هەرێمەکانی پاراستنی میدیا رۆژانە بوردومان دەکرێن

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە رایگەیاند، سوپای داگیرکەری تورک لە بەرواری نێوان ٢٠ بۆ ٢٩ی ئەیلولدا هەموو رۆژێک هەرێمەکانی پاراستنی میدیای بوردومان کردووە.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە لە بارەی بوردومانی سوپای داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا راگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە:

"سوپای داگیرکەری دەوڵەتی تورک بە هاوەن و تۆپ و فڕۆکە و هەلیکۆپتەری جەنگی هەرێمەکانی پاراستنی میدیایان تۆپ و بوردومان کرد. زانیاری ورد لە بارەی ئەو هێرشانەوە بەم شێوەیەیە:

٢٠ی ئەیلول لە کاتژمێر ١٨:٣٠ بۆ ١٩:٠٠ گوندی هزانک لە دەشتی نەهلێی سەر بە ناوچەی ئاکرێ بە فڕۆکەی جەنگی بوردومان کرا.

٢٤ی ئەیلول لە کاتژمێر ٢٠:٣٠ خولەک زەویەکانی گوندی یەکماڵەی سەر بە ناحیەی بامەرنێ هەرێمی مەتینا بە فڕۆکە جەنگی بوردومان کران.

٢٥ی ئەیلول لە کاتژمێر ١١:١٥ خولەک دەوروبەری گوندی گوزێی سەر بە ناوچەی ئامێدی لە هەرێمی گارە بە فڕۆکەی جەنگی بوردومان کرا.

٢٥ی ئەیلول لە کاتژمێر ١٣:٠٠ بناری گردی چیاڕەشی سەر هەرێمی زاپ بە ئۆبوس و هاوەن تۆپباران کرا. بەهۆی تۆپبارانەکەوە لە ناوچەکە ئاگر کەوتەوە و بۆ ماوەی دوو رۆژ ئاگرەکە بەردەوام بوو.

هەمان رۆژ واتە ٢٥ی ئەیلول لە کاتژمێر ١٧:٣٠ خولەک زەویەکانی گوندی بەشلی سەر بە ناحیەی بامەرنێی هەرێمی مەتینا بە فڕۆکە جەنگی بوردومان کران.

هەمان رۆژ کاتژمێر ١٨:٣٠ خولەک ناوچەی وەرخەلێی سەر بە هەرێمی ئاڤاشین بە فڕۆکە جەنگی بوردومان کرا.

٢٦ی مانگیش لە کاتژمێر ١٩:٣٠ خولەک ناوچەی کەشانێی سەر بە هەرێمی حەفتانین بە فڕۆکەی جەنگی بوردومان کرا. دوای بوردومانەکە هەمان ناوچە و دەوروبەری گوندی شیلانێ بە هەلیکۆپتەر بوردومان کرانەوە.

٢٧ی ئەیلول لە کاتژمێر ١٧:٣٠ خولەک سوپای داگیرکەری تورک بە مەبەستی سووتاندنی پوش و پاوەن و زەویەکانی گەلی باسیا، دۆڵی حەساباس و گوندی درێی سەر بە هەرێمی ئاڤاشین، بە ئۆبوس ناوچەکەیان تۆپباران کرد. بە هۆی تۆپبارانەکەوە لە ناوچەکە ئاگر کەوتەوە و تا ئێستاش ناوچەکە دەسووتێت.

٢٨ی ئەیلول لە کاتژمێر ٢١:٠٠ بۆ ٢١:٣٠ خولەک ناوچەی کۆلتێی سەر بە هەرێمی خواکورک بە هەلیکۆپتەر بوردومان کرا.

٢٩ی ئەیلولیش لە کاتژمێر ٠٤:٠٠ ناوچەکانی گۆشن و سنینی سەر بە هەرێمی خواکورک بە فڕۆکەی جەنگی بوردومان کران."

ز.ش