ئافرێنەری داستانی بەرخودانی شاخی هەکاری: ئازێ ئەرداڵ

شەهید ئازێ ئەرداڵ لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک تا دوا هەناسەی تێکۆشا، بە هەڵوێستی ژنی ئازاد، بە هاوڕێیەتی لەناخەوە مێژوویەکی بەرخودانی ئەفسانەیی لە دوای خۆی جێهێشت.

رێبەر ئاپۆ دەڵێت، هەموو جوگرافیایەک خاوەن رۆح و ناسنامەیەکی تایبەت بە خۆیەتی. هەرێمی شڕنەخیش کاراکتەرێکی شۆڕشگێڕانەی هەیە. تائێستا بە هەزاران قارەمان لە شڕنەخەوە بەشدارییان لە ناو ریزەکانی تێکۆشانی ئازادی کوردستاندا کردووە. کوردستان سیدار (ئازێ ئەرداڵ)یش یەک لەو قارەمانانەبوو. لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزی بۆتانی و دڵسۆزی بەهاکانی ئازادی، لە ساڵی ١٩٩٤ لە دۆڵی قیامەتی ئەتروش لەدایکبوو.

بنەماڵەکەی بە هۆی گوشارەکانی دەوڵەتی تورکەوە ناچار بوون بەرەو باشووری کوردستان کۆچ بکەن. کوردستان سیداریش بەو هۆیەوە لە مەخمور گەورەبوو، بە کولتوری کوردایەتی و وڵاتپارێزی بەخێوکرا. هەربۆیە هەر لە تمەنی منداڵیەوە بزوتنەوەی ئازادی ناسی. بۆ دۆزینەوەی ناسنامەی خۆی روویکردە ئەندێشەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان. کوردستان سیدار کە ئاگاداری هێرشە قڕکارییەکانی دوژمن لە سەر گەلی کورد بوو، گەورەترین ئامانجی گەڕانەوە بۆ بۆتان و ژیان لەسەر ریشە و زێدی خۆی بوو. لەسەر ئەو بنەمایە لە تەمەنێکی گەنجیدا بەشداری لە کارەکانی پەکەکەدا کرد، لە ساڵی ٢٠١٢ شەهیدبوونی گەریلاکان کاریگەری لەسەر دانا و بۆ ئەوەی بتوانێت بەرپرسیارێتیەکانی سەر شانی بەجێبگەیەنێت هەر ئەو ساڵە رووی کردە چیا ئازادەکان. ئیتر بووە ئازێ ئەرداڵ کە لە دژی دوژمن، کە خاکەکەی داگیرکردووە، شەڕی دەکرد.

ئازێ ئەرداڵ لە ناو ریزی گەریلاکان لە هەرێمی گارە بەشداری پەروردەی سەرەتایی بوو. لە قۆناغی پەروەردەدا بە بڕوای خۆی، بناغەی پراتیکی سەرکەوتووی ئافراند. تا ساڵی ٢٠١٥ زیاتر لە هەرێمەکانی گارە و زاپ کاری کرد. لەناو کار و خەبات و لە هەموو گۆڕەپانێک کە تیایدا دەمایەوە، بە کەسایەتی جەوهەری خۆی و رەنجدەریەکەی بووە گەریلایەکی نمونەیی یەژاستار بۆ هاوڕێیانی. لە ساڵی ٢٠١٥دا بەشداری لە خولی پەروەردەی ئایدۆلۆژی و سەربازی لە ئەکادیمیای حەقی قەرار کرد و خولەکەی بە شێوەیەکی سەرکەوتوو تەواو کرد و رووی کردە هەرێمی هەفتانین.

پێشەنگایەتی بۆ هەڵمەتی جەنگی خابور کرد

گەریلا ئازێ ٥ ساڵ لە پڕئەزمونترین ساڵەکانی ژیانی شۆڕشگێڕی خۆی لە هەفتانین تێپەڕاند و هیچ ئاستەنگ و دژواریەکی نەناسی. لە دژی هێرشە داگیرکەریەکانی دوژمن کە ساڵی ٢٠٢٠ لە هەرێمی هەفتانین دەستیان پێکرا، لە ریزەکانی پێشی پێشەوە شەڕی کرد. لەگەڵ هاورێیانی ئەسمەر، زەلال، ئامارا و جودی پێشەنگایەتی بۆ هەڵمەتی جەنگی خابور کرد. تانک، تۆپ، سەرباز و فڕۆکەی دوژمن نەیانتوانی ئازێ و هاوڕێیان بوەستێنن. لەبەر ئەوەی رۆژێک بە وتنی ئەم قسانە نیشانیدا کە هەرگیز خۆبەدەستەوەدان قەبوڵ ناکات: "دوژمن پشت ئەستورە بە تەکنەلۆژیاکەی، بەڵام ئێمە پشتمان بە چیاکان قایمە. هەربۆیە ئەوان ناتوانن لەو چیایانە بمێننەوە. ئەوانە جیاکانی کوردستانن. ئەوەی دەبێت لێرە برۆن، ئێمە نین، بەڵکوو ئەو دوژمنەیە کە خاکەکەمانی داگیر کردووە". ئازێ ئەرکی خۆی لەوێ بە بێ کەموکورتی جێبەجێ کرد و بەهۆی ئەو گورزە قورسانەی لە دوژمنی وەشاند، سەربەرزبوو.

گەریلا ئازێ دوای پراتیکی پێنج ساڵەی درێژخایەن و دژوار لە ساڵی ٢٠٢١دا لە ئەکادیمیای حەقی قەرار بەشدار پەروەردەی کرد، دوای ئەوەی پەروەردەی تەواوکرد، لە دژی هێرشەکانی دوژمن رووی کردە هەرێم مەتینا، کە بەرخودانێکی ئەفسانەیی لەوێ بەڕێوەدەچوو. شایەتی بەرخودانی مێژویی لە شاخی زەندورا بوو، لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی هەکاری بەشداری چەندین ئەرکی سەرکەوتووانەبوو. لە هەموو ساتێکی قۆناغی شەڕی دژواردا رەنجی گەورەی کێشا، هەندێک جار بە پاچ و بێڵ بەشداری لە کارەکانی دروستکردنی تونێلەکانی شەڕ دەکرد، هەندێک جاریش بە چەک لە دژی دوژمنی داگیرکەر شەڕی دەکرد. هەوڵەکانی خستەگەڕ بۆ ئەوەی شایەنی بەرخودانی هاوڕێ شەهیدەکانی بێت. بە بەشداربوونی چالاکانەی خۆی بووە ورە و سەرچاوەی هێز بۆ هاوڕێکانی.

کوردستان بۆ داگیرکەران جێناهێڵدرێت

لە ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٢دا ئیتر قۆناغێکی نوێ دەستیپێکردبوو. لەو قۆناغەدا قورسترین بار کەوتە سەر شانی فەرماندە نوری، ئامارای خۆڕاگر، قارەمانی کۆبانێ سیابەند و ئازێ ئەرداڵ. زۆر جار بە برسێتی مانەوە، پێکەوە سەرمایان چەشت، پێکەوە شانیان دایە بەرباری قورس، لە گردەکانی شاخی هەکاری هەڵزنان، بەڵام هەرگیز نەوەستان، خۆیان بەدەست دژواری و تەنگوچەڵەمەکانەوە نەدا. ماردین و رۆزا، سەرحەد و رۆژهات، چەکدار و ئازێ بۆ ئەوەی تونێلەکانی شەڕ دروست بکەن رەنجی زۆریان کێشا. دژوارترین هەلومەرج و پڕلە دڵخۆشیترین ساتەکانیان پێکەوە بەڕێکرد. پارویەک نان، قومێک ئاویان لەگەڵ یەکدا دابەش دەکرد. تا کۆتایی بوونە هاوڕێی راستەقینەی یەکتر. تایبەتمەندی شۆڕشگێڕانەی ئاپۆیی ئەوان، بەجێگەیاندنی ئەو بەڵێنەبوو کە بە یەکتریان دابوو. لەبەر ئەوەش تاکۆتایی دژی داگیرکەری شەڕیان کرد.

سوپای تورکی داگیرکەر کە تاوانی شەڕ دەکات، لە شاخی هەکاری جارێکی دیکە بە چەکی کیمیایی هێرشی ئەنجامدا. لە بەرامبەر هێرشی دوژمن ئازێ لەگەڵ فەرماندە نوری یەکتا و ئامارا ئامەد بە پێداگرییەکی گەورە تێکۆشان و رێجکەی شەهید سارا، بێریتان و زیلانی گرتەبەر. لە دژی دوژمن تا کۆتا هەناسەی شەڕی کرد و لەگەڵ هاوڕێیانی نوری یەکتا و ئامارا ئامەد، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی نەمر بوو. شەهید ئازێ ئەرداڵ هەموو کات بە هەڵوێستی ژنی ئازاد، بە هاوڕێیەتی لەناخەوە، یادی دەکرێتەوە. مێژوویەکی بەرخودانی ئەفسانەیی لە دوای خۆی جێهێشت.

هـ .ب