وەدات ئایدن کە لەلایەن دەوڵەتەوە کوژرا، بەبیر هێنرایەوە

ئەندامانی ئیهەدە و کەسوکاری بێسەروشوێن کراوەکان بۆ بەبیر هێنانەوەی سیاسەتمەداری کورد وەدات ئایدن کە ٣٣ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کوژرا، کۆبونەوە.

بنەماڵەی بێسەروشوێنکراوان و کۆمەڵەی مافی مرۆڤی (İHD)ی ئامەد لە ٨٠٤ـەمین هەفتەی چالاکییەکەیاندا لە ژێر ناوی، "با بێسەروشوێنکراوان بدۆزرێنەوە، دۆسیەکان دادگایی بکرێن" کە لە ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩، دەستیان پێکردووە، لە ناوچەی ڕێزانی ئامەد کۆبونەوە.

لە بۆنەی ئەم هەفتەیەدا داوای ڕوونکردنەوەیان لە فایلەکانی سەرۆکی پارتی ڕەنجی گەل- ئامەد، وەدات ئایدن کرد، کە لە 5ی تەممووزی 1991 لە ماڵەکەی خۆی دەستگیرکرا و تەرمەکەی لە سنووری ناوچەی مادەنی سەر بە خارپێت دۆزرایەوە.

ئۆرهان، هاوسەرۆکی شارەوانی سووری دەم پارتی، بنەماڵەی وەدات ئایدن و زۆر کەس بەشدارییان لە چالاکییەکەی ئەم هەفتەدا کرد. لە کۆبوونەوەکەدا چیرۆکی کوشتنی وەدات ئایدن باس کرا. ئاماژە بەوەکرا هەرچەندە ٣٣ ساڵ تێپەڕیوە، بەڵام عەقڵیەتی دەوڵەت هێشتا نەگۆڕاوە، ئەمڕۆ سیاسەتمەدارانی کورد، پارێزەرانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسانی کورد سزا دەدرێن.

دواتر شوکران ئایدن، هاوژینی وەدات ئایدن، قسەی کرد و لە کەسایەتی وەدات ئایدندا سەرجەم ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، یاد کردەوە. شوکران ئایدن بەسەرهاتی وەدات ئایدنی گێڕایەوە و وتی: "من بە شەخسیی خۆم لە گەڵ وەدات چووین بۆ پۆلیسی ئامەد. وتیان تەنها هەندێ پرسیاری لێدەکەین. دەرکەوت دەوڵەت بڕیاری کوشتنی وەداتی دابوو. سەرۆکی حکومەت، سەرۆک کۆمار، فەرماندەی گشتی هەموویان ئاگاداری هەموو شتێک بوون. ئێمە دەزانین بکوژەکان کێن. تا کۆتایی ژیانمان بەردەوام داوای لێپرسینەوە دەکەین. با ئەو کەسانەی کە بوونەتە هۆی ئازارەکانی ئێمە ئەوانیش ئازار بچێژن. وەک هەمیشە وتوومە بڕیارەکە لە سەرەوە درابوو."

دوای وتارەکان، ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەری لقی ئامەدی (IHD) چیرۆکی کوشتنی ڤەدات ئایدنی خوێندەوە.

هەروەها لە ئێلح، لە هەفتەی ٦٤٠ی چالاکییەکە، کەسوکاری بیسەروشوینکراوان، پارێزەرانی مافی مرۆڤ، ئەندامانی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی (OHD)ی ئێلح، دەم پارتی، بەڕێوەبەرانی دەبەپە، بە پانکارتی، "با بێسەروشوێنکراوەکان بدۆزرێتەوە، فایلەکانیان دادگایی بکرێن" درێژەیان بە چالاکییەکەیان دا و ڕایانگەیاند بەردەوام دەبن لە داواکارییەکانیان تا ئەو کاتەی ئەنجام وەردەگرن و داوای دادپەروەرییان کرد.