زیاتر لە دوو مانگە رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد لەلایەن پەدەکەوە رفێندراوە
ماوەی ٦٢ رۆژە رۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆژنیوز لەلایەن پەدەکەوە رفێندراوە و بێسەروشوێنکراوە و رێگەش بە پارێزەرانی نەدراوە چاویان پێی بکەوێت.
ماوەی ٦٢ رۆژە رۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆژنیوز لەلایەن پەدەکەوە رفێندراوە و بێسەروشوێنکراوە و رێگەش بە پارێزەرانی نەدراوە چاویان پێی بکەوێت.
سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی رۆژنیوز، لە ١ـی تشرینی یەکەمەوە، بۆ سەردانی خێزانەکەی و بەشداریکردن لە پرسەی باوکی چووبووە ڕۆژئاوای کوردستان، پاش نزیکەی سێ هەفتە مانەوەی لە رۆژئاوا و لە کاتی گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان، لە دەروازەی فەرمیی فیشخاپوورەوە، لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە دەستگیر کراوە.
پاش تێپەڕبوونی شەش رۆژ بە سەروشوێنکردن و لە ژێر گوشاری رای گشتیدا ئاسایشی پەدەکە لە دهۆک بەمەبەستی چەواشەکردنی رفاندنی ئەو رۆژنامەنووسە، بانگەشەی ئەوەی کرد کە "دەستگیرکردنەکەی پەیوەندی بە کاری رۆژنامەنووسیەوە نییە" بەم جۆرە دانی بە رفاندنیدا نا و دەرکەوت کە بەنیازە هاوشێوەی رۆژنامەنووسانی بادینان بە داتاشینی سیناریۆی ساختە، سزای قورسی بەسەردا بسەپێنێت.
دواتر ئاژانسی ڕۆژنیوز لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوى کردەوە، "ئەم مامەڵەیەی پەدەکە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئیدانە دەکەین و داواکارین دەستبەجێ چارەنووسی سلێمان محەممەد ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان ئاشکرا بکرێت و ئازاد بکرێت، لە ئێستادا سەلامەتی گیانی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە ئەستۆی پەدەکەدایە".
ڕۆژى ٢٢ى مانگی رابردوو نەریمان ئەحمەد، یەکێک لە ئەندامانی تیمی پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد ڕایگەیاند: لە کاتی ڕفاندنی سلێمان ئەحمەدەوە ئێمە هەوڵدەدەین بیبینین و دۆسییەکەی بخوێنینەوە، سەردانی ئاسایشی گشتیی لە دهۆکمان کرد، سەرەتا بە بیانووی ئەوەی، کە لەوێ نییە ڕێگرییان لێ کردین، هەرچەندە دڵنیابووین، کە لەوێیە و زانیارییمان هەبوو لە چی شوێنێکە لەناو ئاسایشی دهۆک، دواتر وتیان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە ناتوانن بیبینن.
باسى لەوەشکرد، لە ڕێگەی سەرچاوەیەکی خۆمانەوە زانیارییمان پێگەشت، کە کەیسەکەی لە ژێر دەستی دەزگای پاراستنە، وەکو تیمێکیش لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین و هەموو هەوڵی خۆمان بەگەڕ دەخەین.
رفاندن و بێسەروشوێنکردنی رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی هەڕێم کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە، دەیان رۆژنامەنووس و چەندین رێکخراوی داکۆکیکار ئازادی کاری راگەیاندن، ئەو کردەوەی پەدەکەیان شەرمەزارکردووە و داوای دەست بەجێ ئازادکردنی دەکەن.
لە چەند ساڵی رابردوودا پەدەکە گوشارەکانی بۆ سەر رۆژنامەنووسانی ئازاد و چالاکوانان و رەخنەگران چڕتر کردووەتەوە و بە تیرۆرکردن، گرتن و راوەدونان هەوڵی کپ کردنیان دەدات، ئەمەش لەلایەن نوێنەرایەتی دیپلۆماسی وڵاتان لە عێراق و هەرێم و رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی داکۆکیکار لە ئازادی رادەربڕین و ئازادی کاری رۆژنامەوانی رووبەڕووی رەخنە و کاردانەوەی توند بووەتەوە.
هـ . ب