باری تەندروستی ئەو هاوڵاتیەی سەربازانی تورک لە هەلیکۆپتەر هەڵیاندایە خوارەوە، ناجێگیرە

سەربازانی سوپای داگیرکەری تورک دوای ئەوەی هاوڵاتی عوسمان شیبانیان دەستگیر کرد، ئەشکەنجەیەکی زۆریاندا و دواتریش لە هەلیکۆپتەر هەڵیاندایە خوارەوە. شیبان دەڵێت، باری تەندروستی ئەو ناجێگیرە و هیچ شتێکی ئەو رۆژەی بیر نایەتەوە.

هەر یەک لە عوسمان شیبان و سەروەت تورگوت لە ١١ی ئەم مانگەدا لە ناوچەی شاخێی سەر بە شاری وان دەستگیر کرابوون.

بە پێی ئەو بەڵگانەی کۆکرانەوە، شیبان کە زۆر بە قورسی بریندار بووە، لە هەلیکۆپتەرەوە هەڵدراوەتە خوارەوە. دوای وەرگرتنی چارەسەری لە نەخۆشخانەی وان، براوەتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی لە مێرسین. شیبان بۆ ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا قسەی کرد و رایگەیاند، هیچ شتێکی ئەو رۆژەی تێیدا دەستگیر کرابوو، نایەتەوە یادی و وتی:"من هێشتا نەهاتوومەتەوە سەرخۆم. گیانم زۆر دێشێت. ساتێک هەڵدەستم، دواتر دەکەومەوە ناو جیگا. باری تەندروستیم ناجێگیرە. لەسەر ئەو رۆژە هیچم نایەتەوە یاد."

ز.ش