ئێزدیەکانی دانیشتووی ئەوروپا هەنگاوی خۆسەریی شەنگالیان بەرز نرخاند

رێکخراوەکانی کوردانی ئێزدی لە ئەوروپا لێدوانێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و تێیدا هەنگاوی 'بەسە بۆ قڕکردن، پێگە بۆ خۆسەریی شەنگاڵ'یان بەرز نرخاند.

لە لێدوانە هاوبەشەکەدا باس لەوە کرا کە راستترین وڵام بۆ فەرمانی سەر ئێزدیەکان، خۆسەری شەنگال و خۆپاراستنی کەمەڵگاکەیەتی.

ئەنجومەنی خۆسەری دیمۆکراتیکی شەنگال لە ٢٢ی ئەم مانگەدا لە کۆبوونەوەیەکی نائاسیدا، هەنگاوی 'ئیدی بەسە قڕکردن، پێگە بۆ خۆسەری شەنگال'ی دەست پێکرد.

ئەنجومەنی شەنگال لە دەرەوەی وڵات، چەتری ئەنجومەنەکانی ژنانی ئێزدی، ناوەندی یەکێتی کۆمەڵەکانی ئێزدی، یەکێتی ئێزدیەکانی سوریا، یەکگرتنی گەنجانی ئێزدی، ناوەندی کلتوری ئێزیدخان و ئەنجومەنی گوندەکانی باکوری کوردستان لە لێدوانێکی هاوبەشدا بە مەبەستی هەوڵدان بۆ بەدەستخستنی خۆسەری شەنگال هەنگاوێکی نوێیان راگەیاند.

لە راگەیێنراوەکەدا باس لەوە کراوە کە ئەم هەنگاوە راستترین و رەواترین هەنگاوە و مافێکی ئاسایی کۆمەڵگای ئێزدیەکانە و تێیدا ئاماژە بە تێکۆشانی کۆمەڵگای ئێزدی لە دژی چەتەکانی داعش کرا کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤وە بەڕێوە دەچێت و جەخت کرایەوە کە کۆمەڵگای ئێزدی بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەکی دیمۆکراتیک و برایەتی گەلان، هەموو رێکخراو و دامودەزاگانی خۆی بونیاد ناوە.

'راستترین وڵام بۆ فەرمانەکان، خۆسەری ئێزیدخان و میکانیزمی خۆپاراستنی کۆمەڵگایە'

رێکخراوەکانی کوردانی ئێزدی رایانگەیاند، راستترین وڵام بۆ دوایین فەرمان و فەرمانەکانی پێشووتر، بەدیهێنانی خۆسەری ئێزیدخان و میکانیزمی پاراستنی کۆمەڵگای ئێزدیە و بەم شێوەیە باسی لێوە کرد:"دەستکەوتەکانی بەڕێوەبردن و کۆمەڵایەتی سیاسی و ئاسایش و پاراستن، دەبێت بە فەرمی و هەمیشەیی بن. تەنها دەتوانرێت بەم شێوەیە رێگە لە قڕکردن و فەرمانەکان بگیرێت. هاوکات بڕوا و کۆمەڵگای و کلتور و رەسەنایەتیشمان لەسەر ئەم بنەمایە پارێزراو و مسۆگەر دەبێت."       

'لە هەر کوێیەک بن، دەبێت ئێزدیەکان پشتیوانی ئەم هەنگاوە بکەن'

لە راگەیێنراوەکەدا باس لەوە کرا کە، کۆمەڵگای ئێزدی لە هەر کوێیەک بێت، دەبێت هەموویان بەیەکەوە پشتیوانی لەم هەنگاوە بکەن و بانگەوازیەکیش ئاڕاستەی هەموو نەتەوە و کۆمەڵگا و دۆستانی کۆمەڵگای ئێزدی کرا کە بە بڕیاردارییەوە خاوەنداری لە هەنگاوی بەدیهێنانی پێگەی شەنگال بکەن و تێکۆشان بۆ ئەم مەبەستە بەهێزبکەن.

بانگەوازیەک بۆ کۆنسەی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان

لە راگەیێنراوەکەدا ئاماژە بە بڕیارەکەی کۆنسەی ئەوروپا کراوە کە لە ٤ی تەموزی ساڵی ٢٠١٨دا بڵاوی کردووەتەوە و تێیدا هاتووە، 'مافی ئێزدیەکان، سوریانیەکان و پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا هەیە کە خۆسەر بن' ، هاوکات بانگەزای ئاڕاستەی کۆنسەی ئەوروپا کرا کە بە زووترین کات، بڕیارەکەی بۆ خۆسەری شەنگال بخاتە فەرمیەتەوە.

هاوکات بانگەوازیەکیش ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کرا کە بێ مەرج، بە پێی بڕیاری ١٦ی حوزەیانی ٢٠١٦ی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ، قڕکردنی شەنگال بە فەرمی بناسێت.

رێکخراوەکان لەسەر ئەم بنەمایە بانگەوازیان ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە ئەرک و بەپرسیارێتیەکانیان لەبەرامبەر کۆمەڵگای ئێزیدی جێبەجێ بکەن.

ز.ش