گەریلا: بە دڵنیاییەوە ڕێبە ئاپۆ لە کورستانێکی ئازاد دا دەژیت

گەریلاکانی هەرێمی خواکورک بەبۆنەی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان، وتیان بەدڵنیاییەوە کوردسستان ئازاد دەبێت و ڕێبەر ئاپۆ لە کوردستانێکی ئازاددا دەژی.

 

گەریلاکانی یەژاستار- هەپەگە کە بە شێوەیەکی فەداییانە لە بەرەکانی پێشەوەی خواکورک لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەوەستنەوە، قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فرات کرد؛

ئەوین وان، یەکێک لە گەریلاکانی یەژاستارە لەوهەرێمە وتی؛ پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات لەسەر کاسایەتی ڕێبەر ئاپۆدا، لە دژی هەبوونی کوردان ئەنجامدرا و بە خۆڕاگری قارەمانانەی گەل، ڕێبەر ئاپۆ و گەریلا، ئەو پیلانگێڕییە نەیتوانی بە ئامانجەکانی بگات. ''ئیدی تەنیا بێ ئەنجام هێشتنەوەی ئامانجەکانی پیلانگێڕی، بۆ گریلا بەس نییە و پێویستە گرتووخانەی ئیمرالی و گۆشەگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ، کۆتایی پێنێت و گەل و ڕێبەر ئازاد بژین".

ئەوین وان، دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە خواکورک، وتی: گەریلا خاوەن ئەزمونێکی ٤٠ساڵەی تێکۆشانە و هەر بەو ئەزمونەی خۆی، پێشی بە هەولە داگیرکارییەکانی تورکیا گرتووە. وان، بە ئاماژە به بێچارەیی دەوڵەتی تورکیا لە بەرانبەر گەریلادا وتی: گەریلاکانی یەژاستار و هەپەگە، خۆیان بە ڕامان و فەلسەفەی ئۆجالان پەروەردە کردووە و گەریلاکانی ئازادی کوردستان، لەسەر ئەو بنەمایە تێکۆشان دەکەن. ئەوە شتێکە کە سوپای داگیرکەری تورکیای بێچارە کردووە.

ئەویندار مەریوان، گەریلایەکی دیکەی یەژاستار، دەڵێ؛ گەلەکۆمە سەرکەوتوو نەبووە و نەیتوانیوە ئۆجالان، پەکەکە و ئیرادەی گەل تەسلیم وەرگرێت.

مەریوان، وتیشی؛ فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە، گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆیان، قورستر کردووە و لەدژی گەلی کورد شەڕێ لەناوبردنیان دەست پێکردووە. "ڕێبەر ئاپۆ ١٩ساڵە بێ‌وچان لە بەرخۆداندایە. گرێدراوی ڕێبەری، گەل و گەریلا، بەیەکەوە زۆر بەهێزە و فاشیزم توانای لەناوبردنی ئەو گرێدراوییەی نییە". گەریلاکانی کوردستان لە خواکورک و سەرتاسەری کوردستان، لەدژی هێرشەکانی دەولەتی تورکیا ئازایانە وەستاونەتەوە و ''ئەگەر چارەسەرییەک هەبێ، ئەوە بە ئازادی ڕێبەر ئاپۆ دەست پێدەکات".

((ئەم ساڵ دەکەینە ساڵی ئازادی))

هۆزان ئارگەش، گەریلای هێزەکانی پاراستنی گەل – هەپەگەیە. ئارگەش، پیلانگێڕی نێودەوڵەتی کە تێپەڕی ١٩هەمین ساڵی خۆی بووە، شەرمەزار دەکات و دەڵێ؛ ''لەگەڵ هێزە هەژمونیک – دەسەڵەت‌پارێزەکان، هێندێک نۆکەری هەرێمی-ش لەو پیلانگێڕییەدا جێیان گرت. دەیانەویست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پڕۆژەیەکی نوێ پێش بخەن و ڕێبەر ئاپۆیان لە هەمبەر پڕۆژەکانیان وەک ئاستەنگ دەدیت، هەر بۆیەش پیلانگێڕییەکی بەو جۆرەیان ئەنجامدا. بەڵام ڕێبەر ئاپۆ، نەیهێشت ئەو پیلانگێڕییە سەر بگرێت. ئەوەشی بە خۆڕاگری و هەڵوێستەکانی خۆی پێکهێنا. ئێمە وەکوو گەریلاکانی کوردستان، دەڵێین هەتا ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێ، ژیان لە ئێمە حەرامە. ئێمە ساڵی ٢٠١٨ دەکەینە ساڵی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و کوردستان. ئێمە هەتا دوایی لە مێژوو، هۆشمەندی سیاسیی و گەلی خۆمان دڵنیاین".

ساسۆن ڕۆژهەڵات، گەریلایەکی‌تری هەپەگە، وتی ؛ فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، پیلانگێڕانی تووشی شکست کردووە و ڕێگەی ئازادی و ڕزگاری پێشانی گەلان داوە. ڕۆژهەڵات، وتیشی کە ئەوان خۆیان بە فەلسەفەی ئۆجالان تەیار کردووە و وەکوو گەریلاکانی هەپەگە لەسەر ئەو بنەمایە تێدەکۆشن.

گەریلا ڕۆژهەڵات، ڕاشیگەیاند کە ئەوان بە شێوازێکی هەرە ڕادیکاڵ وەڵامی هێرش و سیاسەتی قڕکردنی داگیرکەران لەسەر گەلی کوردستان دەدەنەوە و بانگەوازیەکی بەو شێوەیەشی ئاراستەی گەلی کوردستان کرد کە بە درووشمی ''ئێمە ژیانێکی بێ ڕێبەر ئاپۆ قەبووڵ ناەین"، بڕژێنە شەقامەکان و چالاکی ناڕەزایەتی و ئیدانەکردن، ڕێک بخەن.