تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان لە بارەی مەترسییەكان و هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆ سەر هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو كردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە مێژووی گەلانی عێراقدا نەبووە داگیركاریی قبوڵ بكرێت، لە ڕۆژانی ٢٢ و ٢٣ حوزەیران سەدان تانك و زرێپۆش و هەزاران سەربازی سوپای تورك بە بیانوی هەبوونی پەكەكە هاتوونەتەوە ناو خاكی هەرێمی كورستان و عێراقەوە، ئەمەش پێشهاتێكی مەترسییدارە و لە ناوەڕۆكدا پیلانێكە بۆ داگیركاریی و دەستبەسەرداگرتنی خاكی باشووری كوردستان بەشێوەیەكی هەمیشەیی.
ئاماژە بەوەشكراوە، هێزە سیاسییە نیشتمانییەكان و گەلانی عێراق، دەبێت ئەو بێ هەڵوێستییەی حكومەتی فیدراڵ و هاوكارییەكانی پەدەكە و بنەماڵەی بارزانیی بۆ سوپای داگیركەری تورك ڕەتبكەنەوە و شەرمەزاری بكەن، ئەوەی توركیا دەیكات، پێشێلكارییەكی تەواوی یاسا نێودەوڵەتییەكان و پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عێراقە و ژیان و ئاسایشی هاووڵاتییانی بەتەواوی خستووەتە ژێر هەڕەشە و مەترسییەوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، دەبێت پەرلەمانتارانی عێراق خاوەنداریی لەو سوێند خواردن و بەڵێنە بكەن، كە داویانە بە گەلی عێراق، چۆن و بە چ شێوەیەك بەرگریی لە خاك و سەروەریی وڵاتەكەیان و هاووڵاتییانیان دەكەن؟ سەرۆكایەتیی كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیكەی حكومەتی عێراق، لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی گەورەدان بۆ وەڵامی ئەو دەستدرێژییە ئاشكرایەی دەوڵەتی تورك، چونکە ئەو داگیركارییەی سوپای تورك هیچ پاساوێك هەڵناگرێت.
باس لەوەشکراوە، ئەوەی بەرەو ڕووی ئەو داگیركارییە وەستاوەتەوە و بەرگریی دەكات، هێزی پاراستنی گەلانە، هەر ئەو گەریلایانە بوون فریاى شنگال و ئێزدییەكان كەوتن و لە كۆمەڵكوژیی و لەناوبردنی یەكجاریی ڕزگاریانكردن.
جەختیشکراوەتەوە، نابێت حكومەت و گەلانی عێراق، ئەو ڕۆژانەیان لە بیر بچێتەوە، كە حكومەتەكەی ئەردۆغان و چەتەكان و هێزە وابەستەكانی بۆ پارچەكردنی خاك و گەلانی عێراق هاوكار و پشتیوانیی داعشیان دەكرد، بە سەدان هەزار هاووڵاتیی لە هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانی گەلانی عێراقی كردنە قوربانی.
هەروەها راگەیەندراوە، لە جیاتی ئەوەی حكومەتی عێراق لە ڕێگەی ڕێوشوێنە یاساییە نێودەوڵەتییەكان، داوای یاسایی لەسەر دەوڵەتی تورك و هاوكارەكانی و داعش تۆمار بكات، بە پێچەوانەوە بەو بێدەنگیی و بێ هەڵوێستییەی دەبێتە بەشێك لەو وێرانیی و داگیركارییە لەسەر خاكی خۆی ئەنجام دەدرێت.
ئەوەش هاتووە، ئێمە وەك ئەركێكی نیشتمانیی و ئەخلاقیی، وێڕای شەرمەزاركردنی بێ هەڵوێستیی حكومەتی عێراق و هاوكارییەكانی پەدەكە بۆ سوپای توركیا، بە ئەركی ئەخلاقیی و مێژوویی خۆمانی دەزانیین، لە هەموو ئاستێكدا كار بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو داگیركارییە بكەین.
لە کۆتایدا ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە،" لەسەر ئەو بنەمایە، بانگەواز لە تەواوی ئەو لایەنانە دەكەین كە ناخوازن لەژێر سێبەر و ڕەحمەتی سوپای داگیركەراندا بژین، دەبێت خاوەنداریی لە سەروەریی و شكۆی گەل بكەین و بە یەك ڕیز لەگەڵ گەلەكەمان بوەستین و داگیركاریی و خیانەت تێك بشكێنیین، گەلی ئێمە بە كورد و عەرەب و تەواوی پێكهاتەكانیەوە، لەبەرامبەر داگیركاریی و پێشێلكردنی سەروەرییە نیشتمانییەكەیانەوە دەوەستینەوە".
هـ . ب