بەبۆنەی شەهیدبوونی گەریلایەکی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، فەرماندەیی یەرەکە ڕاگەیاندراوێکی فەرمی بۆ رای گشتی بڵاو کردەوە.
لە سەرتای ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "هەروەک ئاگادارن هێرشی هەمە لایەنە و بەرفراوان لە شوێنە جیاوازەکانی کوردستان لە سەر گەل و دەسکەوتەکانی بەردەوامە. هاوتەریب لەگەڵ ئەو هێرشانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، سەرەڕای ئەوەی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دۆخی پاراستن دان، دەبنە ئامانجی هێزەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئێران و گرووپە کۆنتراکانی. لە سەر ئەو بنەمایە وەڵامی پێویست دراوەتە ئە هێرشانە و بێ وڵام نەماونەتەوە."
سەبارەت بە ڕووداوی شەهیدبونی هەڤاڵەکەیان بەناوی 'شەڕڤان وڵات'، لە ڕاگەیاندراوەکەی فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتدا هاتوە: "هەر لەو چوارچێوەیەدا لە ڕێکەوتی ٩ی خەرمانانی ١٣٩٨ی هەتاوی (٣١ی ئابی ٢٠١٩) لە هەرێمی دۆڵی قاسملوو، چیای مادخ سەر بە شاری ورمێ، هێزەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئێران لەبەرامبەر گەریلاکانی (یەرەكە - YRK) ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوان دەست پێ دەکەن. لە ئەنجامدا لە نێوان هێزەکانی داگیرکەری ڕژیم و یەکینەکانی ئێمەدا شەڕ و پێکدادان ڕوودەدا. لە ئاکامی ئەو شەڕەدا هەڤاڵێکمان بە ناوی شەڕڤان وڵات، وێڕای بەرخۆدان و شەڕێکی قارەمانانە دەگاتە پلەی بەرزی شەهادەت و پەیوەستی کاروانی شەهیدان دەبێت."
ناسنامەی ئەو گەریلا شەهیدەی یەرەکە بەم شێوەیە:
نازناو: شەڕڤان وڵات
ناو وپاشناو : هێمن قەمبەری
ناوی دایک/باوک: ڕۆزیە- فەتحی
شوێنی لەدایک بوون: گوندی هەنیمن/کامیاران
شوێن و کاتی شەهید بوون: ورمێ/ ٣١ی ئاب/٩ی خەرمانانی ٢٠١٩
سەبارت بە کەسایەتی شەهید شەڕڤان، فەرماندەیی یەرەکە ئاماژە بەوە دەکات: "هەڤاڵ شەڕڤان نموونەی ڕاستەقینەی فیداکاری و دڵنزمی و خزمەتکاری بوو بۆ گەلەکەی؛ لە ڕەوتی شۆڕشدا کەسایەتیێکی کراوە و بەتوانا و ماندوونەناس بوو. هاوکات کەسایەتییەکی بە پێوان و خاوەن ئەخلاقی بەرزی شۆڕشگێڕی بوو. لە تەمەنی چەند ساڵەی خەباتیدا بە هەموو هێز و توانا و بێ پسانەوە خەباتی بەڕێوە برد و دەرئەنجام بووە جێگای متمانەی ڕێکخستن و گەلەکەمان."
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، یەرەکە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید و گەلی کوردی وڵاتپارێز دەکات: "بە بۆنەی شەهادەتی هەڤاڵمانەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی دەکەین و سەرەخۆشی لە هەموو گەلی وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەرمان دەکەین و بەڵێنی درێژەپێدان و بە ئەنجام گەیاندنی خەبات و تێکۆشانی دووپات دەکەینەوە."
ک-ش