ئۆڵان: هۆکاری گۆشەگیریی چارەسەرنەکردنی پرسی کوردە
پەرلەمانتاری بازنەی بەدلیسی دەم پارتی حسێن ئۆلان، ڕایگەیاند، یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی گۆشەگیریی ڕەهای سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەر نەکردنی پرسی کوردە.
پەرلەمانتاری بازنەی بەدلیسی دەم پارتی حسێن ئۆلان، ڕایگەیاند، یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی گۆشەگیریی ڕەهای سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەر نەکردنی پرسی کوردە.
پەرلەمانتاری بازنەی بەدلیسی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) حسێن ئۆڵان سەبارەت بە گۆشەگیریی ڕەهای سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیان قسەی بۆ ئاژانسی فورات کرد.
حسێن ئۆڵان بەبیری هێنایەوە کە ئۆجالان نزیکەی ٣ ساڵە بەشێوەیەکی ڕەها گۆشەگیر کراوە و ئاماژەی بەوەدا کە هۆکارەکانی ئەم گۆشەگیرییە زۆرن و وتی:"گرنگترین هۆکار چارەسەر نەکردنی پرسی کوردە و سەرچاوەی هەموو کێشەکانی ئێستای تورکیا پێداگرییە لە چارەسەری بە ڕێبازی ئەمنیی و بەکار هێنانی توندوتیژی. جەمسەری فاشیست، ڕەگەزپەرست و نکۆڵیکەر کە لەئێستادا ئاکەپە-مەهەپە سەرکێشی دەکات، لەسەر ئەم بنەمایە درێژە بە حکومڕانی خۆی دەدات. شەپۆلی ناسیۆنالیست، ڕەگەزپەرست، شەڕخواز، بۆ ئەوەی بتوانێت زیاتر لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، بەزانا بوون سیاسەتێکی لەم جۆرە بەڕێوەدەبات."
گۆشەگیریی تەنها لە دوورگەی ئیمرالی سنووردار نەماوەتەوە
ئۆڵان ڕایگەیاند کە گۆشەگیریی ڕەها تەنیا لە ئیمرالیی بەڕێوە ناچێت، بە پلەی یەکەم دامەزراوەکانی گەلی کورد کە بەرامبەر دەسەڵاتی فاشیست دەوەستنەوە گۆشەگیر دەکرێن و وتی:"بۆ نموونە لە پەرلەماندا مامەڵەی بەوشێوەیە لە گەڵ پەرلمانتاراندا دەکرێت، بەرامبەر بە ئێمەی پەرلەمانتار ڕێبازی دوژمنکارانە بەکار دێنن، دەسەڵات باش ئاگاداری هەموو شتێکە؛ پێویستە گۆشەگیری لەسەر بەڕێز ئۆجالان هەڵبگیردرێت. بەڵام سەرەڕای داڕمانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی، گۆشەگیریی بێ ڕاوستان بەردەوامە."
لە کۆتایی قسەکانیدا ئۆڵان ڕایگەیاند لە ئێستادا جگە لە بزووتنەوەی کوردی هیچ ئۆپۆزسیۆنێکی تر بوونی نییە و سەرنجی بۆ زوڵمی ناو زیندانەکان ڕاکێشاو وتی:"ئەو کردەوانەی لە زیندانەکاندا دەکرێت قبوڵکراو نین، لەلایەک بە ئارەزووی خۆیان سزای زیندانیان درێژ دەکەنەوە، لەلایەکی دیکەشەوە پەشیمانی دەسەپێندرێت، ئەوانە هێرشێکە دژی شکۆی مرۆڤایەتی. مانگرتن لە خواردن لە ١٩ـــەمین ڕۆژیدایە، پێویستە دەستبەجێ داواکارییە ڕەواکانی زیندانیان جێبەجێ بکرێن، لە ڕاستیدا چالاکیی مانگرتن دوا ڕێگەچارەی زیندانییەکانە. بەو پێیەی کۆمەڵگا بە ڕادەی پێویست بە ڕێکخستن کراو نییە و بەرپرسیارانە مامەڵە ناکات، بۆیە ئەم بارگرانییە دەکەوێتە سەر شانی زیندانییەکان، ئەمەش ڕاست نییە، کۆمەڵگا دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی بەجێبگەیەنێت، دەبێت وەڵامی داواکارییەکان بدرێتەوە، و کۆتایی بە گۆشەگیری و مانگرتن بێت."