ئاماری مانگانەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکرایەوە

بەگوێرەی نوێترین ئامار لە مانگێکدا زیاتر لە ٤٠ کۆڵبەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوونە قوربانی و ٣٦ چالاکوانیش دەستبەسەرکراون و سزا بە سەر شەش کەسدا سەپێندراوە.

بەپێی ئاماری مانگانەی پێشێلکارییەکان کە لەلایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە مانگی خاکەلێوەدا (٢١ی ئادار- ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٤) پێنج کۆڵبەر بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران کوژراون، پێنج کۆڵبەریش بەهۆی کەوتنەخوارەوە لەبەرزایی، وەستانی دڵ و رەقبوونەوە گیانیان لەدەستداوە.

هەر لەو ماوەیەدا ٣١ کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی دەوڵەت و ١١ کۆڵبەریش بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی و تەقینەوە مین و رووداوی دیکەوە برینداربوون.

لەکۆی ئەو کۆڵبەرانەی لەو مانگەدا بوونە قوربانی ٣٠ حاڵەتیان لە ناوچە سنووریەکانی نەوسود تۆمار کراوە.

هەرسەبارەت بە دۆخی کۆڵبەران ئاماژە بە دۆسیەی کۆڵبەرێکی مێرمنداڵ بە ناوی دانیال مام ئەحمەد خەڵکی مەریوان کراوە، کە لەلایەن دادگاوە سزای دوو ساڵ زیندان، لێدانی ٧٤ قامچی و پێبژاردن بە بڕی ٢ ملیار تمەنی بەسەردا سەپێندراوە.

لەبەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، لە مانگی خاکەلێوەدا ٣٦ چالاکوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون، هەروەها سزای زیندان و سزای دارایی بەسەر شەش چالاکواندا سەپێندراوە.

گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانی ژن ژیان ئازادیش بەردەوامە لەو چوارچێوەدا ئومێد قەدیمی برای فوئاد قەدیمی لە گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانەکە سزای زیندان و پێبژاردنی بەسەردا سەپێندراوە و کەمال لوتفی باویکی رەزا لوتفی یەکێکی تر لە گیانبەختکردووانی ئەو سەرهەڵدانە، دەستگیرکراوە و چارەنووسی نادیارە.

سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیش لە راپۆرتەکەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە، کە لە ماوەی مانگی خاکەلێوەدا سزای لەسێدارەدانی زیندانییەک بە ناوی ئەفشین باغ نشین خەڵکی کەنگاوەر لە زیندانی ورمێ جێبەجێ کراوە، کە بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر ئەو سزایەی بەسەردا سەپێندرابوو.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە دۆخی زیندانیانی سیاسی و بێبەشکردنیان لە مافەکانیان کراوە و لەو رووەوە ئەوە خراوەتەڕوو، کە لە دژی ئەو پێشێلکارییانە ژمارەیەک زیندانی سیاسی بە تایبەتی لە زیندانی ورمێ مانیان لە خواردن گرتووە.

هەروەها تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، لە مانگی خاکەلێوەدا کتێبفرۆشیەک لە سنە و شوێنێکی گەشتیاری لە مەریوان بە پاساوی رەچاونەکردنی "حیجاب" لەلایەن کڕیاران و سەردانیکەرانیان داخراون.

هـ . ب