تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی مانگی سەرماوەز(٢٢ی نۆڤەمبر – ٢٢ی دیسەمبر) بڵاوکردەوە و بە گوێرەی ئامارەکە لەو مانگەدا لانیکەم پێنج کۆڵبەر کە یەکێکیان منداڵ بووە بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە ناوچە سنووریەکانی بانە و مەریوان لە پارێزگای سنە و نەوسودی کرماشان ژیانیان لەدەستداوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، کە ٤٣ کۆڵبەر کە پێنجیان منداڵن لە ناوچە سنووریەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەت برینداربوون و کۆڵبەرێکیش لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسودی پارێزگای کرماشان مین پێیدا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە برینداربووە.
لە بەشێکی دیکەی ئامارەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کە لە مانگی سەرماوەزدا ٢٢ زیندانیی کورد بە تۆمەتی جیاجیا لەوانە خراپەکاری لەسەر زەوی، کوشتنی بە ئەنقەست، دۆسیەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان و دەستدرێژی لە زیندانەکانی دەوڵەتی ئێران لە سێدارەدراون.
گوشارەکانی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ سەر چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و وەک لە ئامارەکەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا هاتووە، لەماوەی ئەو مانگەدا ٢٤ هاووڵاتی و چالاکوانی سیاسی و مەدەنی کورد لە شارە جیاجیاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەرکراون، ئەگەرچی بەشێکی کەمیان بە دانانی بارمتەی دارایی بە شێوەی کاتی ئازادکراون، بەڵام زۆرینەیان بە دەستبەسەرکراوی ماونەتەوە.
هەر لەو ماوەیەدا سزای جیاجیای وەک زیندان، قامچی و سزای دارایی بە سەر ٣١ چالاکواندا سەپێندراوە.
هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو، لە سەرماوەریشدا گوشارەکانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵەی گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی بەردەوام بووە و لەو مانگەدا زوهرە پایروەند و مێهدی قاسمیفەرد، دایک و برای ئێحسان قاسمیفەرد بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵیاد بانگهێشتی بەردەم ئیدارەی ئیتلاعاتی کەنگاوەر کراون و موعید ساعیدی، برای سارینا ساعیدییش بە تۆمەتی 'بانگەشەی دژ بە حکومەت' بانگهێشتی بەردەم دادگای سنە کراون.
هاوکات موژگان ئیفتیخاری، ئەمجەد ئەمینی و ئەشکان ئەمینی (دایک، باوک و برای ژینا ئەمینی) لە ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەزدا (٩ی کانونی یەکەم) لەو کاتەیدا دەیانویست بە مەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی خەڵاتی ساخارۆفدا بە ژینا ئەمینی لە فڕۆکەخانەی خومەینیی تارانەوە بۆ شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا گەشت بکەن، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێگرییان لێکردن و پێیان ڕاگەیاندن کە قەدەغەی گەشت و چوونەدەرەوەیان لە سەرە و دوای ئەوەی لێپرسینەوەیان لێ کردن، دەستیان بە سەر پاسپۆرتەکانیاندا گرت.
رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کەوتووەتە مانگی سەرماوەزەوە، بەڵام هەر لەو مانگەدا وەک لە ئامارەکەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا هاتووە، لانیکەم دوو ژن لە ورمێ و کەنگاوەر لەلایەن باوکی هاوسەر و هاوسەرەکەیانەوە کوژراون.
بەشێکی دیکەی راپۆرتەکە تایبەتە بە دۆخی کرێکاران و ئەوە خراوەتەڕوو کە لە سەرماوەزدا بەلانیکەمەوە چوار کرێکاری کورد لە شارەکانی کرماشان، بانە، مەریوان و دێوڵان بە هۆی رووداوەکانی شوێنی کارکردنەوە گیانیان لەدەستداوە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤ جەختیشی لەوەکردووەتەوە، کە بە هۆی قەدەغەبوونی چالاکیی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا و گوشاری سەر بنەماڵەی قوربانیانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئامادەکردنی ڕاپۆرتی بەڵگەدار و ورد ڕووبەڕووی گرفتی فراوان دەبێتەوە، هەر بۆیە ئامار و زانیارییەکانی ناو ئەم ڕاپۆرتە سەرجەم حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ناگرێتەوە. ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای هەواڵ و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و هەروەها لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرت و هەواڵی ڕێکخراوە و ماڵپەڕە چالاکەکانی تر لەم بوارەدا ئامادە کراوە.
هـ . ب