تیپی ئامارا سرودی "لە خواکورک جەنگە" بڵاوکردەوە

تیپی ئامارا بۆ بەرخودانى خواکورک سرودێکى نوێى بڵاوکردەوە. ئەندامانى تیپەکە رایانگەیاند "هونەری دژ بە زوڵم گەورەترین شەڕە".

تیپی ئامارا سرودێکى نوێ بە ناوی "لە خواکورک جەنگە" بۆ بەرخودانى خواکورک بڵاوکردەوە.

خۆزان هارون ئەندامى تیپی ئامارا رایگەیاند، دەوڵەتى تورک دەیەوێت سیاسەتە داگیرکەرییەکەى لە باشووری کوردستان بڵاوبکاتەوە. راشیگەیاند "لەلایەکەوە گەریلا بەشێوەیەکى مێژوویى لە دژی ئەو داگیرکەرییە بەرخودان و بەرەنگاری دەکەن و لەلایەکى ترەوە گەلەکەمان لە شەقام و گۆڕەپانەکاندا بووەتە دەنگی گەریلا و لە دژی داگیرکەری هەڵوێستى خۆیان خستووەتەڕوو. ئێمەش خواستمان ئەو شەڕە و راستیى بەرخودانەکە بە هونەرەکەى خۆمان و بە سرود بخەینەڕوو، بۆیە لەبارەى بەرخودانى خواکورکەوە سرودێکی نوێمان ئامادە کرد. هیوادارین کاتێک گەلەکەمان گوێ لەو سرودە دەگرن زیاتر هەست بەو قارەمانییە بکەن، کە روو  دەدات".

خۆزان هارون ئەوەشی راگەیاند، ئەو سرود و کلیپە دەکەنە دیاری بۆ گەریلاکانى هێزی پاراستنى گەل (هەپەگە) و گەریلاکانى یەکینەى ژنانى ئازاد (یەژاستار - YJA-STAR).

"هونەری دژ بە زوڵم گەورەترین شەڕە"

دەلال سەرحەد ئەندامی تیپی ئامارا رایگەیاند، خواستمان لەبارەى بەرخودان و قارەمانیى گەریلا لە خواکورک سرودێک ئامادە بکەین. لەو بارەیەوە راشیگەیاند "دەوڵەتى تورکی داگیرکەر دەیەوێت باشووری کوردستان داگیر بکات. لە پێش هەموانەوە پارتی دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) و هێزەکانى تری ناوچەکە پشتیوانى لەو داگیرکەرییە دەکەن. پەدەکە خاکەکەمان رادەستى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر دەکات. هەر چۆن گەلەکەمان دەڵێت، خاکمان ناموس و شەرەف و شکۆمانە دەشبێت لە دژی ئەوانەی خاکمان بە داگیرکەران دەفرۆشن دەنگ هەڵبڕێت و دەست بە جموجوڵ و بەرەنگاری بکات، چونکە کات کاتی خاوەنداریکردنە لە خاکی خۆت. گەریلاکانى بزووتنەوەى ئازادیى کوردستان بۆ پاراستنى خاکى کوردستان بە شێوەى فیداییانە لە دژی داگیرکەران بەرخودان و بەرەنگاری دەکەن. بە تایبەتى پێویستە گەلەکەمان لە باشووری کوردستان لە دژی نۆکەران هەڵوێستى خۆیان بخەنەڕوو و پلانى چەپەڵیان لە دژی خاکەکەمان تێکبشکێنن".

تیپی هونەری و مۆسیقایی ئامارا لە ساڵی ٢٠٠٠ لە چیاکانى کوردستان بە دروشمی "رەنگی ژن و چیا" دامەزرا. تیپی هونەریى ئامارا تەنها لە ژنان پێکدێت و بە دەنگی ژن بەرخودانى سەر چیاکانى کوردستانمان بۆ دەڵێنەوە.

ر.م