تورهالی: هوداپار گروپێکە کە لەلایەن دەوڵەتەوە مرۆڤەکان دەکوژێت

سەرۆکی گشتی کۆمەڵەی ئیسلامی کوردستان حافز ئەحمەد تورهالی ئەوەی خستەڕوو کە "هودا پار لە کوردستان لەپێناو ئامانجەکانی دەوڵت تورک کاردەکەن و ئایینیان خستووەتە خزمەتی مەبەستە گڵاوەکانیان".

سەرۆکی گشتیی کۆمەڵەی ئیسلامی کوردستان (جیک) حافز ئەحمەد تورهالی ئاماژەی بەوەکرد کە هوداپار درێژکراوەی پرۆژەیەکە کە بە ناوی ئایینەوە لە کوردستان مرۆڤەکان لە خشتە دەبەن و بۆ ئەو مەبەستە بەکاردەهێندرێت.

تورهالی سەبارەت بە کردەوەکانی هوداپار و نەریتی حزبوڵا لە کوردستان قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

تورهالی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لە رووی مێژووییەوە دوو ئەقڵیەتی ئایینی بەردەوام بەرامبەر بە یەکتر وەستاونەتەوە؛ ئەقڵیەتێکی ئایینی کە لەسەر دەستی دەسەڵاتداران دامەزراوە و ئەقڵیەتێکی ئایینی راستەقینە.

سەرۆکی گشتی جیک راشیگەیاند، کاتێک بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد دەستیپێکردووە، لەبەر ئەوەی بەنوێنەرایەتی کوردان داوای ماف و ئازادی کردووە، کراوەتە ئامانج و وەک تیرۆریست نیشاندراوە. کوردەکان بڕوایان بەو پڕۆپاگەندەیەی دەوڵەت نەبووە. خاوەندارییان لە بزوتنەوەی نەتەوەیی خۆیان کردووە. دوای سەرنەکەوتنی ئەو هەوڵەی دەوڵەت بۆ بە تیرۆریست ناساندنی بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد ئەم جارەیان پێویستی بە هەنگاوێکی دیکە بینی، ئەویش بەکارهێنانی ئایین بوو. لە کاتێکدا کە کاریگەری شۆڕشی ئێران هەبوو، رووداوی دروستبوونی حزبوڵا بەو جۆرە لە کوردستان هاتە ئاراوە.

رێکخراوێکی کرێگرتە لەلایەن دەوڵەتەوە سەرلەنوێ ئەرکدار کرا

تورهالی رایگەیاند، کە "حزبوڵا لە کوردستان وەک 'سەربازەکانی خودا' خۆیان نیشان، سەربازەکانی خودا دەبێت دژی ئەوانە شەڕ بکەن لە مافی ستەملێکراوان و چەوساوەکان پێشێل دەکەن، دەبێت دژی ستەمکاران بن، بەڵام ئەمان چوونە پاڵ کێوە؟ ئەوان بوون بە بەشێک لە سیاسەتی نکۆڵی و تیرۆر. بەڵام بۆ ئەوەی ئەوان بە کۆمەڵگا بناسێنن و بەسەریاندا بسەپێنن، پێویست بە دوو شت هەبوو، یەکەمیان ئایین و دووەمیان بەکارهێنانی ناوی کورد. لە ساڵانی ٩٠ەکان تەنیا بە ناوی ئایین لە کوردستان سیاسەتیان دەکرد. هەموو کارەکەشیان بریتی بوو لەوەی بزوتنەوەی نەتەوەیی کوردان بەو جۆرە نیشان بدەن کە لە دەرەوەی ئایینە، تاکە ئامانجیان ئەوەبوو، بەڵام نەیانتوانی کۆمەڵگا لەو بارەوە لە خشتە ببەن. لە کۆمەڵگادا هیچ پێگە و جێپێیەکیان پێنەدرا، لەبەر ئەوەی کۆمەڵکوژیان کرد و خەڵکی مەدەنیان کوشت و کاتێکیش دەگیران زوو ئازاد دەکران، خەڵکیش ئەمەیان بینی، کە ئەوانە لەناو دەوڵەتدان، بۆیە لەناو کۆمەڵگادا هیچ پێگەیەکیان نەبوو. بەڵام لە ناو دەوڵەتدا کاری درێژخایەنیان کرد. لەپێناو دەوڵەتدا بەهەزاران کەسیان کوشت. کاتێکیش دەگیران، دەیانگوت کارمان بۆ ئێوە کردووە و دەوڵەتیش ئەوانی بەردەدا. بەڵام پێکەوە کارکردنیان هەر ئەوە نەبوو، لەگەڵ زیاتر بەرەوپێشچوونی بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد، دەوڵەت جارێکی دیکە کەوتە خۆ و پەنای بۆ ئەو کەسانە بردەوە کە خزمەتیان کردبوو، ئەمجارەیان ویستی ناسنامەیەکی سیاسیان پێبدات و سەرجەم بکوژ و تاوانبارەکانی لە زیندان ئازاد کرد و رۆڵی پێدان.

دەتوانین بڵێین ئەو بەکرێگیراوانەی کە پێشتر بۆ رێگرتن لە کوردان بەکاری دەهێنان، ئەم جارەیان هەوڵ دەدات لە کایەی سیاسیدا بەکاریان بهێنێت".

گروپ و تاقمێکە کە بە نوێنەرایەتی دەوڵەت خەڵک دەکوژێت

تورهالی پرسیارێکی بەم جۆرەی کرد، "بەگوێرەی ئیسلام کێ بکوژە؟ و وتی، "ئەوانەی مرۆڤی بێتاوان دەکوژن چ پەیوەندییەکیان بە ئیسلامەوە هەیە؟ لە ئایەتەکەدا بەم جۆرە هاتووە: کێ بە ناحەق مرۆڤێک بکوژێت، ئەو هەموو مرۆڤایەتی کوشتووە. لە ئایەتێکی دیکەدا هاتووە، ' ئەگەر ئێوە مرۆڤێک بە ناحەق بکوژن، خودا نەفرەتتان لێدەکات و تا کۆتایی لە جەهەننەمدا دەمێننەوە'. ئایا گروپ و تاقمێک لە بەناوی دەوڵەتەوە خەڵکی کوشتووە، چۆن دەتوانێت بە ناوی ئایینەوە سیاسەت بکات؟ لەلایەکەوە بکوژ و چەپەڵە، لەلایەکیشەوە هەوڵ دەدەن خەڵک بخەڵەتێنن و سیاسەتی 'ئێمە دەتانبەین بۆ بەهەشت' دەکەن. دەبێت درک بەمە بکرێت و قسەی لەسەر بکرێت".

هـ . ب