تەرمی ئەحمەد گون بەخاکسپێردرا

ئەندامی مەجلیسی شارەوانی سێگرکی دەم پارتی و یەک لە بەڕێوەبەرانی پارتەکە، ئەحمەد گون لە هێرشێکی چەکداریدا گیانی لەدەستدا و لە سێگرک بەخاکسپێردرا.

ئەندامی مەجلیسی شارەوانی سێگرکی دەم پارتی و یەک لە بەڕێوەبەرانی پارتەکە، ئەحمەد گون، لە گوندی تالۆکەی ناوچەی قلەبانی شەرناخ لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری گیانی لەدەستدا، ئەمشەو بەخاک سپێردرا. گون سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئەوکاتەی لەگەڵ کوڕەکەی خەریکی کۆکردنەوەی دار بوو، ڕووبەڕووی هێرشی چەکداری بوویەوە و لەوێ گیانی لەدەستدا.  تەرمی گون برایە نەخۆشخانەی حکومی شەرناخ، پاش توێکاری، بنەماڵەکەی تەرمەکەیان وەرگرت و بەمەبەستی بەخاکسپاردن بردیان بۆ شارۆچکەی سێگرک.

تەرمەکە بە کاروانێکی قەرەباڵەغ هێنرایە گۆڕستانی گوندەکە پاش نوێژی تەرم و دوعا، بەخاک سپێردرا.

هاوسەرۆکی دەبەپەی قلەبان عەبدوڵا یەمان، ئاماژەی بەوە کرد ئەحمەد بۆ گەل و دۆست و هەڤاڵەکانی قەڵایەک بوو، خاکەڕا و وڵاتپارێز بوو، دڵسۆزی زمان و چاند و جوگرافیا و نەتەوەکەی بوو.

"دەوڵەت بکوژی ئەوە"

یەمان گوتی: " هەڤاڵمان ئەحمەد ئەمڕۆ بە ناڕەوا لە لایەن ستەمکارانەوە شەهید کرا. هەڤاڵ ئەحمەد بە دەستی خودی دەوڵەت کوژرا نەک لەلایەن کەسێکەوە. ڕۆڵەکانی گەلی کورد ٤٠ ساڵە هەموو ڕۆژێک بە دەستی هێزە تاریکەکان شەهید دەکرێن. زیهنیەتی دەوڵەت هۆکاری شەهیدبوونی هەڤاڵمان ئەحمەد و زۆر کەسی وەک ئەوە. حەزرەتی عەلی دەڵێت لە دنیادا دوو جۆر زوڵم هەیە. یەکەمیان زوڵم دەکات و دووەمیان تەماشای زوڵم دەکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارە نابێت کەس تەماشای زوڵمی سەر هەڤاڵ ئەحمەد بکات و قبوڵی بکات. ئەگەر ئەم زوڵمە قبوڵ بکەین، دەبینە بەشێک لەم زوڵمە. سەرەخۆشی لە هەموو گەلی کورد دەکەم".

پاش بەخاکسپاردن گەل بۆ سەرەخۆشی سەردانی بنەماڵەی گونیان کرد.