وتەبێژی یەنەکە: ئەم تۆمەتە قێزەونانە دەگەڕێتەوە بۆ ترسی پەدەکە لە هەڵبژاردن

وتەبێژی یەنەکە، سەعدی ئەحمەد پیرە وەڵامی تۆمەتەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و عێراقی دایەوە و گوتی: "ئەمجۆرە تۆمەتە قێزەونانە بۆ دواخستنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانە، چونکە پارتى لە هەلبژاردن دەترسێت".

ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، سێ کەس بە تۆمەتی سوتاندنی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون و پەکەکەیان تۆمەتبارکرد، هەروەها باسیان لەوە کرد دوو کەسیان سەر بە هێزە ئەمنییەکانی هەرێمن و لەلایەن پەکەکەوە ڕاسپێردراون. لە بەرامبەردا کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە لە ڕاگەیاندراوێکی نووسراودا ئەم تۆمەتانەی بەدرۆخستەوە. هاوکات وتەبێژی یەنەکە، سەعدی ئەحمەد پیرە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی تۆمەتەکانی دایەوە و گوتی: " ئەمجۆرە تۆمەتە قێزەونانە بۆ دواخستنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانە، چونکە پارتى لە هەلبژاردن دەترسێت".

سەعدی پیرە ڕایگەیاند یەنەکە چەندین جار سووتاندنی دوکانەکانی شەرمەزار کردووە و داوای لە حکومەت کردووە لێپرسینەوە لە ڕووداوەکان بکات، دووپاتی کردەوە ئەمانە سیناریۆی پەدەکەن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن. پرسی ئاشکراکردنی بکەرانی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە کراوە بە بانگەشەی هەڵبژاردن، گوتی: "لەبەر ئەوەى ڕاوێژمان قبوڵ نەکرد بۆ دواخستنى هەڵبژاردن، بۆیە سیناریۆی قێزەون دادەڕێژن".

پیرە دووپاتی کردەوە، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ناوی هیچ هێزێکی نەهێناوە، بەڵام وتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم تۆمەت دەبەخشێتەوە، گوتی: " ئێستا خۆمان ئامادەدەكەین بۆ هەڵبژاردن نەك بۆ شەڕی ناوخۆ".

هەروەها هەروەها وتەبێژەکەی یەنەکە ئاماژەی بەوە کرد لە ئێستەدا زیاتر لە ٣٠٠ تیرۆرستی داعش هاتووونەتە بەرواری باڵا، لەدرێژەدا گوتی: " ئێستاش سلێمانی قوربانى ڕاپۆرتە درۆیینەکانى هەندێک لایەنە بۆ تورکیا".