کۆمەڵکوژییەکانی تورکیا و پەردەپۆش کردنەکانی پەدەکە!

تورکیا بەناوی شەڕی پەکەکە لە باشووری کوردستان هاووڵاتییانی مەدەنی کۆمەڵکوژ دەکات و پەدەکەش تاوانەکانی تورکیای داگیرکەر دەشارێتەوە.

نزیکەی ٣٠ ساڵە سوپای دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بە شێوازی زەمینی و ئاسمانی، بە تانک و تۆپ و فڕۆکە هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکانی زاگرۆس، خواکورک، خنێرە و قەندیل لە باشووری کوردستان.

لە ئەنجامی ئەو هێرشە دڕندانانەدا سەدان هاووڵاتی شەهیدبوون و هەزاران کەسیش برینداربوون. بەشێکی زۆری گوندەکانی ناوچەکە بەهۆی بۆردوومانەکانەوە چۆڵکراون و خانوی هاووڵاتییان ڕووخاوە. تەنها لە هێرشی سوپای تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٠دا بۆ سەر  ناوچەی کەندەکۆڵی سەر بە ناحیەی سیدەکان ٣٩ ژن و منداڵ پێکەوە لەلایەن تورکیاوە کۆمەڵکوژکران.

دەوڵەتی تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٧ هێرشەکانی چڕتر کردووەتەوە بۆ سەر هەرێمە شاخاوییەکانی باشووری کوردستان و یەکێک لەو هەرێمانەی، کە زۆرترین هێرشی کراوەتە سەر لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بناری قەندیلە.

بناری قەندیل ناوچەیەکی شاخاویی باشووری کوردستانە، کە ٦٣ گوند لە خۆ دەگرێت. زۆر جار دەوڵەتی تورکیا بە بیانوی هەبوونی گەریلاکانی ئازادی، فڕۆکە شەڕکەرەکانی دەنێرێتە سەر ئاسمانی قەندیل و بێ ڕەحمانە گوندەکان بۆردوومان دەکەن، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانانەی تورکیادا دەیان هاووڵاتیى مەدەنی کۆمەڵکوژ کراون.

تورکیا منداڵێ یەکساڵیش دەکوژێت

یەکیک لەو کۆمەڵکوژییە دڕندانەیەی دەوڵەتی تورکیا لە بناری قەندیل، کۆمەڵکوژیی کورتەکە، کە لە ٢١ی ئابی ٢٠١١ خێزانیکی گوندی بۆڵێ لە کاتی ڕۆیشتنیان بۆ شاری ڕانیە لە لۆفەکانی کورتەک لە دامێنێ بناری قەندیل لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیان بوونە ئامانجی بۆردوومانی فڕۆکەکانی سوپای تورکیای داگیرکەر، لە ئەنجامدا تەواوی خێزانەکە، کە پێکهاتبوون لە ٦ کەس شەهیدبوون و یەکێک لە شەهیدەکانیش سۆلینی تەمەن یەکساڵ بوو.

کۆمەڵکوژیی زارگەلی یەکێکیترە لە کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر، کە فڕۆکەکانی سوپای تورکیای داگیرکەر لە کاتژمێر ٠٤:٠٠ی ١ی ئابی ٢٠١٥ لە گوندی زەرگەلی ئەنجامیاندا.

هاوڵاتییەک بە ناوی ڕێناس بە چاوی خۆی کۆمەڵکوژییەکەی بینیوە و ڕووداوەکەمان بۆ دەگێڕێتەوە و دەڵێت: لە شەودا فڕۆکەکانی تورکیا ١٩ رۆکێتیان لە ماڵی هاووڵاتییان دا و لە ئانجامدا ٨ هاووڵاتی شەهیدبوون و دەیان کەسی تریش بریندار بوون. ٨ خانووی گوندەکە ڕووخا و تەواوی خانوەکانی تری گوندەکەش زیانیان پێکەوت و چەند ئۆتۆمبێلێکی هاووڵاتییانیش سوتان.

سەرەڕای ئەوەی تاکو ئێستا سوپای تورکیای داگیرکەر دەیان کۆڵکوژیی ئەنجامداوە، بەڵام وادیارە بەو کۆمەڵکوژییانەی ڕاناوەستێت و تەنانەت هەڕەشەکانی بۆ سەر ناوچەکە لە کاتى ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەدا بەردەوامبوو و فڕۆکەکانی سوپای تورکیا بە ئاسمانی گوندەکانی بناری قەندیلەوە دەسوڕانەوە.

هەروەها دەربارەی هەمان بابەت محەمەد حسێن هاوسەرۆک شارەوانیی بناری قەندیل بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ((ANF قسەی کرد وتی: هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا زەرەر و زیانێکی زۆری لە خەڵکی ناوچەکە داوە و تەنها لە بناری قەندیل بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی سوپای تورکیا زیاتر لە ٢٣ هاووڵاتی شەهیدبوون و زیاتر لە ٢٠ هاووڵاتیی تریش برینداربوون و سەدان ماڵی هاووڵاتییانیش خاپووربووە.

'کەیسی قوربانیانی بناری قەندیل دەگۆڕدرێت'

محەمەد حسێن هاوسەرۆک شارەوانیی بناری قەندیل لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد: لە کاتی بردنی تەرمی قوربانیانی بۆردوومانەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ نە خۆشخانەی قەزای سۆران لە ژێر فەرمانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)دا کەیسی قوربانییەکان لە کاتی ڕاپۆرتی پزیشکی دا دەگۆڕدرێت و شەهیدبوونی ئەو هاووڵاتییانە لە بۆردوومانی فڕۆکەی تورکیاوە بۆ تەقینەوەیەکی نادیار گۆڕدراوە. ئەوەش پاساو هێنانەوەیە بۆ تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا.

دوایین کۆمەڵکوژی، کە تورکیای داگیرکەر لە بناری چیای قەندیل ئەنجامیدا ئەوە بوو، کە لە یەکەم شەوی جەژنی نەورۆز فڕۆکە  جەنگییەکانی سوپای تورکیا بێ ڕەحمانە گوندی سەرکان-یان لە دۆڵی باڵەیان بۆردوومان کرد و بەهۆی ئەو بۆردومانەوە ٤ هاووڵاتی بە ناوەکانی دەرباز سماقوڵی، شارۆ سەرکان، محەمەد ئیسماعیل و بێژەن مستەفا وەرتی، شەهیدبوون. ئەو ٤ هاووڵاتییە شەهیدە تەرمەکانیان لەلایەن کەسوکاریانەوە دەبرێت بۆ نە خۆشخانەی ئاشتی لە سۆران و دوای تەواوکردنی توێکاریی پزیشکی ڕاپۆرتێکی پزیشکی ڕادەستی خێزانەکانیان دەکرێت، کە لە راپۆرتەکەدا دەڵێن، بەهۆی تەقینەوەیەکی نادیار گیانیان لەدەست داوە! ئەوە لە کاتێکدایە بە بەرچاوی هەموو خەڵكی بناری قەندیلەوە فڕۆکەکانی تورکیا ئەو کۆمەڵکوژییەیان ئەنجامداوە و هەموو کەسی ئەو ناوچەیە دەنگی فڕۆکەکانی سوپای تورکیای بیستوە لە کاتی بۆردوومانکردنی ئەو گوندەدا.

'پەدەکە پەردەپۆشی بۆ تاوانەکانی تورکیا دەکات'

رەسوڵ قادر، ناسراوە بە مام رەسوڵ هاووڵاتییەکی گوندی سەرکان-ە و بە چاوی خۆی ئەو کۆمەڵکوژییەی بینیوە و دەڵێت: ڕوداوەکە فرۆکەکان ئەنجامیان دا. دەشڵێت، کاتژمێر ٠١:٠٥ فڕۆکەکانی تورکیا گوندەکەیان بۆردوومان کرد، من بە دەستی خۆم ئەو پارچە ساروخانم کۆکردووە، کە فڕۆکەکانی سوپای تورکیا ئەو هاووڵاتییانەی پێ شەهیدکردبوون، پارچە ساروخەکانمان ڕادەستی ئاسایش و دام و دەزگای حکومەتی هەرێم کرد.

مام رەسوڵ وتیشی: پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) پەردەپۆشی بۆ تاوانە دڕندەکانی تورکیای داگیرکەر دەکات.

کەسوکاری قوربانییەکانی شەهیدانی گوندی سەرکان لەو هەڵوێستەی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) توڕەن. مستەفا وەرتی باوکی شەهید بێژەن دەڵیت: کەیسی کوڕەکانی ئێمە بە لاڕێدا بردراوە. هەموو دونیا دەزانێ کوڕەکانی ئێمە بە بۆردوومان شەهید بوون، بەڵام حکومەتی هەرێم دەڵێت، بە هۆی تەقینەوەیەکی نادیار گیانیان لەدەست داوە!.

تاکەی دووژمنان پەلکێشی کوردستان دەکەن...؟

محەمىد ئیسماعیل برای یەکێکیتر لە قوربانییەکانی گوندی سەرکانە و دەڵێت: تاکەی دووژمنان پەلکێشی کوردستان دەکەن؟.

هەروەها دەڵێت، حکومەتی تورکیای داگیرکەر خۆی ئیعتراف دەکات و دەڵێت ئێمە بۆردوومانمان کردووە، بەڵام حکومەتی هەرێـم ڕاستییەکان دەشارێتەوە و دەڵێن، بە هۆی تەقینەوەیەکی نادیار گیانیان لەدەست داوە!.

هێمن مەحمود برای قوربانییەکی تری دەستی سوپای تورکیای داگیرکەر دەڵێت: داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین کەیسی کەسوکارە قوربانییەکانمان ڕاست بکەنەوە، بۆ ئەوەی هەموو دونیا راستییەکان بزانن و چیتر رۆڵەکانمان خەڵتانی خوێن نەبن.

ر.م