ژینگەپارێزان لە گۆڕستانی بێناونیشانەکانی سلێمانی نەمامیان چاند

کۆمەڵەی ژینگەپارێزانی کوردستان- سوید، بە هاوکاری چەند ژینگەپارێزێک لە گۆڕستانی بێناونیشانەکان، لە شاری سلێمانی،بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژینگەوە زیاد لە سەد نەمامیان چاند.

ئەمڕۆ، لە گۆڕستانی بێناونیشان، لە شاری سلێمانی، کۆمیتەی ژینگەپارێزانی کوردستان- لقی سوید، بە هاوکاری مامۆستایان، ڕۆشنبیران و ژینگەپارێزان، زیاتر لە سەد نەمامیان ناشت، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژینگەوە، بۆ خزمەتکردنی ئەو گۆڕانەی لەلایەن شارەوانیەوە نێژراون و کەسوکاریان نادیارە.

ئاسۆی کەریم زەند، ئەندازیاری ژینگە و ئەندامی کۆمەڵە و لەهەمانکاتدا ڕێکخەری چالاکیەکە بوو، لەبارەی ئامانجی چالاکییەکەوە وتی: "ئەم چالاکییە هەڵمەتێکی ژینگەییە و دەمانەوێت بەردەوامی هەبێت، گرنگی چالاکییەکە لەوەدایە هیچ ڕێکخراوێکی لەپشت نییە و ئەوکەسانەی بەشدارن، بە خۆبەخشی و بە ئامانجی خزمەتکردنی گۆڕی ئەو ژن و منداڵانەی کە بێکەسن و کەس لێیان ناپرسێ و بەئامانجی سەوزکردنی ژینگە ئەم کارەیان کردووە."

هەروەها وتیشی: "بۆیە لە گۆڕستانی ژنانەوە دەسمانپێکرد، چونکە ژن و ژینگە دووانەیەکی لێکدانەبڕوان و کۆمەڵگای دیموکراتیک بەوان دەتوانێت دروستبێ و پێشبکەوێ، وەک نمونەی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان و باشوری کوردستان، ئەم چالاکییە بەردەوام دەبێت و

ئەمە یەکەم هەنگاومانە، بەڵام لە داهاتوودا بە چەند چالاکییەکی تر خزمەتی ژینگە دەکەین."

شایەنی ئاماژە پێدانە کە نەمامەکان لەلایەن کۆمەڵەی ژینگەپارێزانی کوردستانەوە دابینکرابوو بۆ ئەم چالاکییە.