ڕژاك: بە یەکگرتوویی دەتوانین ڕووبەڕووی توندوتیژیی و داگیركاریی ببینەوە

ڕژاک، باس لەوە دەکات، کە توندوتیژیی وەك زیهنێتیەكی كوشندە لەلایەن دەسەڵاتەوە بڵاو دەكرێتەوە، جەختیشدەکاتەوە، کە ژنان بە یەکگرتوویی دەتوانن ڕووبەڕووی توندوتیژیی و داگیرکارییەکان بووەستنەوە.

لە چوار چێوەی چالاکییەکانی ڕۆژی جیهانیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژناندا، ئەمڕۆ، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، لە شاری هەڵەبجە ڕاگەیەندراوێکیان خوێندەوە.

ئامادەبووان دروشمی “بەیەكڕیزیی لەدژی توندوتیژیی و داگیركەریی تێدەكۆشین”یان بەرزکردەوە و ژیان ئەحمەد، ئەندامی ڕێکخراوەکە، ڕاگەیەندراوەکەی خوێندەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو:”ڕۆژ نیە گوێبیستی كوشتن خۆكوشتنی ژنان نەبین، توندوتیژیی وەك زیهنیەتێکی كوشندە لەلایەن دەسەڵاتەوە بڵاودەكرێتەوە، لەهەموو كایەكانی ژیاندا بەشێوەی سیستەماتیك جێگیركراوە بەجۆرێك كۆمەڵگاكەمان بووە بەقەسابخانە”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بە چەند جۆرێکی توندوتیژیی کرابوو، کە لە باشوری کوردستان دژ بە ژنان بەڕێوەدەچێت، لەوانە، بەزۆر بەشوودان، بەشوودانی کچی تەمەن بچووک، فرەژنی، خەتەنەکرد، خیانەتی هاوسەریی، لێدان، لاقەکردن، دەستدرێژیی سێکسیی، لەشفرۆشیی، بەكاڵاكردنی ژنان و ڕێگەگرتن لەچوونە بەرخوێندن، ڕێگەنەدان  بە كاركردن بۆ بەشدارییكردن لەكایە سیاسییەكاندا و كوشتن، نمونەش وەك كوشتنی دوو خوشكەكەی چەمچەماڵ.

ڕژاک، دەسەڵات بە پلەی یەكەم بە بەرپرسیار دەزانێت لەو دۆخە و دەڵێت: بەرپرسە لە ئەنجامدانی سیاسەتی گەندەڵی و نادیموكراتی، نەبوونی ئازادیی ڕادەربڕین و نادادپەروەریی وكۆمەڵگای ڕووبەڕوبونەوەی قەیرانی ئابووریی و سیاسیی  كۆمەڵایەتی كرووەتەوە.

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتبوو: ڕۆژانە بەئاشكرا ڕێگەنەگرتن لەهێرشی داگیركارییەكانی دەوڵەتانی داگیركەر دەبینین، نەك تەنها ڕێگەی لێناگیرێت، بەڵكو لەلایەن پەدەكەوە، تەواو هاوكاریی ڕێگەخۆشکردن هەیە بۆ هێرش و پەلاماردانەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك.

لە کۆتاییشدا هاتبوو: ئێستا باشوری كوردستان بەگشتوی ڕوبەڕوی داگیركاری سەربازیی ئابووریی و سیاسی كەلتوری بووەتەوە، لەلایەن دەوڵەتانی داگیركەری توركیاوە، ئێمە وەك ژنانی ئازادی كوردستان، پێمانوایە سەرچاوەی قەیرانی ئابووریی و كۆمەڵایەتی سیاسییەكان هەموو سەرچاوەكەی داگیركارییەكانی دەوڵەتی توركیایە، تەواوی سەروەت و سامانی وڵاتەكەمان دەكەنە گیرفانی داگیركەرانەوە، ئێمەی ژنانیش دەتوانین ڕێگە لە تەواوی توندوتیژیی و كۆمەڵكوژییەکانی داگیركارییەكان بگرین، بە هەڵوێست و چالاكی یەكڕیز و یەكگرتویانەی ژنان.

ف.ق