لە ١٠ی تشرینی یەکەم بە پێشەنگایەتی ناودارانی جیهان لە ١٠٠ ولات هەنگاوی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ کێشەی کورد" دەستپێکرا. ڕۆزەرین کەمانگەر، بەرپرسی دیپلۆماسی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)، ئەندامی کۆمیتەی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە باشوور، د. حاکم عەبدولکەریم، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی تارا حسێن و ئەندامی کۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجالان لە عێراق و باشووری کوردستان شاڵاو مەحمود، سەبارەت بە هەنگاوی ئازادی و جێبەجێکردنی سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیک قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد و هەڵسەنگاندنیان بۆ بابەتەکە کرد.
ڕۆزەرین کەمانگەر، بەرپرسی دیپلۆماسی کەژار ڕایگەیاند، کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان لە پارێزنامەکەیدا باس لە قەیرانە قووڵەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و وتی، "ئەمڕۆ هێرشەکانی سیستەمی سەرمایەداری و دەوڵەت-نەتەوەکانی ناوچەکە لەسەر گەلان زۆر بە باشی ئەو ڕاستییە نیشان دەدات". ڕێبەر ئاپۆ لە پارێزنامەکەی دا نەک هەر باسی ئەو هێرشانە دەکات، بەڵکو باسی گەلی کورد، گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەکانی ئازادی تەواوی گەلان دەکات، هەروەها ڕێگە چارەکانیش نیشان دەدات. ریگەی چارەسەری لەم کاتەدا چییە؟ رێگەی چارەسەری بەناوی نەتەوەی دیمۆکراتیک، مۆدێرنیتەی دیمۆکراتیک کە گەلان تێیدا خاوەن هێزی بڕیاردانن. ئەوەی کە پێشەنگایەتی ژن و کۆمەلگا تێیدا دیارە، ئەوەی کە وەک پرۆژە و رێگەی چارەسەرییە، دەرمانێکە بۆ قەیرانەکان و کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
نەتەوە-دەوڵەت رۆخێنەری ئازادی گەلانە
ڕۆزەرین کەمانگەر ڕایگەیاند، کە هەموو کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا سەریان هەڵداوە و وتی: ئێمە باش دەبینین نە نەتەوە-دەوڵەت و نە فکری دەسەڵاتداری دەوڵەت ناتوانێت ببێتە چارەسەر بۆ هیچ کام لە کێشەکان، تەنها رۆخینەرن، رۆخێنەری ئیرادەی گەلن، پێکەوە ژیانی گەلان و رۆخێنەری پرۆژەی ئازادی گەلانن".
'سەرۆک ئاپۆ بوو بە پردێک لە نێوان گەلەکاندا'
ڕۆزەرین کەمانگەر ئاماژەی بەوەدا کە بنەمای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئیرادەی گەل و ئیرادەی ژنانە، بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: "هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگا دەتوانێت بە شێوەیەکی ئازاد لەناو سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیک، مۆدێرنیتی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆدا جێگەی خۆی بکاتەوە". ڕێبەر ئاپۆ کەی چووە قووڵایی ئەم بابەتە؟ لەکاتی ئەسیربوونی لە زیندانی ئیمرالی. ڕێبەر ئاپۆ لە سالی ١٩٩٩ەوە بە نوسینەکانی توانی لە ئاستیکی جیهانیدا سەرنجی هەموویان بخاتە سەر ئەو فکر و فلسەفەیە. ماوەیەکی زۆرە دەوڵەتی تورکی فاشیست هەوڵی گۆشەگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ دەدات بۆئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهاندا بپچڕێنێت، هەرچی بکەن ناتوانن ڕێبەر ئاپۆ لە گەل جیا بکەنەوە. بە پێچەوانەوە ڕێبەر ئاپۆ بە کتێبەکانی بووەتە پردێک نێوان هەموو گەلان. زۆرێک لەو دۆزینەوانە کە لە ساڵی ١٩٩٩ەوە دۆزراونەتەوە تا ئەمڕۆش کاریگەرن، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ زۆر زیندووە و نەک تەنها بۆ گەلی کورد بەڵکو پێویستییەکە بۆ هەموو گەلی ناوچەکە."
ڕۆزەرین کەمانگەر بە تیشک خستنە سەر شۆڕشی ڕۆژئاوا لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، کە سیستەمی خۆبەڕێوەبەری نموونەیەکی گرینگی فکر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلانە و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ڕۆژئاوا وەک نموونە سەیر بکرێت.
بەر لە هەموو کەسێک دەبێت ژنان و گەنجان خاوەنداری لەم هەنگاوە بکەن
ڕۆزەرین کەمانگەر سەبارەت بە هەنگاوی ئازادی ئەم شتانەی هێنایە سەر زمان، "بەتایبەت ژنان و گەنجان پێویستە پشتیوانی لەم کەمپینە بکەن، تا ڕێبەر ئاپۆ ئازادی جەستەیی خۆی بەدەست دەهێنێت نابێت بوەستین. لەبەر ئەوەی پێشتریش چەندین جار وتوومانە کە ڕێبەر ئاپۆ شەخسیک نییە بەڵکو فکر و فەلسەفەیەکە و لە کوردستاندا بە سنورداری نەماوەتەوە و ئێستا "رێبەر ئاپۆ لەسەر ئاستی جیهانی پاڵپشتی دەکرێت. بۆ باشووری کوردستانیش هیوامان وایە کە لە بەرزترین ئاستدا خاوەنداری لێ بکیرێت".
زیندانی کردنی ڕێبەر ئۆجالان زیندانی کردنێکی ئاسایی نییە
د. حیکم عەبدولکەریم ڕایگەیاند کە کەمپینەکە لە زیاتر لە ٧٤ ناوەندی جیهان دەستیپێکردووە، کە ئەم کەمپینە تایبەت و جیاوازە کە هەموو گەلان و ئازادیخوازانی جیهان پشتیوانی ئەم هەڵمەتە دەکەن. د. حیکم عەبدولکەریم بە ئاماژەدان بەوەی کە دیلکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شتێکی ئاسایی نییە، بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: "بە دیلکردنی لە زیندان بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٥ ساڵ - کە ئێمە بە سیستەمی ئەشکەنجەدانی ئیمرالی ناونەتەوەیی پێناسەی دەکەین، پیلانگێری نێونەتەوەیی پیلانێک نییە دژی کەسێک یان پارتێکی سیاسی. ئەم پیلانگێرییە لە بەرامبەر سەرهەلدانی پرۆژەی چارەسەری و ئاشتییە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست.
'پێویستە تێزی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ گەلانی دەورووبەر روون بکرێتەوە'
د. عەبدولکەریم سەرنجی بۆ تێزەکانی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیک ڕاکێشا کە لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلانەوە پەرەی پێدراوە دژی سیستمی نەتەوە دەوڵەت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە قووڵەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وتیشی: کاتێک کە مرۆڤ سەیری بەرگی سێییەمی پارێزنامەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان بە ناوی 'سوسیالیزمی ئازادی' دەکات، لەوێدا باسی ئایدۆلۆژیای جولەکە و مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەکات. هەروەها نیشان دەدات کە چۆن دەتوانرێت ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین کە ئەمڕۆ قووڵتر دەبێتەوە چارەسەر بکرێت".
'پێویستە لە جاران زیاتر کار بکەین'
عەبدولکەریم وێڕای دەربڕینی ئەوەی کە ڕێبەری گەلی کورد نەک تەنیا خەمی گەلی کورد بەڵکو خەمی هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، وتی، "لەبەر ئەم هۆکارە پشتیوانیکردن لە بەرێز ئۆجالان بە واتای پشتگیریکردنی فکر و خەونی نوێ دێت. چونکە لەو بڕوایەدایە کە خۆێن بە خوێن پاک نابێتەوە. ئەوەی کە گرینگە ئێمە وەک کەسانی ڕۆشنبیر، ئەکادیمیسیان و سیاسەتمەدار بۆئەوەی کە زیاتر تێزی بەڕێز ئۆجالان بە گەلانی تر بناسێنین دەبیت لە جاران زیاتر کار بکەین. چارەسەری بە دامەزراندنی سیستەمی کۆنفدرالیزمی دیمۆکراتیک پێک دێت.
باشوور دەبێت بە ناوەند و پێشەنگی ئەم هەنگاوە
تارا حسێن هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی سەرنجی خستە سەر پشتگیریەکانی جیهان بۆ هەنگاوی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدۆلا ئۆجالان و وتی، ''چەند رۆژ پێش ئێستا بە ئامادە بوونی زۆر کەسایەتی دیاری سیاسی، رۆشنبیر، ئەکادیمیسیان، راگەیاندنی پشتگیری ئەم کەمپینە جیهانییە کرا. بەڵام ئەوەی کە گرینگە ئەوەیە کە باشووری کوردستان ببێت بە ناوەندی هەنگاوەکە و کەمپینەکە، دەبێت کەمپینەکە وەک پشتگیرییەک بۆ دەرەوە نەبیندرێت. بەلکو دەبیت ئێرە ببێت بە ناوەندی بەرزڕاگرتنی هەنگاوەکە و دەبێت بە شێوازێکی گشتی، بەتایبەتی ژن و کەسانی باشووری کوردستان خاوەنداری لەم کەمپینە بکەن بۆ ئەوەی بتوانن ڕێبەری گەلی کورد و گەلی بن دەست، ڕێبەر ئۆجەلان بە شێوەیەکی فیزیکی لە زیندان ئازاد بکەن و بتوانن کێشەی کورد چارەسەر بکەن. لەبەر ئەوەی کلیلی چارەسەری کێشەی کورد لە دەستی ڕێبەری گەلی کورد دایە.''
خاوەنداری لە ڕێبەر ئۆجالان خاوەندارییە لە دۆزی کورد
تارا حسێن ئاماژەی کرد بە سیستەمی ئەشکەنجەدانی ئیمرالی و دەستگیرکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و وتی: ئەوەی ڕێبەری گەلی کوردی خستۆتە زیندانەوە دەوڵەتی تورک نییە بەڵکو سیستەمی جیهانی، پیلانگێڕی جیهانی و سیستەمی داگیرکاری جیهانییە کە ڕێبەر ئۆجالانی خستۆتە زیندانەوە، ئەم سیستەمە هەمیشە دۆزی کوردی بە بێ چارەسەر و بێ پێگە کردووە. بۆیە خاوەنداری کردن لە ڕێبەر ئۆجالان، خاوەندارییە لە دۆزی کورد، خاوەندارییە لە ژینگەپارێزی، مرۆڤ دۆستی، یەکسانی رەگەزی، ئازادی ژنان و هتد...
تارا حسێن بەم شێوەیە کۆتایی بە لێدوانەکەی هێنا و وتی: بانگەوازی ئێمە بە تایبەتی بۆ ڕۆشنبیرانی باشووری کوردستان ئەوەیە کە بە هەزاران کتێب بنووسن، هەزاران پانێڵ ڕێکبخەین، بەڵام ئەگەر لایەنی ئەخلاقی و ویژدانی لە بەرامبەر دۆزیک وەک دۆزی کورد و ڕێبەرایەتی نەبیت و خاوەنداری نەکەن و بێدەنگ بن، ئەو کاتە دەبێت گۆمان بکەن لە رۆشنبیر بوونتان. ئەو کات بێ ئەوەی هەستی پێبکەن دەکەونە خزمەتی دەسەڵاتدار. پێویستە پێش هەموو شتێک خزمەتی گەلەکەمان، دۆزی رەوای گەلەکەمان و پیکەوە ژیانی گەلەکەمان بکەین.
لە کۆتاییدا شاڵاو مەحموود ئەندامی کۆمیتەی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە عێراق و باشووری کوردستان ڕایگەیاند کە کار و چالاکییەکانیان لە ساڵانی ڕابردوودا بە ئامانجی ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بووە، هەروەها هەوڵی گەیاندنی فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بە گەلانی ناوچەکە بووە. مەحموود وتیشی، "لە بنەڕەتدا ئەوەی پێویستە لە باشووری کوردستان بکرێت، پێویستە خەڵک زیاتر ئاشنای فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بێت، جگە لەوەش پێویستی بە شکاندنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ. هەروەها هەموو هەولی خۆتان بدەن بۆ ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ بە زووترین کات ئازاد بکریت. بۆچی؟ چونکە ئازادی ڕێبەر ئۆجالان، واتە کردنەوەی دەرگای چارەسەری کێشەی کورد. ئەمەش هەم ئاشتی و هەم پێکەوەژیان بەدوای خۆیدا دێنێت".