پارێزەران بۆ ئەندامە دەستگیرکراوەکانی هەدەپە لە ئاسایشی ئەنقەرەن

پارێزەرانی سیاسەتەمەدارە دەستگیرکراوەکانی هەدەپە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئەنقەرەیان کرد.

لە چوارچیوەی ئۆپڕاسیۆنێکی پاکتاوی سیاسیدا، کە دوێنێ لە دژی سیاسەتەمەدارانی هەدەپە بەڕێوە چوو، لە ٥ شار ٢٠ سیاسەتمەدار دەستگیر کران. سیاسەتمەدارە دەستگیرکراوەکان رەوانە ئەنقەرە کران.

پارێزەران دوای بڕیاری 'رێگریکردن لە چاوپێکەوتن' کە ماوەکەی ٢٤ کاتژمێری خایاند، بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ سیاسەتەمەدارە دەستگیرکراوەکان کە لە بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی ئەنقەرە راگیراون، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیەکەیان کرد. یەکێک لە پارێزەرانی سیاسەتمەدارە دەستگیرکراوەکان، ئومێد دەدە جێگری هاوسەرۆکی گشتی لیژنەی یاسای و مافی مرۆڤی هەدەپەیە.

پارێزەران رایانگەیاند، بڕیاری 'شاراوە' کە لە بارەی دەستگیرکردنی سیاسەتەمەداران دراوە، تا ئێستاش بەردەوامە. بڕیارە رۆژی دووشەمە پارێزەران لە دژی ئەو بڕیارە ناڕەزایەتی پێشەکەش بکەن.

ناوی سیاسەتمەدارە دەستگیرکراوەکان بریتیە لە:

ئایهان بیلگین هاوسەرۆکی شارەوانی قەرس، ئالپ ئالتینورس ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری ناوەندی هەدەپە، نازمی گور ئەندامی کۆمیسیۆنی پەیوەندیەکانی دەرەوەی هەدەپە، ئاڵتان تان پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپەی شاری ئامەد، لەیلا ئاکات ئاتا پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە، ئەمینە ئاینا هاوسەرۆکی پێشووی دەبەپە و پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە، سری سورەیا ئوندەر وتەبێژی شاندی ئیمرالی، بیرجان یورولماز ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی ناوەندی بەڕێوەبردنی هەدەپە و هەر یەک لە سیاسەتمەداران گولفەر ئاککایا، بەرفین ئزگو کۆسە، دیلەک یاغلی، جان مەمیش، گونای کوبیلای، بولەند پارماکسز، زەکی چەلیک، پەروین ئودوجو، ئیسماعیل شەنگول، عەلی ئورکوت، جیهان ئەردال و پرۆفیسۆر دکتور ئەمینە بەیاز ئوستون.

ز.ش