ڤیدیۆیی بۆمبە گازییە قەدەغەکراوەکانی دەوڵەتی تورک بڵاوکرایەوە
ئەو بۆمبە گازییە قەدەغەکراوانە، کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە شەڕی دژ بە گەریلاکاندا بەکاریان دەهێنێت، بە بەڵگە و دیکۆمێنت کرا.
ئەو بۆمبە گازییە قەدەغەکراوانە، کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە شەڕی دژ بە گەریلاکاندا بەکاریان دەهێنێت، بە بەڵگە و دیکۆمێنت کرا.
لە ناوچەی وەرخەل لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، ڤیدیۆی بۆمبە گازییەکانی سوپای تورک تۆمار کران، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ نەهێشتنی هەناسە لە گەریلاکان بەکاری دەهێنێت.
یەکێک لە بۆمبە گازە دیکۆمێنتکراوەکان ئەو جۆرە بۆمبەیە، کە پێی دەوترێت "بۆمبای دەستیی گازی" و کاتی دروستکردنیشی بەرواری "٠٦.٢٠٢٤" لەسەر نووسراوە.
دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە کاتی هێرشە داگیرکارییە نوێیەکاندا، کە لە ١٤ی نیسانی ٢٠٢٢ دەستیپێکرد، گازی کیمیایی و چەندین جۆری چەکی قەدەغەکراوی بەکارهێنا.
هەپەگە لە ١٥ی کانوونی یەکەمدا ئاماری ٨ مانگ جەنگی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک ٣ هەزار و ١٥٢ جار بۆمبی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە.
بەپێی ئاماری شەڕ لە نێوان ١٤ی نیسان بۆ ١٤ی کانوونی یەکەم، ئەم زانیاریانەی خوارەوە سەبارەت بە جۆری چەکە قەدەغەکراوەکان و چەک و گازی کیمیایی بڵاوکراوەتەوە: بۆمبی فسفۆر، بۆمبی گەرمی (تێرمۆباریک)، بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی و چەکی کیمیایی جۆراوجۆر بەکارهێنراون.
بەکارهێنانی بۆمبی گازی لە شەڕدا قەدەغەیە
یەکێک لەو چەکە قەدەغەکراوانە، کە دەوڵەتی تورک هەمیشە بەکاری دەهێنێت بۆمبای گازییە.
بەکارهێنانی ئەو گازانە لە جەنگدا قەدەغەیە. رێککەوتننامەی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لە ١٣ی کانوونی دووەمی ١٩٩٣دا واژۆ کراوە و لە ساڵی ١٩٩٧دا تورکیا ئیمزای کردووە و بەوەش تورکیا یەکێکە لەو ١٩٣ وڵاتە، کە ئەم ڕێککەوتننامەیەی ئیمزاکردووە.
لە ماددەی (٥)ی ئەو ڕێککەوتننامەیەدا هاتووە: "هەر دەوڵەتێک، کە ئەم رێککەوتننامەیە واژۆ دەکات، بەڵێن و پەیمانی ئەوە دەدات، کە کە ئەو گازانە وەک ئامرازی جەنگ بەکارنەهێنێت".
لەماددەی (٧)یشدا هاتووە ئەم گازە "لەسەر مرۆڤەکان دەبێتە هۆی شەلەلی جەستەیی و کەمئەندامبوون و تێکدانی لایەنی سۆز و هەستیاریی مرۆڤ".
بە پێی ئەوەی، کە رێکخراوی (ئۆپی سی دەبیلو) بێدەنگە ئەوەی بەکار دەهێنرێت گازی کیمیاییە
لە ماڵپەڕی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (ئۆ پی سی دەبیلو / OPCW) دا هاتووە" ئەگەر سیخوڕەکانی کۆنتڕۆڵی یاخیبوونەکان، ماددەکانی وەک گازی فرمێسکڕێژ وەک شێوازی جەنگ بەکاربهێنن، ئەوە وەک بەکارهێنانی چەکی کیمیایی ئەژمار دەکرێت"، بەڵام سەرباری ئەوەش رێکخراوی ئۆ پی سی دەبیلو تا ئێستا لە هێرشە کیمیاییەکانی دەوڵەتی تورک بێدەنگە و باسیان ناکات و پشتگوێیان دەخات. ئەو شێوە توندە بۆ شاردنەوەی هێرشە کیمیاییەکانی دەوڵەتی تورک و باسنەکردنی ئەو هێرشانە نیشانەی ئەوەیە، کە دەوڵەتی تورک چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت، بەڵام نایانەوێت بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی ئەندامێکی ناتۆ سزا بدرێت.
ژ.ت