ئەمڕۆ، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە داخستنی دەروازەی سێمالکا لەلایەن دەسەڵاتدارانی باشورەوە، تێیدا هاتووە:
لەگەڵ بەردەوامیی گەمارۆکان بۆ سەر ناوچەکانمان و بەردەوامیی هەوڵەکان بۆ بەگژاچوونەوەی داعش، هەروەها بەردەوامیی هەڕەشە ڕاستەوخۆکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی، لەگەڵ داخستنی کۆی دەروازەکانی تر بەڕووی ناوچەکانمان و بەردەوامی سیاسەتی گەمارۆدان دژی گەلەکەمان. ئێمە لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەرمان سوڕما بە داخستنی دەروازەی سێمالکا لەگەڵ باشوری کوردستان، بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێکی لۆژیکی یان وردەکارییەکمان پێ ڕابگەیەنن، پەدەکە بە تاک لایەنە بڕیاری داخستنەکەی داوە.
ئەم دەروازەیە تاکە دەروازەیە بەڕووی ناوچەکانمان و تەرخانکراوە بۆ هاوکارییە مرۆییەکان و ڕێکخراوە هاریکارەکان، لەگەڵ هەندێک کاروباری بازرگانی. بەبڕوای ئێمە، ئەم بڕیارە «ناڕاستە»، بەتایبەت ئەوکاتەی هیچ ڕوونکردنەوەیەک نەدراوە بە ئێمە و ڕای گشتی، هەروەها بەکارهێنانی ئەم دەروازە مرۆییە بۆ ئامانجی سیاسی و گەڕپێگرنی ناوچەکەمان و گەلەکەمان، ڕێکارێکی نەشیاوە، هەروەها ئەم بڕیارە میزاجییانە ڕەتدەکەینەوە دژی گەلەکەمان لە ناوچەکە.
هیواخوازین ئەم دەروازەیە بە هیچ شێوەیەک وەک کارتی فشاری سیاسی بەکارنەیەت دژی ناوچەکەمان، دووپاتی دەکەینەوە، پێویستە دەروازەکە جیابکرێتەوە و ڕزگاربکرێت لە هەڵوێستە سیاسییە بەرتەسکەکان، ئومێدەوارین زمانی لۆژیک بەسەر ئەم پرسەدا زاڵبێت و ئەم دەروازەیە وەک هەمیشە نەبێتە کارتی فشار و گەڕپێگرتن.
هێشتا گەلەکەمان خۆڕاگرە و بەدوای ڕێگەی مانەوەدا دەگەڕێت، ئەم بڕیارە میزاجییانە دەچێتە خزمەتی ئەو لایەنانەی دەخوازن زیان بە گەلەکەمان و دەسکەوتەکانی بگەیەنن».
ف.ق