دانیشتوانی بادینان: گەلی کورد بە بەرخودان داگیرکەری تێکدەشکێنێت

دانیشتوانی بادینان لە دژی هێرشەکانى دەوڵەتى تورک بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان و لە دژی بێدەنگیی حکومەتى هەرێمی ناڕەزایەتییان نیشاندا و وتیان "ئەمە قبوڵ ناکرێت. بە دڵنیاییەوە بە بەرخودان داگیرکەر تێکدەشکێت".

هاووڵاتییانی ناوچەی بادینان سەرنجیان خستەسەر داگیرکەری و بێهەڵوێستیی حکومەت بەرامبەر بە هێرشەکان.

ئەیوب هروری یەکێک لە دانیشتوانی گوندی هرور لە هەرێمی بادینان سەرنجی خستەسەر ناڕەزایەتییەکانى خەڵکی ناوچەکە لە دژی هێرشەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و وتی "ناوچەکەمان هەموو رۆژێک بۆردومان دەکرێت. لە دوایین بۆردوماندا لە ٢٦ی تەممووزدا ٢ کەس لەم ناوچەیە لە بۆردومانی دەوڵەتى تورکدا شەهید بوون. هۆکاری ئەو هێرشانە بۆ بوونی پەکەکە دەگەڕێننەوە، بەڵام پەکەکە هیچ بوونێکى لێرە نییە، لە ناوچەکەدا لەناو هاووڵاتییانی مەدەنیدا نین. ئەوانە هەمووی درۆیە. لە لایەکی ترەوە باشە بۆ پەکەکە مەگەر حیزبێکى کوردی نییە؟ ئەو کاتە ئەگەر بیانەوێت لەم ناوچانەدا بمێننەوە ئەوا دەبێت شوێنیان هەبێت. ئەو دۆخە ئیدی بێدەنگی قبوڵ ناکات. هەموو عەشیرەکان و هاووڵاتییانی ئەم ناوچەیە لەم دۆخە ناڕازین. گەریلا لە حەفتانین بەرگری لەم خاکە دەکات و ئێمەش لە ئێستا بە دواوە رۆڵ و دەوری خۆمان بە شێوەیەکى چالاکانە دەگێڕین".

'چەند هێرش بکە ئێمە دەستبەرداری خاکی خۆمان نابین، بە بەرخودان داگیرکەر تێکدەشکێت'

هروری سەرنجی خستە سەر سیاسەتی داگیرکەر کە دەوڵەتى تورک بە ئەنقەست لە دژی خەڵک لەو ناوچەیەدا ئەنجامی دەدات و وتی "دەوڵەتى داگیرکەری تورک دەیەوێت لە رێگەی ئەو هێرشانەوە گوندەکانى ئەم ناوچەیە چۆڵ بکات تاوەکو بتوانێت بە ئاسانی داگیریان بکات. زیانی زۆر قورسی ماددی لە هاووڵاتییان دەدات بۆ ئەوەى بە ناچار روو لە شارەکان بکەن، بەڵام هەر چۆن باو و باپیرانمان لەسەر ئەم خاکەدا بەرخودانیان کرد و خاکی خۆیان چۆڵ نەکرد، ئێمەش دەبێت خاکی خۆمان چۆڵ نەکەین، بە دڵنیاییەوە گەلی کورد بە بەرخودانەکەى خۆی داگیرکەری تێکدەشکێنێت".

'ئەو بێدەنگییە خزمەتی دۆزی کورد ناکات'

لەسەر بێدەنگیی حکومەتى هەولێر و بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)، هروری وتی "ئەمڕۆ حکومەت لە بێدەنگییەکى گەورەدایە. ئەو بێدەنگییە خزمەت بە دۆزی کورد ناکات. ئێستا لەم ناوچەیە و چەند ناوچەیەکى تر پاسەوانی سنوور و پێشمەرگە جێگیرکراون، بەڵام بۆ ناچن بۆ خودی سەر سنوور، ئەو شوێنەى کە بۆی هاتوون لە قوڵایی خاکی باشووردایە. پێویستە لە پاڵ گەریلاکان شەڕی قورس لە ناو چیاکاندا بکەن. جگە لەوە خۆ جێگیرکردنیان لێرە گوماناوییە".

'ئێمە لە سایەی بەرخودانی حەفتانین دا سەر دەکەوین'

هاووڵاتییەکی گوندی ئاسێ بە ناوی حسێن عوسمان، کە ساڵانى ١٩٦٠ پێشمەرگە بووە سەرنجی خستەسەر شەڕی قڕکردن و سڕینەوەى گەلی کورد و وتی "پێشتر لە سەرتاسەری ئەم چیایانەدا لە دژی داگیرکەری شەڕی قوڕس دەکران، ئێستاش هەمووان لە دژی کورد یەکیان گرتووە و دەیانەوێت کورد قڕ بکەن. هەموو رۆژێک بۆمب بەسەر گەلی کورددا دەبارێنرێت. بەڵام من لەو بڕوایەدام ئەم تێکۆشانەى ئێمەى کورد لە سایەی ئەو بەرخودانەدا کە ئەمڕۆ لە حەفتانین بەڕێوەدەچێت سەردەکەوێت.

ئێمە وەک گەلانی ئەم ناوچەیە دەستبەرداری خاکی خۆمان نابین. ئێمە بۆ کوێ بڕۆین. ئێرە خاکی ئێمەیە، هەر چۆن ئێمە لێرە چاومان بە جیهان هەڵهێناوە هەر بەو شێوەیەش ئێمە لێرە دەژین و دەمرین. داوام لە هەر کوردێکی ئازاد ئەوەیە، کە خاوەنداری لەم خاکە بکات و لە دژی پلان و سیاسەتی دوژمن بوەستێتەوە".

ژ.ت