دەکەن و تێدەکۆشن، دەکوژێت. هێرش دەکەنە سەر مەخمور و شەنگال، عەفرین و گرێ سپی داگیر دەکەن، سەدان هەزار مرۆڤ کۆچبەر و ئاوارە دەکەن. هەموو ئەو کارانە ئەنجام دەدات و هەڵدەستێت و دەڵێت، 'برا کوردەکانی من لە باکووری عێراق دەکوژێت'. ناڵێت، باشووری کوردستان و پێشمەرگەش قبوڵ ناکات. دەڵێت، باکووری عێراق. دەبێت گەلەکەمان ئەو یارییە ببینێت.

لەو بابەتەدا شکۆمەندانەترین وشەکان لەلایەن بنەماڵەى پێشمەرگە شەهیدەکانەوە وتران. سەرباری ئەوەى راگەیاندنەکانی پەدەکە بە پێداگرییەوە پرسیاریشیان لێدەکردن و لێیان پرسی 'براکەتان لەلایەن پەکەکەوە کوژراوە، ئێوە لەوبارەیەوە چی دەڵێن؟ وتی، 'من نازانم کێ ئەو کارەی کردووە، بەڵام تەنها شتێک دەتوانم بڵێم، دەوڵەتی تورک ئێستا زۆر دڵخۆشە، دوژمن ئێستا زۆر دڵخۆشە'. بۆ ئەوەی  پێشمەرگە لە ناوچەکانی گەریلا بڕوات، بزووتنەوەکەمان تاوەکو ئێستا زۆر جار بانگەوازی بڵاوکردووەتەوە، گەل دەستبەکار بووە و راگەیاندراو لەوبارەیەوە بڵاوکرایەوە، بەڵام هێشتا دێن و لە شوێنی نوێ خۆیان جێگیر دەکەن و دەوروبەری گەریلا دەگرن. بەو شێوەیە هەناسە بەبەر دەوڵەتى تورکدا دەکەنەوە، کە گەریلا بە قوڕگی دەوڵەتی تورکەوە نووساوە و دەیگوشێت. دەبێت ئیدی دەست لەوە هەڵگرن. گەریلا بە خوێنی خۆی بەرخودانی مێژوویی و ئەفسانەیی دەکات، بەڵام ئەو نزیکایەتییەى پەدەکە گەورەترین مەترسییە و لە بەردەم سەرکەوتنی تێکۆشانی گەلی کورددا دەبێتە ئاستەنگ.

"ئەدهەم بارزانی هەڵوێستێکی شکۆمەدانەی لە خۆی نیشاندا"

ئەگەر گەلی کورد تێکبشکێت، ئەوە بەهۆی بەهێزبوونی دەوڵەتی تورکەوە نییە، بەڵکو بەهۆی خیانەتەوەیە، بەهۆی نزیکایەتی و هاوکاریی پەدەکەوە دەبێت، بەهۆی گروپەکانی لایەنگری شەڕ لەناو پەدەکەدا روودەدات. ئێمە ناتوانین بڵێن، هەموو کەسانی ناو پەدەکە بەو شێوەیەن. بۆ نمونە وەک ئەوەی ماوەیەک لەوە پێش فەرماندەیی بڕیارگەى نەپەگە رایگەیاند، لە کۆبوونەوەى ٢٠ی ئایاری بەڕێوەبەرانی پەدەکەدا، هەندێک کەس لە دژی سیاسەتی هاوکاریکردنی دەوڵەتی وەستاونەتەوە. ئامۆزای بنەماڵەى بارزانی و بەڕێوەبەری پەدەکە ئەدهەم بارزانی هەڵوێستێکی زۆر هێژا و جێگای رێزی لە خۆی نیشاندا.

بەهۆی ئەو هەڵوێستەوە پێرۆزباییان لێدەکەین. وتی، 'من ناتوانم لە ژێر داگیرکەریدا بژیم' و ناچاربوو باشووری کوردستان بەجێبهێڵێت و وتیشی، 'ئەگەر گۆڕانێک رووبدات من دەگەڕێمەوە، بۆ ئەوەى گۆڕانکاری رووبدات، من کار دەکەم'. هەروەها هەڵوێستی پێشمەرگە دێرینەکان زۆر گرنگە. پێشمەرگەی دێرین پێشڕەو ئەحمەد کەلان وتی، 'فیشەک بە خۆمەوە دەنێم، بەڵام هەرگیز فیشەک نانێم بە خوشک و برایانم لە ناو پەکەکەدا'. فەرماندەکانی پێشمەرگە لە ناو هەڵوێستێکی لەوجۆرەدان. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە سیاسەتمەداران، هونەرمەندان، هێزەکانی دیموکراسی و ئازادی و ژنان لە باشووری کوردستان لە دژی داگیرکەری راپەڕین.

سەرەتا نزیکایەتییەکی وەهایان نیشان دەدا و دەیانگوت، 'گەریلا وەک هەموو جارێک بەرەنگاری و بەرخودان دەکات'، بەڵام دواتر بینییان بەڕاستی دۆخێکی مەترسیدار لە گۆڕێیە و باشووری کوردستان داگیر دەکرێت، گەریلا بۆ ئەوەى رێگری لەوە بکات بەرەنگاری و بەرخودان دەکات و تێدەکۆشێت. لەلایەکی ترەوە پێشمەرگە لە پاڵ دەوڵەتی تورکدا بەشدارە و ناوچەکانی گەریلا گەمارۆ دەدات. بۆ ئەوەى کۆتایی بەوە بێت بانگەوازیان بڵاوکردەوە. دەبێت پێشمەرگە گوێ لەو بانگەوازانە بگرێت و دەبێت رێگری لە شکست و لە ناوچوونی دەستکەوتەکانی گەلی کورد بکات. لە پێناو مافەکانی گەلی کورددا دەبێت دەست لەو نزیکایەتی و هەڵوێستە هەڵگرن. جگە لەوە روە و ئیرادە و بەشداریکردنی گەریلا زۆر بەهێزە، بەردەوامن لە ئەنجامدانی چالاکییە سەرکەوتووەکانیان".

"دەبێت پێشمەرگە و هێزە تایبەتەکانی پەدەکە لە ناوچەکانی گەریلا بکشێنەوە"

سۆزدار ئاڤێستا رایگەیاند، گەلی باشووری کوردستانمان هەستی بە مەترسییەکە کرد و بینیی و وتی، "گەلەکەمان لە سلێمانی، گەرمیان، راپەڕین، مەخمور، شەنگال، قەندیل و دەرەوەی وڵات چالاکیی بەهێزیان ئەنجامدا. ئەوە زۆر گرنگە، بەڵام هێشتا ئەنجام بە دەست نەهاتوە، چونکە هێشتا هێرش و گوشارەکانی دەوڵەتی تورک بەردەوامن. دەبێت راگەیاندنەکانی پەدەکە دەست لە هەڵوێستی لایەنگریکردنیان بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ هەڵبگرن. لەم کات و قۆناغەدا زۆترین پێویستیی گەلی کورد پێویستییەتی بە یەکێتیی نەتەوەیی و نەتەوەی دیموکراتیک. گەل لە ناو خۆیدا یەکێتیی خۆی هەیە، کورد لە هەموو پارچەکان و دەرەوەی وڵات لە دژی ئەو داگیرکەرییە وەستاونەتەوە و راپەڕیون. نەک تەنها کورد، بەڵکو گەلانی تریش ناڕەزایەتییان لە دژی ئەو داگیرکەرییە دەربڕیوە و ئەوە هەڵوێستێکی زۆر هێژایە".

سۆزدار ئاڤێستا سەرنجی خستەسەر دەستپێشخەریی نێونەتەوەیی پاراستنی کوردستان و وتی، "پەدەکە دەبیت بەو هەوڵە سەربەرز بێت و دەست لە سیاسەتی هاوکاریکردنی داگیرکەری و سیاسەتی دوژمنایەتیکردن هەڵگرێت. ئەگەر رێز لە کورد و کوردستان دەگرێت دەبێت پێشمەرگەکانی و هێزە تایبەتەکانی، کە رەوانەى ناوچەکانی گەریلای کردوون، بیانکێشێتەوە، بیانکێشێتەوە بۆ شوێنەکانی پێشووی خۆیان. بەس پشتیوانیی دەوڵەتی تورک بکەن. هەڵوێستی گەلەکەمان هەڵوێستێکی زۆر گرنگە و ئەنجامێکی باش بە دەست دەهێنێت".

ژ.ت