کەرکوک: خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە کارمەندانی خۆبەخشی تەندروستی و چالاکوانانی مەدەنی

خەڵات بەخشرایە کارمەندانی خۆبەخشی تەندروستی و چالاکوانانی مرۆیی وەکو رێزلێنانێک بۆ ئەو خزمەتەیان کە پێشکەشی هاوڵاتیانیان کردووە لەسەردەمی کۆرۆنادا.

ئێوارەی دوێنێ لە سەنتەری رۆشنبیری شاری کەرکوک، لە مەراسیمێکی شایستەدا لە لایەن ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی حزبی شیوعی کوردستانەوە، خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە ئەندامانی خۆبەخشی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک و ژمارەیەک لە پزیشک و چالاکوانی مەدەنی لە هەردوو ڕەگەزی نەتەوە جیاوازەکانی شارەکە کە لەسەرەتای سەرهەڵدانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە کاری خۆبەخشیان کردووە و بە بێ جیاوازی لە نێوان نەتەوەکانی کەرکوک، هاوکاری خەلکی شارەکەیان کردووە.

سەبارەت بە بەخشینی خەڵاتی رێزلێنان بەو کەسانەی خۆبەخشانە کاریان کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا، هاورێ حەسەن حوسێن، بەرپرسی ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی حزبی شیوعی کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی وت: "لەگەل بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا شاری کەرکوکیش بێ بەش نەبووە لە کاریگەریە نەرێنیەکانی ئەو پەتایە، ئێمەش بەگونجاومان زانی ئەو کەسانەی لەسەردەمی ئەم پەتایەدا خۆبەخشانە خزمەتی مرۆییان پێشکەش بە هاوڵاتیانی ئەم شارە کردووە، شایەنی ئەوەن خەڵاتی رێزلێنیان پێ ببەخشرێت."

هاورێ حەسەن هەروەها وتی: " تەنها کارمەندانی خۆبەخشی تەندروستیمان خەڵات نەکرد، بەڵکو ئەو کچ و کورانەی شارەکە کە لەماوەی ئەم پەتای کۆرۆنایەدا پێداویستەیە سەرەتاییەکانیان بۆ هاوڵاتیانی شارەکە دابین کردووە وەکو خوراک و جل و بەرگ و هاوکاری مادی و دابینکردنی ئۆکسجین بۆ ئەو نەخۆشانەی باری ئابوریان خراپە، ئێمەش بەخشینی خەڵاتی رێزلێنانمان بە ئەرکی سەرشانی خۆمان زانی، چونکە ئەو کەسانە شایەنی زۆر لەوە زیاترن."

ز.ش