بەختیار عەلی دوو کتێبی نوێ بڵاودەکاتەوە

ڕۆماننووس و نووسەری کورد بەختیار عەلی ڕۆمانێکی نوێ و کتێبێکی دیکە بڵاودەکاتەوە و بڕیارە بەم نزیکانە لە سلێمانى و هەولێر نمایش بکەونە بەردیدەی خوێنەرانی.

لاپەڕەی فەرمى بەختیار عەلی بڵاویکردوەتەوە، کە بەختیار عەلی ڕۆماننووس و نوسەری گەورەى کورد دوو پەرتوکی نوێی ئامادەیە بۆ بڵاوکردنەوە کە یەکێکیان ڕۆمانە بەناوی "نەفرەتى نەوبەهاران".

ئاماژەى بەوەشکردوە، کتێبەکەی دیکە بەناوی “بە سەرسامی لەناو وێرانەدا” کە دیدارێکی ڕۆژنامەوانییە و لەدوو توێی ئەم کتێبەدا بڵاودەکرێتەوە.

ئەوەش ڕوونکراوەتەوە کە تەوەری ئەم کتێبە گفتوگۆیەکی درێژە دەربارەی ژیانی منداڵی و گەنجێتی نووسەر و سەرەتای خولیا و دەستپێکردنی بە کاری نوسین هەروەها چەند پرسیار و وەڵامێک دەربارەی ڕۆمانی «غەزەلنوس و باغەکانی خەیاڵ».

بڕیارە هەردوو کتێبەکە ڕۆژی چوار شەممەى داهاتوو لە  کتێبخانەی ناوەندی ڕەهەند لە سلێمانی و لە پێشانگای نێودەوڵەتى کتێب لە هەولێر نمایش بکرێن.

بەختیار عەلی ساڵی ١٩٦٠ لە گەڕەکی ئیبراهیم پاشای شاری سلێمانی لەدایک بووە، خوێندنى سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی و زانکۆی لە شاری سلێمانی تەواو کردوە و پاشان کۆلێژی زانستی لە زانکۆی سەلاحەدین تەواو کردوە، ساڵی ١٩٨٥ باشووری کوردستانی جێهێشتووە و لە ئیران و ڕۆژهەڵاتى کوردستان نیشتەجێبووەو ساڵی ١٩٩٩ ڕووی لەسوریا و پاشان ئەڵمانیا کردوە.

بەختیار عەلی خاوەنى چەندین ڕۆمان و دیوانی شیعر و کتێبی فکرییە کە زۆرینەى هەرە زۆری بابەتەکانى باس لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتى گەلی کورد لە باشووری کوردستان و کورد بە گشتى دەکات.

هـ . ب