تەڤگەری ئازادی: دەستی ڕەشی خائینان دەشکێنرێت

تەڤگەری ئازادی دەربارەی هێرشەکەی دوێنێی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ڕانیە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، دووپاتی دەکاتەوە هێرشەکە دەستی سیخوڕ و خائینانی لەپشتە.

دوێنێ لە گوندی بۆسکێنی سەر بە شارۆچکەی ڕانیە لە باشوری کوردستان، دەوڵەتی تورک هێرشێکی ئەنجامدا، بەهۆیەوە چەند هاوڵاتییەک برینداربوون و زیانی مادی بە چەند ماڵ و دوکانێک کەوت، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی لەبارەیەوە بڵاوکردەوە.  

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: " جارێکی تر دەوڵەتی فاشستی تورکیا، ڕووی ڕەش و تیرۆریستی خۆی نیشاندا و پێشنیوەۆڕی ڕۆژی دووشەممە ھێرشی تیرۆریستیی بەدرۆن کردەسەر خەڵکی نیشتیمانپەروەر و بێچەک، لە گوندی بۆسکێنی سەر بەقەزای ڕانیە لە دەڤەری ڕاپەڕین  کە بەداخەوە بووە ھۆی بریندار بوونی  دوو مرۆڤی کورد".

هەروەها دەڵێت: "ئەو ھێرشە تیرۆریستییانەی  تورکیا، دەستی ئەو سیخوڕ و خائینانەی لە پشتە کە زۆریان نەماوە بکەونە بەر سزای دادگای گەل و بۆ ھەتا ھەتایە شەرمەزار بن".

ڕاگەیاندراوەکە دووپاتی دەکاتەوە، ڕانیە و دەڤەری ڕاپەڕین تەلیسمی فاشیزمی بەعسیان شکاند، دەڵێت: "گومانی تیادانییە ھەر لێرەوە دەستی ڕەشی خائینان دەشکێنرێت، ھاوڵاتییانی دەڤەری ڕاپەریین ھۆشیاری و وڵاتپارێزییان لە ئاستێکدایە  ھەرگیز بەو کارە تیرۆریستییانەی  تورکیای فاشست و سیخوڕە ترسنۆکەکانی  دەست بەرداری ھەڵوێستە نەتەوەیی و وڵاتپارێزییەکانیان نابن".

لەکۆتاییشدا تەڤگەری ئازادیی ھیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواستووە.