ڕۆژنامەنووس ئەرمیش: شەهید کاروان دەیخواست کۆمەڵگە لە ڕاستییەکان ئاگادار بێت

ڕۆژنامەنووس خالید ئەرمیش لەسەر کەسایەتیی شەهید کاروان هۆرام وتی: "کەسایەتییەکی زەحمەتکێشی هەبوو. ئامانجێکی هەبوو، دەیویست کۆمەڵگا لە ڕاستییەکان ئاگادار بکاتەوە. وەک کەسێکی هەورامیش دەیویست دەنگی کۆمەڵگاکەی بە هەموو شوێنێک بگەیەنێت."

ڕۆژنامەنووس خالید ئەرمیش بۆ ماوەیەک لەگەڵ شەهید کاروان هۆرام کاری کردووە و یەکتریان ناسیوە، لەسەر کەسایەتی، خەبات و کاری ڕۆژنامەوانیی شەهید کاروان قسەی بۆ کردین.

ئێوە کەی و چۆن یەکترتان ناسی؟

ئێمە لە ساڵی ٢٠١٥دا یەکترمان ناسی. زیاتر لە ٢ ساڵ پێکەوە کارمان کرد. من ئەو کاتە لە باشووری کوردستان کارم بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دەکرد. هەڤاڵ کاروانیش لە بەشی فارسیی ئاژانسەکەدا کاری دەکرد.

شەهید کاروان چۆن کەسایەتییەکی لە ژیان و کاردا هەبوو؟

دەمەوێت سەرەتا ئەوە بڵێم، کە شەهید کاروان هەرگیز لە ژیانمدا وەک هەڤاڵێک لەبیر ناکەم. کەسایەتیەکی خاکی و زۆر پاکی هەبوو. لە کاری خۆیدا بە دیسپلین و بەرنامە و پلان بوو.

بە بۆچوونی من، شەهید کاروان زەحمەتکێشێک بوو، کە هەرگیز باسی ڕەنج و ماندوبوونی خۆی نەدەکرد. بە ڕەنج و ماندوبوونی خۆی لە ئاژانسەکەدا لە پێشی پێشەوە بوو. بە تەنها خۆی بەشێکی ئاژانسەکەی بەڕێوەدەبرد. وەرگێڕانی بۆ هەواڵەکان دەکرد، هەواڵی دروست دەکرد و سەرنووسەریشی دەکرد. هاوکات هەمیشە چاودێریی ڕۆژەڤەکانی دەکرد و هەروەها خۆیشی بابەت و هەواڵ و شیکاری و ڕاپۆرتی دەنووسی. ئەو ئامانجێکی هەبوو، دەیویست کۆمەڵگا هەست بە ڕاستییەکان بکات و ئاگاداری ڕاستییەکان بێت. وەک کەسێکی هەورامی، دەیویست دەنگی کۆمەڵگاکەی بە هەموو شوێنێک بگەیەنێت.

شەهید کاروان وەک جەنگاوەرێک، شۆڕشگێڕێک و ڕۆژنامەنووسێک کاری دەکرد، ئەمە چی بە کەسایەتییەکەی زیاتر کردبوو؟

شەهید کاروان پێوەر و ئامانجی هەبوو. ئامانجەکانی کەسی نەبوون. لەبەر ئەوە من وتوم، خاوەنی ڕەنجدانێکی شاراوە و بێدەنگ بوو. هەندێک کەس بە کار و ڕەنجێکی کەم زۆر دەناسرێن و ناویان بڵاو دەبێتەوە، بەڵام شەهید کاروان بەدوای ناو دەرکردنەوە نەبوو. گرنگترین شت بۆ ئەو پرەنسیب و ئامانجەکانی بوون. من بۆ یەکجاریش نەمبینی شەهید کاروان حسابێکی کەسی بۆ خۆی بکات. ئامانجی ئەو گەیاندنی دەنگی گەلەکەی بوو بە جیهان. هەر هەواڵێک بهاتایە خێرا دەیخوێندەوە و زۆر بەوە دڵخۆش دەبوو، کە هەواڵێک و زانیارییەکی تازەی پێگەیشتووە و ئەویش بۆ گەلەکەی بڵاوی دەکاتەوە، چونکە دەیزانی ئەرکی خۆی بەرامبەر بە کۆمەڵگاکەی چۆن  جێبەجێ بکات.

هیچ حساباتێکی کەسی و تایبەتی لەلای شەهید کاروان نەبوو. سەرەڕای ئەوەی تەندروستیی باش نەبوو، هیچ ڕۆژێک ڕێگای نەدا  کێشەی تەندروستی بۆ کارەکەی ببێتە لەمپەر. هەندێک جار دەتبینی، کە لە نیوەشەودا کار دەکات. دەیویست کارەکەی لە کاری هەموان باشتر بێت. بۆ ئەوەش هیچ شتێکی نەدەکردە پاساو و لەمپەر. هەستی پێشبینیی زۆر باش بوو. ئەو ڕۆژنامەنووس بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا شۆڕشگێڕیش بوو. ڕۆژنامەنووسی لەگەڵ شۆڕشگێڕییەکەیدا کردبوو بە یەک. هەر چەند زۆر کاری دەکرد، بەڵام هەر بە کەمی دەزانی و هەوڵی زیاتری دەدا. ئامانجی شۆڕشگێڕانەی ئەو ئازادیی گەلی کورد بوو. بۆ ئەوەش کارە ڕۆژنامەوانیەکەی خۆی دەخستە خزمەت ئامانجە شۆڕشگێڕییەکەی بۆ ئازادیی گەلی کورد. ئەوانەی لە نزیکەوە دەیانناسی، یان کاریان لەگەڵ دەکرد، هەستیان بەو  هەڵوێست و تایبەتمەندییەی شەهید کاروان دەکرد.

ئەو تایبەتمەندییەی، کە زۆر زوو تیایدا دەردەکەوت و مرۆڤ هەستی پێدەکرد چ تایبەتمەندییەک بوو؟

تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ڕێزگرتن، خاکیبوون و تەوازوعەکەی بوو. من لەو بڕوایەدام، ئێوە ئەم پرسیارە لە هەر کەسێک بکەن، کە هەڤاڵ کاروان بناسێت، هەمان ئەو وڵامەتان دەداتەوە.

ڕۆڵی ئەو لە ڕاگەیاندنی ئازاددا چۆن بوو، کاتێک ئێوە پێکەوە کارتان دەکرد چۆن بوو؟

شەهید کاروان ڕۆڵێکی زۆر گرنگی لە ڕاگەیاندنی ئازاددا گێڕا. سەیر بکەن، لە باکوور، باشوور و ڕۆژئاوا چەندین ڕۆژنامەنووس هەیە، ڕاگەیاندنی ئازاد ئیدی لەو شوێنانەدا بووەتە خاوەنی ڕێچکە و نەریت و پێوەری خۆی، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەرچەندە نەریتێکیش هەبێت، بەڵام هێشتا بە پێی بەشەکانی دیکەی کوردستان لاوازە. بۆ ئەوەش شەهید کاروان ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا، بەتایبەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بێگومان نەمانیان بۆشایەکی گەورە دروست دەکات و شوێنەکەی بە ئاسانی پڕ نابێتەوە.

ژ.ت