تاژێ: تا زانیاری لەبارەی رێبەرمان وەرنەگرین، ناسرەوین

بزوتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) داوای لەگەلی کورد کرد تا وەرگرتنی زانیاری لەبارەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نەسرەون.

بومەلەرزەکەی دەریای مەڕمەڕە نیگەرانیەکان لە سەر دۆخی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی زیاتر کردووە، کە نزیکەی سێ ساڵە هیچ هەواڵێکی نازانرێت. بزوتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) لە ناحیەی سنونێی شەنگال کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی سازکرد و راگەیەندراوێکی لە سەر ئەو بابەتە خوێندەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا کە لەلایەن شەمێ رەمۆوە خوێندراویەوە، هاتووە: "دەوترێت بومەلەرزە لەو شوێنە روویداوە کە رێبەرایەتی تیایدا زیندانیە، ئەوەس نیگەرانیەکانی ئێمەی لەبارەی دۆخی رێبەر ئاپۆ زیاتر کردووە. لەسەر ناوی ژنای ئێزدی داوا لە سی پی تی دەکەین کە بە زووترین کات دیدار لەگەڵ رێبەرایەتی ساز بکەن و گەل لە دۆخەکەی ئاگادار بکەنەوە".

ئاماژە بەوەشکراوە، "ئێستا دۆخی رێبەرایەتی لە مەترسیدایە، ئەو دۆخە مایەی قەبوڵکردن نییە. لەبەر ئەوە ئێمە داوا لەسەرجەم گەلەکەمان لە چوار پارچەی کوردستان دەکەین، تا زانیاری لەسەر رێبەر ئاپۆ وەرنەگیرێت، نەسرەون و بەردەوام بن لە چالاکی".

کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکە بە دروشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێت" کۆتاییهات.

هـ . ب