لە ١٨ی کانونی یەکەمدا لە عێراق هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەرێوەچوو، کە لە کۆی ١٦ ملیۆن کەس کە مافی دەنگدانیان هەبوو، نزیکەی لەسەدا ٤١یان بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ساڵی ٢٠١٣دا رێژەی بەشداریکردن نزیکەی لەسەدا ٥١ بوو.
لە سەر ئاستی عێراق حزبە شیعەکان زۆرترین دەنگیان هێنا
بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان کە لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقەوە راگەیەندراوە، لە زۆرینەی پارێزگاکان حزبە شیعەکانی لایەنگری ئێران سەرکەوتوون.
لە ناوەڕاست و ٩ پارێزگای باشووری عێراق، دوو ئاراستە دەرکەوتن، ئەوانەی بە شێوەی بەرچاو سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، یا لە حزبی پارێزگارەکانی ئێستا بوون، یاخود لە هاوپەیمانی حزبەکانی لایەنگری ئێران بوون.
لە پارێزگاکانی زیقار، میسان، بەسرا، بابل، نەجەف، موسەنا و واست ئەو هاوپەیمانیانە لەپێشەوەبوون. گروپەکانی لایەنگری ئێران لە هاوپەیمانی نەبنیدا کە هادی عامری لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی سەرکردایەتی دەکات، زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. هەروەها هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانی پێشووتر لە پلەی دووەمدایە. لە دوای ئەوانیشەوە هاوپەیمانی دەوڵەتی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم و حەیدەر عەبادی دێت.
لە بەغدای پایتەخت لیستی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی، سیاسەتمەداری سوننە و سەرۆکی لادراوی پەرلەمان لە پلەی یەکەمدایە و نەبنی و دەوڵەتی یاساش لە پلەکانی دووەم و سێهەمدان.
بە گوێرەی وتەی چاودێران، هەڵبژاردنەکەی رۆژی دووشەممە هێزەکانی سەر بە ئێرانی بەهێزکرد. پارتە سەرکەوتووەکان هەمان ئەو هێزانەن لە پەرلەمان زۆرینەن و پێکهێنەری حکومەتن. ئەو هێز و لایەنانە پەیوەندی توندوتۆڵیان لەگەڵ ئێران هەیە.
سەدر بایکۆتی کردبوو
سەرۆکی رەوتی سەدر موقتەدا سەدر کە کەسایەتیەکی کاریگەری ئایینی شێعەیە داوای لەلایەنگرانی کردبوو کە بەشداری لە هەڵبژاردندا نەکەن. سەدر لە ساڵی ٢٠٢٢ و دوابەدوای گرژی و ئاڵۆزییەکانی بەغدا کسانەوەی خۆی لە پرۆسەی سیاسی راگەیاندبوو.
زۆرترین رێژەی بەشداربوون لە کەرکوک تۆمار کرا
بەرزترین رێژەی بەشداری لە دەنگدان کەرکوک بوو کە تیادا لەسەدا ٦٥ی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبوو بەشدارییان کرد. لە پارێزگایە پارتە گەورەکانی پێکهاتەکانی کورد، عەرەب و تورکمان لە کێبڕکێدابوون. لەو پارێزگایە کە لە رووی سامانی نەوتەوە دەوڵەمەندە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان (یەنەکە) دەنگی یەکەمی بەدەستهێنا. بەڵام بەهۆی دابەشبوونی دەنگەکانی کورد، بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی و دیاریکردنی پارێزگار پێویستی بە هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە هەیە.
پێستر ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە ٤١ کورسی پێکدەهات، بەڵام ئەمجارەیان ژمارەی کورسیەکان بۆ ١٦ کورسی کەمکراونەتەوە کە یەک کورسییان بۆ کۆتای مەسیحیە.
لە هەڵبژاردنەکەدا پارتە کوردیەکان بە گشتی ٢١٧ هەزار و ٨١٥ دەنگیان بەدەستهێنا. یەنەکە ١٣٩ هەزار و ٣٧٣ دەنگی مسۆگەر کرد و بووە خاوەنی ٥ کورسی. پەدەکەش بە بەدەستهێنانی ٤٦ هەزار و ٧٤٩ دەنگ دوو کورسی دەبات. بەم جۆرە ژمارەی کورسیەکانی پارتە کوردیەکان گەیشتە ٧.
ئەو دەنگانەی بەهۆی پرش و بڵاوییەوە بە فیرۆچوون
بەهۆی ئەوەی کوردەکان بە یەک لیست بەشدارییان نەکردبوو، ٥٣ هەزار دەنگی کورد بەفیڕۆ چوو، کە زیاتر لە ٢٤ هەزار دەنگیان بۆ نەوەی نوێ و زیاتر لە شەش هەزار و ٥٠٠ دەنگیان دەنگی هاوپەیمانی کۆمەڵ و یەکگرتووە. ٢٣ هەزار دەنگیش بۆ دەنگەکانی یەنەکە و پەدەکە دەگەڕێتەوە کە بە گوێرەی سیستمی هەڵبژاردن (سانت لیگۆ) بەشی کورسی نەکردووە.
دوو لیستی تورکمان ٩٣ هەزار دەنگیان هێناوە و بوونە خاوەنی دوو کورسی.هاوپەیمانی عەرەب ٣ کورسی، هاوپەیمانی قیادە دوو کورسی و هاوپەیمانی عروبەی عەرەبەکانیش یەک کورسی و بزوتنەوەی بابلیونی مەسیحیەکانیش بەهۆی سیستمی کۆتاوە بوونە خاوەنی یەک کورسی.
ئەنجامەکانی موسڵ
لە پارێزگای نەینەوا کە ناوەندەکەی موسڵە، هاوپەیمانی نەینەوا ١٤١ هەزار دەنگی بەدەستهێناوە و بووە یەکەم. پەدەکە ١٢٣ هەزار دەنگی بەدەستهێنا و لەپلەی دووەمدایە. بەم جۆرە هاوپەیمانی نەینەوا بە سەرۆکایەتی نەجم جبوری پارێزگاری پێشوو ٥ کورسی و پەدەکەش ٤ کورسی بەدەستهێناوە و یەنەکەش بووەتە خاوەنی دوو کورسی ئەنجومەنەکە.
کاندیدەکەی شەنگال سەرکەوت
نوێنەری شەنگال قاسم کەشکۆ کە لەسەر لیستی هاوپەیمانی خەڵکی نەینەوا بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا کردبوو سەرکەوت. کەشکۆ کاندیدی پادێ و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال بوو. کاندیدە سەرکەوتووەکەی شەنگال سپاسی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال و گەلی کرد و سەرکەوتنەکەی پێشکەش بە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و شەهیدانی ئێزدخان کرد.
دەنگی کورد لە سەلاحەدین و دیالە
لە پارێزگاکانی سەلاحەدین و دیالە یەکێتی دوو کورسی بەدەستهێنا، پەدەکەش کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی حەسمدابوو، هاوپەیمانیەکە توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
١٠ کورسی بۆ کۆتاکان
لە عێراق لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ١٠ کورسی وەک کۆتا بۆ مەسیحیەکان، کوردانی شەبەک، ئێزدی، فەیلی و مەنداییەکان دانراوە.
هـ . ب