ڕۆژنامەوان دیار ئامێدی بە هۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەستدا

شەوی ڕابردوو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی ناوچەی بادینان، داود سلێمان ئەحمەد ناسراوە بە دیار ئامێدی و لە دایکبووی شارۆچکەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆکە بەهۆی جەڵتەی دڵەوە شەهید بوو.

بۆ بەخاک سپاردنی تەرمی ڕۆژنامەوان، لە ئێستادا خانەوادەکەی تەرمەکەیان وەرگرتووەتەوە و دەیبەنەوە بۆ زێدی خۆی و لە شوێنی لەدایکبوونیدا بەخاکی دەسپێرن.

دیار ئامێدی لە ساڵی ١٩٩٠وە وەک چالاکوان و لەم ساڵانەی دواییشدا وەک ڕۆژنامەنووس، لە چوارچێوەی ڕاگەیاندنی ئازاددا کار و خەباتی کردووە لە باشووری کوردستان.

بەهۆی ڕەخنە توندەکانییەوە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە دژی سیاسەتی پەدەکە لە فشار و زیندانییکردنی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی بادینان چەندین جار دەستگیر کراوە و هەڕەشەی لێکراوە، دواجار بەهۆی هەڕەشە و فشارەکانی پەدەکەوە، کە هەڕەشەی تیرۆرکردنی لێکراوە، ناچار دەبێت ڕوو دەکاتە شنگال و لەوێ درێژە بە خەباتی دۆسییە و لێکۆڵینەوە و بنکۆڵکاریی دەدات لەسەر کۆمەڵگەی ئێزدیی و جینۆسایدی سەر ئێزدییەکان.

کۆتا جاریش لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پەدەکە لەسەر ئامێدی، خەباتێکی گرنگی هۆشیارکردنەوە و میدیایی بەڕێوەبرد، بە وتەی هاوڕێ نزیکەکانی لەم دواییانەدا زۆر خەمگین بووە بە داگیرکردنی ئامێدی و هەمیشە وتوویەتی دەبێت خەباتێکی مەزن بکرێت بۆ پاراستن و ڕزگارکردنی بادینان.