سیاسەتی تواندنەوەی کولتوری دەوڵەتی تورک لە سەر زمان و کولتوری کوردی تادێت دژوارتر دەبێت. لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بە پێی ئەو بڕیارنامانەی هاوتای یاسا کاریان پێدەکرێت، زۆریەک لە دامودەزگاکانی بواری زمانی کوردی داخران. لەسەرجەم کایە و بوارەکانی ژیاندا، تا دەگاتە پەرلەمان، لە کەناڵە تەلڤزیۆنیەکانەوە تا دەکاتە دامودەزگا فەرمییەکان گوشارێکی زۆر دەخرێتە سەر زمانی کوردی.
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کولتور و زمانی مێزۆپۆتامیا (مەد-دەر) دیلان گوڤەنچ لەبارەی سیاسەتی تواندنەوەی دەوڵەت لەسەر زمان و کولتوری کوردی قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و وتی، "لەم سەردەمەدا ژمارەی ئەو مرۆڤانەی بە زمانی دایکی خۆیان دەخوێنن کەم دەبێتەوە. لێرەدا دەبینین کە سیاسەتی تواندنەوەی کولتوری دەوڵەت بەردەوامە. لە گفتوگۆکانی ناو خێزان، کۆمەڵگادا دەبینین کە قسەکردن بە زمانی دایکی چەندە کەمبووەتەوە. لە ساڵانی رابردوودا دەوڵەتی سیاسەتی فاشیستی دژوارتر و چڕتر کردووەتەوە. بە تایبەتی دوای ئەوەی قەیوم لەسەر شارەوانیەکان دانرا، پەیوەست بە کولتور و زمانی کوردی بۆشاییەک هاتە ئاراوە. لەبەر ئەوەی شارەوانیەکان کاریان بە فرەزمانی و فرە کولتوری دەکرد. بۆ خاوەنداری و پارێزگاری لەو کولتور و زمانە لە رووی کولتورییەوە کاریان کرد. لە ساڵانی رابردوودا بە هۆی سیاسەتی تواندنەوەی کولتوریەوە لەسەر زمانی کوردی، خواست و پێشوازی لە زمانی کورد کەمبووەتەوە".
دەوڵەت زمان و کولتوری کوردی بە هەڕەشە لەسەر خۆی دادەنێت
گوڤەنچ بە ئاماژەدان بەوەی کە لە دوای لۆزانەوە، دەوڵەتی تورک لە سەر بنەمای یەک نەتەوە و یەک زمان دامەزراوە وتی، " ئەو سیستمە کاری لەسەر لەناوبردنی ناسنامە و زمانی کوردی کردووە و دەیەوێت لە سەد ساڵی دووەمی کۆماریشدا درێژە بە هەمان سیستم بدات. دەوڵەت کۆمەڵگایەکی فرەزمان و فرەکولتوری ناوێت ئەوە بە مەترسی لەسەر خۆی دادەنێت. کوشتن و لەناوبردنی زمان، کوشتنی کۆمەڵگایە، ئامانجی دەوڵەت بریتییە لەوە کە کۆمەڵگای کورد بێ ناسنامە بکەن و لەناوی ببەن. لە وەها دۆخێکدا دەبێت ئێمە بە زمانی خۆمان بخوێنین، بە زمانی خۆمان قسە بکەین و فێری زمانەکەمان ببین و لەپێناو بە فەرمی کردنی زمانی کوردی داواکارییەکانمان زیاتر بکەن".
'دەمانەوێت بە شێوەیەکی ئازادانە بە زمانی خۆمان بدوێین'
گوڤەنچ لە کۆتایی قسەکانیدا وتی. لە رێگەی قەیومەوە دامودەزگاکانی زمانی کوردی دەستیان بەسەردا گیرا، ئەو دامودەزگایانە فرەکولتوری و فرەزمانیان بە بنەما دەگرت. گەل بۆ فێربوونی کولتور و زمانی خۆی سوودی لەو دامودەزگایانە وەردەگرت. بە داخەوە لە ١٠ ساڵی رابردوودا بە هۆی سیاسەتی قەیومەکانەوە ئەو رێکخراو و دامودەزگایانە داخراون. کارکردن لەسەر زمان و کولتوری کوردی قەدەغەکراوە. بە برسیکردن، دەستبەسەرکردن و زیندانیکردن هەڕەشە لەو هەڤاڵانەمان دەکرێت کە لە بواری زمان و کولتوری کوردیدا کار دەکەن. لە ئامەد کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢ ملیۆن کەسە ئاخۆ ئەو دوو ملیۆن کەسە تەنیا لە رێکخراو و دەزگایەک دەتوانن فێری زمانی کوردی ببن؟ ئەوە کێشەیەکی گشتییە. داوای خوێندن بە زمانی زگماکی داوایەکی سروشتیە. دەبێت دەوڵەت رێگە لەبەردەم رێکخراوەکان بکاتەوە. ئەگەر لەم وڵاتەدا ئێمە هەموومان یەکسانین، کەواتە کوا مافەکانی ئێمە؟ زمانی ئێمە مافی ئێمەیە و دەمانەوێت بە ئازادانە بە زمانی خۆمان بدوێین. لەوپێناوەشدا دامودەزگاکانمان کارد دەکەن و ئێمە داکۆکی لە سیستمێکی فرە زمانی و فرە کولتوری دەکەین. تا ئەو کاتەی زمان و کولتوری کوردی دەبنە خاوەنی قەوارە و ستاتۆیەک، تائەو کاتەی بە یاسا و دەستوور پارێزگارییان لێبکرێت، ئێمە درێژە بە تێکۆشان دەدەین".
هـ . ب