دادگاى فیدراڵی بڕیاری دەستگیرکردنى پارێزگاری بەسرەى دەرکرد

ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق بڕیارى دەستگیرکردنى بۆ پارێزگاری بەسرە دەرکرد.

میدیاکانى عێراق بڵاویانکردووەتەوە، بەپێى ماددەی ٤٣٣ لە یاسای سزادان بڕیارى دەستگیرکردن بۆ ئەسعەد عیدانى پارێزگارى بەسرە دەرکراوە.

رۆژی ٨ی تەمووزی ٢٠١٨ لە شاری بەسرە لە باشووری عێراق زنجیرە خۆپیشاندانێک لە دژی نەبوونى خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بێکاری و گەندەڵی بەڕێووەچوون و ماوەى ٢ مانگ بەردەوام بوون. خۆپیشاندانەکان لە هەفتەى رابردوودا توندتر بوون.

لە دواى سوتاندنی بیناکانى پارێزگاى بەسرە، تەلەفزیۆنى دەوڵەت و بارەگای چەندین حیزبی شیعە و بنکەی چەندین گروپى میلیشایى، خۆپیشاندەران کونسوڵخانەى ئێرانیان لە بەسرە سوتاند.

لە خۆپیشاندانەکانى هەفتەى رابردوودا لە بەسرە ١٠ کەس کوژرابوون. لە رۆژی ٨ی تەمووز، رۆژی دەستپێکردنى خۆپیشاندانەکانەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٣٠ خۆپیشاندەر کوژراون.

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانى عێراق لە دانیشتنى رۆژی سێشەممەى پەرلەمانی عێراقدا هۆشداریى دابوو، ئەگەری ئەوە هەیە رووداوەکانى بەسرە بگۆڕدرێن بۆ شەڕی چەکداری.

ر.م