گیوڤەن: هەر بێدەنگیەک دەبێتە هێز بۆ ئاکەپە و مەهەپە

لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکی کەجەدە ناڕەزایی بەرانبەر بێدەنگی ئۆپۆزسیۆن لەبەرانبەر هێرشی سەر گەلی کورد پیشاندا و وتی،" هەر بێدەنگیەک دەبێتە هێز بۆ ئاکەپە و مەهەپە."

رێکخستنی هەدەپەی شاری دەرسیم، لەدژی هێرشی قڕکردنی سیاسی لەدژی هەدەپە لە کۆڵانی هونەر کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا.

لە چالاکیەکەدا پانکارتێک بە دروشمی 'لەدژی ئۆپەڕاسیۆنی قڕکردنی سیاسی هەدەپە بێدەنگ مەبە' بەرزکرایەوە.

لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکی کەجەدە لە کۆنفڕانسە ڕۆژنامەنووسەکەدا قسەی کرد و وتی،" ئەوانەی ئەم جۆرە کردەوانە ئەنجام دەدەن، ئەوانەی هەوڵ دەدەن چۆک بە هەدەپە، کورد و دۆستانی تورک دابدەن ئەم دەنگە باش دەبیستن. بە ئەو ڕێبازانەی کە پێشتر تاقیکراونەتەوە ناتوانن هیچ ئەنجامێک بەدەست بهێنن. فاشیزم زاڵمە، بکوژ و لەدەرەوە هێشتنەوەیە. ئەوانەی خۆیان وەک دیموکرات دەبینن، خۆیان وەک پارێزەری بەها گەردوونیەکان و مافەکانی مرۆڤ دەبینن، ئەوانەی پارێزگاری لە برایەتی گەلان دەکەن، پێویستە بە بەهێزی دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە."

گیوڤەن ڕەخنەی لە بێدەنگی ئۆپۆزسیۆن گرت و ڕایگەیاند کە سیاسەتی قڕکردنی دەسەڵات لەم بێدەنگیە هێز وەردەگرێت. گیوڤەن دەستگیرکردنی هەزاران ئەندامی هەدەپە، دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان و کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی وەبیرهێنایەوە و وتی،"ئەوانە هەموویان بەهۆی بێدەنگی ئۆپۆزسیۆن ڕوویاندا. هەر بێدەنگیەک بۆ ئاکەپە و مەهەپە دەبێتە هێز. هەوڵ دەدەن ئێمە لەدژی یەکتری بەکاربهێنن و بەم شێوەیە سیستمی خۆیان و فاشیزم جێگیر بکەن. هەر وەک چۆن تا ئێستا بۆ ناسنامە و کەلتورمان بەرخۆدانمان کرد و بەو شێوەیە بەردەوامی بە بەرخۆدان دەدەین. وەک ئەوەی ئاپێ مووسا وتی،"بە تەنها بەرخۆدان بەشی کوردە." ئێمە هیچ کاتێک دەست لە بەرخۆدان هەڵناگرین. بەم شەپۆلە دەستگیرکردنە بە ئێمە ناوێرن."

هەروەها لەبەردەم باڵەخانەی هەدەپە لە شاری ڕوحاش چالاکی دانیشتن ئەنجامدرا.

ئاییشە سوروجو پەرلەمانتاری هەدەپەی ڕوحا، عیزەت کاراداغ ئەنجامی ئەنجومەنی پارتی هەدەپە و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی پارتەکە بەشداریان لە چالاکیەکەدا کرد. سوروجو وتی،"ئێمە هێرشەکان شەرمەزار دەکەین و لەدژی سیاسەتی فاشیست تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین."

لە چالاکی دانیشتندا دروشمی 'بەرخۆدانمان سەردەکەوێت' ، 'هەدەپە هیوایە، لە هەموو جێگایەکە'، 'ژن، ژیان، ئازادی' و 'پێکەوە لەدژی فاشیزم' وترانەوە.

ف.ق