باهۆز ئەرداڵ: ئێمە ئامادەین دیالۆگ لەگەڵ پەدەکە بکەین -١-

باهۆز ئەرداڵ ئەندامی فەرماندەیی بڕیارگەى ناوەندی داوای لە هێزەکانی پێشمەرگە کرد "با بە گەمەکان فریو نەخۆن"، چونکە ئەگەری روودانی هەر شەڕێک لە بەرژەوەندیی ئاکەپە – مەهەپەدا دەبێت. ئەرداڵ راشیگەیاند، ئێمە بۆ دیالۆگ ئامادەین.

باهۆز ئەرداڵ ئەندامی بەڕێوەبەریی بڕیارگەى ناوەندەیی فەرماندەیی گەل (نەپەگە) بۆ رادیۆ دەنگی وڵات قسەى کرد و رایگەیاند، سەرباری هەموو هۆشدارییەکان هێزەکانی پێشمەرگە بە چەکی قورس چوونە ناوچەکانی گەریلا و ئەوەش بووە هۆی روودانی شەڕ.

ئەرداڵ رایگەیاند، ئەوان هەرگیز نایانەوێت لە بەرامبەر هێزە کوردییەکاندا شەڕ بکەن و داوای لە فەرماندەکانی پێشمەرگە کرد، نەکەونە ناو ئەو یاری و گەمانەوە، کە دەیانەوێت ئەوان بهێنن و رووبەڕووی گەریلایان بکەنەوە، کە شانبەشانی ئەوان لە سەنگەرەکاندا لە دژی داعش شەڕیان کردووە.

باهۆز ئەرداڵ ئەندامی بەڕێوەبەریی بڕیارگەى ناوەندیی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) بۆ رادیۆ دەنگی وڵات قسەى کرد و وەڵامی پرسیارەکانی پەیوەندیدار بە چالاکییەکانی گەریلای لە باکووری کوردستان، حەفتانین و هەموو ناوچەکانی بادینان و هەروەها جێگیرکردنی پێشمەرگەکانی گوڵان و رۆژ لە ناوچەى گارە، کە بوونە هۆی روودانی ئاڵۆزی و شەڕ، دایەوە.

ئەرداڵ رایگەیاند، لە کاتی پاییزدا لە لایەکەوە هێرشە داگیرکەرییەکانی دوژمن زیادیان کردووە و لەلایەکی تریشەوە چالاکییەکانی گەریلا بە بەهێزی بەردەوامییان هەیە. ئەرداڵ باسی ئەوەیکرد، لەو شەڕەدا هەندێک لە فەرماندە هێژاکانیان شەهیدبوون و وتی، "بەڕاستی هێرشە داگیرکەرییەکانی دوژمنی فاشیست لە کوردستان ئاسایی نییە. هەموو هێزی هەواڵگری و سیخوڕی، تەکنیکی، کۆنترایی و سەربازییان خستووەتەگەڕ. ئومێدێکی زۆریشیان بەو تەکنیکە هەڵچینوە، بەڵام لەم مانگانەى پاییزیشدا گەریلاکانی کوردستان جارێکیتر ئیرادە و هێزی بەرخودانیان بە شێوەیەکی بەهێز نیشاندایەوە. بەوەش بە دوژمنیان نیشاندا، کە ئەو هیوا و ئومێدەى دوژمن، پڕوپاگەندەکانی شەڕی تایبەتیان ناچارن بە تێکشکاندن، ناچارن بەوەى کە پووچ ببنەوە. بە تایبەتی لە ناوچەى سەرحەد لە مانگی تشرینی یەکەمەوە هەزاران سەرباز و کۆنترای سوپای تورک دەستیان بە ئۆپراسیۆن کرد، بەڵام گەریلاکانمان توانییان ئەو ئۆپراسیۆنانە پووچ بکەنەوە، توانییان گورزی گەورە و قورسیان لێ بدەن. دوژمن دانی بە هەندێک لە کوژراوان و برینداران و زیانەکانی خۆیدا ناوە، بەڵام زیانیان زۆر زۆرە، وەڵامی پڕوپاگەندەی شەڕی تایبەتی دوژمن بە بەهێزترین شێوە لەم مانگانەی دوایدا لە ناوچەى سەرحەد بە دوژمن دراوەتەوە. بەو بۆنەیەوە ئێمە سڵاو بۆ بەرخودانی هەموو گەریلاکانی ناوچەى سەرحەد و هەموو گەریلاکانی کوردستان دەنێرین. ئێمە ئەو بڕیارانەى ئەوان، لێھاتوییان، لێدانیان لە دوژمن پیرۆز دەکەین و ئێمە دەڵێین؛ دەستتان خۆش بێت".

"فیداکاریی فەرماندە گەریلاکان بووە وانەیەک بۆ دوژمن"

ئەرداڵ باسی ئەوەیکرد، نەک تەنها لە ناوچەى سەرحەد، بەڵکو لە هەموو ناوچەکانی باکووری کوردستان بەرخودانی گەریلا هەیە و بۆ نمونە فەرماندە عەگید جڤیان دوای ئەوەى گورزێکی گەورەی لە دوژمن دا و دەستەى بەڕێوەبەریی ئۆپراسیۆنەکەى لە ناوبرد بە قارەمانی شەهید بوو. ئەرداڵ باسی ئەوەشیکرد، ئەو بەرخودانەی فەرماندەکان و شەڕڤانانی گەریلای ئازادی وانەیەک بوو بۆ دوژمن و وتی، "فەرماندەکانمان بە ورەیەکی فیداییانە لە سەنگەرەکانی پێشی پێشەوەدا شەڕ دەکەن. لەو هێرشەدا ئێمە شەهیدمان دا، وەک فەرماندەمان لە بۆتان عەگید جڤیان، هەروەها لە دێرسیم، ئەوانە هەموو وانەن و بە  دوژمنی دەدەن. ئەوانەش نیشانەى ئەوەن، کە هەموو هەوڵەکان و هێرشەکانی دوژمن بێ ئەنجام بوون. بەرخودان بە شەهادەتی ئەو هەڤاڵانە گەورەتر دەبێت. هیوا و ئومێدی ئازادیی گەلەکەمان زیاتر و بەهێزتر دەبێت. لە سەرەتای شۆڕشەوە تاوەکو ئێستا ئەوە هەر وابووە. لەلایەکەوە ژان و ئازارمان پێدەگەیەنێت و لەلایەکی تریشەوە هیوای سەرکەوتنمان گەورەتر و بەهێزتر دەکات. لە مێژووی بەرخودانی گەریلاکانماندا ئەوە هەمیشە هەر وابووە. بە تایبەتی لە مانگی تشرینی یەکەمدا و هەموو مانگەکانی پاییزدا بەرخودانی گەریلاکانی کوردستان لە باکوور ئەوەى سەلماندووە، کە خاوەنی هەڵوێست و خاوەن هێزێکی شەڕن، کە دوژمنی پێتێکدەشکێنن و هەموو هێرش و هەوڵە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک پووچ دەکەنەوە و بەو شێوەیە ئومێد و هیوای ئازادیی گەلی کورد و کوردستان گەورە و گەورەتر دەکەن. بۆ ئەوەش دەبێت، کە ئەو شەڕە لە مانگەکانی زستانیشدا بەردەوامیی هەبێت. دوژمن چەند لە شەڕ و لەناوبردن و سڕینەوەدا پێداگری دەکات، بە دڵنیاییەوە گەریلاکانی کوردستانیش لە هونەری شەڕدا خۆیان قوڵ دەکەنەوە و هەموو جارێک سەر لە دوژمن دەشێوێنن و تێکدەشکێنن".

"بێگومان پێشمەرگەکان بۆ ئەوەى ئۆپراسیۆن ئەنجام بدەن بە چڕی و قورسی هاتنە ناوچەکانی گەریلا"

ئەندامی بڕیارگەى ناوەندی فەرماندەیی نەپەگە ئەرداڵ لەبارەى بابەتی هاتنی هێزەکانی گوڵان و رۆژی سەر بە مەسرور بارزانی بۆ ناوچەى چەمانکێ لە گارە، کە بووە هۆی ئاڵۆزی، رایگەیاند، گەریلا هیچ هێرشێکی بۆ سەر هیچ شوێنێکی پێشمەرگە ئەنجام نەداوە. هەموو گەلی کورد هۆشیار و ئاگادارن بەرامبەر ئەوەى لە ناوچەى بادینان روودەدات  و وتی، "بڕیارگەى فەرماندەیی ئێمە راگەیاندراوی بلاوکردەوە و گەریلا هیچ هێرشێکی بۆ سەر هیچ شوێنێکی پێشمەرگە ئەنجام نەداوە، گەریلا نەچووە لە زاخۆ، یان لە دهۆک هێرش بکاتە سەر شوێنێکی پێشمەرگە، نەرۆیشتوون هێرش بکەنە سەر شوێنێکی ئەمنیی حکومەتی هەرێمی کوردستان. شتی وا نییە. هێزەکانی پێشمەرگە بە چەکی قورس و زرێپۆش و دۆشکەوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن و هێرش هاتنە ناوچەکانی گەریلا. ئەوەش شەڕی لێکەوتەوە. دەبێت لەبارەى ئەو شەڕە و ئەو دۆخەوە گەلەکەمان و رای گشتی راستییەکان بزانێت، دۆخێک نییە کە گەریلا لە بارەگاکانی خۆیان رۆیشتبنە دەرەوە و چووبنە ناوچەکانی پێشمەرگە، یان چووبێتنە شارەکان و شەڕ روویدابێت. هیچ شتێکی لەو شێوەیە نییە. بە پێچەوانەوە هێزەکانی پێشمەرگە بە چەکی قورسەوە هاتن و چوونە ناوچەکانی گەریلا و بە شێوەیەکی ئۆپراسیۆنی و ئەو رووداوە رویدا. بە راستی کاتێک بارەگاکەى ئێمە زانیاریی پێگەیشت راستەوخۆ دەستێوەردانی کرد. ئەگەر دەستێوەردانی نەکردایە ئەوە زیانەکە زۆر زیاتر و گەورەتر روی دەدا، زیانەکان زۆر زیاتر دەبوون. بەڵام ئێمە لەگەڵ شەڕ نین، ئێمە لە بەرامبەر کورداندا هۆکار هەر چییەک دەبێت با ببێت لەگەڵ شەڕ نین. بە ناوی فەرماندەییەکەمانەوە راگەیاندراو بڵاوکرایەوە و ئێمە بەهۆی ئەو رووداوەوە خەمبار و ناڕەحەت بووین. بە خواستی ئێمە رووی نەدا و ئێمە خەمباربوین لەبەر ئەوە ئەنجامێکی لەو شێوەیەی لێکەوتەوە. بەراستیش هەموو گەلی کورد بۆ ئەو رووداوە خەمبار بوون. من لەو بڕوایەدا نیم، کە کوردێکی وڵاتپارێز، خاوەن شکۆ و کەرامەت بەو دۆخە دڵخۆش بوو بێت. بەڵام با هەموو کەس بزانێت، ئێمە لەو رووداوە بەرپرسیار نین، یانی هۆشداری دران و هەر خۆی ئەو ناوچانەى گەریلایان تیادایە، دیار و ئاشکران، گەریلا ئەمڕۆ نەهاتووە بۆ ئەو ناوچانە ئەوە ٣٦ بۆ ٣٨ ساڵە گەریلا لەو ناوچانەدایە و شوێنەکانیان دیارە. تۆ هەستیت بە چەکی قورس، ئۆتۆمبێلی هەمەر و بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش بچیتە ناوچەکانی گەریلا، دیارە بۆ شەڕ دەچیت، بۆ ئۆپراسیۆنێکی تایبەت و ھێرشکردنە. گەریلا لە شوێنی خۆیدایەتی، نەچووە هێرش بکاتە سەر دهۆک یان زاخۆ، یان هێرش بکاتە سەر شوێنی پێشمەرگەکان. ئەوە بەهۆی هەوڵی شەڕی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ەوە روویدا.

ئەرداڵ باسی ئەوەیکرد، ئێستاش ئاڵۆزی هەیە و رایگەیاند، ئەوان خاڵی نوێ دروست دەکەن، دەورووبەری ئەو ناوچانە دەگرن، کە گەریلایای تیادایە و چەکی قورس دەهێنن و جێگیری دەکەن. ئەرداڵ هۆشداریی دا، ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوامیی پێ بدەن مەترسیی ئەوە هەیە ئەو قەیرانە وەرسوڕێت بۆ شەڕ و وتی، "خۆی لەلایەکەوە هەرێمی باشووری کوردستان لە قەیرانی ئابووریدایە، کێشەى ژیانی هەیە، حکومەت کێشەى زۆری هەیە، کێشەی لەگەڵ بەغدا هەیە، لە لایەکی ترەوە لە کاتێکی وەهادا ئەو هەموو هێزەی پێشمەرگە، ئەو هەموو خەرجی  و مەسرەفە و هێنانیان بۆ ناوچەکانی گەریلا روودەدات. ئەوە لە پێناو چیدا؟ ئەوە مەترسیی ئەوەى لێدەکەوێتەوە کە وەرسوڕێت بۆ شەڕێک، ئێستا هیچ شەڕێک نییە، بەڵام بەو رادەیە زیادکردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچەیە و گرتنی زۆر شوێن هەر خۆی لەگەڵ خۆی وروژاندنی شەڕ و مەترسیی شەڕی تیادایە. یانی گەلەکەمان و هەموو رای گشتی لەو رووەوە هۆشیارن و ئێستا دۆخەکە بەو شێوەیە".

"پەدەکە بەو گەریلایانە دەڵێت داگیرکەر، کە لە سەنگەری شەڕدا لە بەرامبەر داعش دا شانبەشانی پێشمەرگە شەڕیان دەکرد"

ئەرداڵ لەبارەی راگەیاندراوی بەڕێوەبەریی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)، کە دەڵێت "گەریلاکانی پەکەکە ناوچەکەیان داگیرکردووە" و "پەکەکە رێگا نادات خەڵکی ناوچەکە بگەڕێنەوە سەر گوندەکانیان و زەوی و زاری خۆیان و کاری کشتوکاڵی بکەن" وتی، گەلی کورد مافدارانە گفتوگۆ لەبارەی هۆکارەکانی ئەو قەیرانەوە دەکات، کە قەیرانەکە کێیە و کێ چیدەکات. ئەرداڵ وتیشی، دەبێت گەل، رۆشنبیران، سیاسەتمەداران، رێکخراوەکان و دەزگا کوردی و کوردستانییەکان بە شێوەیەکی بێلایەنانە گفتوگۆ لەبارەى هۆکاری ئەو قەیرانەوە بکەن، کە بۆ چی روویداوە، کام لایەن هەقە و کام لایەن ناهەقە و بە ئەنجامێک بگەن. ئەرداڵ رایگەیاند، لە ئەنجامدا و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی کورد و کوردستان کێ ناهەقە با گوشار بخرێتە سەری تاوەکو ئەو ئاڵۆزیە وەرنەسوڕێت بۆ شەڕێکی گشتی. ئەرداڵ ئەوەشی وت، "ئێستا روونە و هەموو کەس دەزانێت، پەدەکە هێزە تایبەتەکانی خۆی کە پێیان دەڵێن، "پێشمەرگەی رۆژ" و .... هتد لە مەسیفەوە هێناویەتی بۆ ناوچەکانی مەتینا و گارە، واتە هێناونی بۆ ناوچەکانی گەریلا. گەریلا لە ناوچەکانی خۆی و لە شوێنی خۆیدایەتی. پەدەکە دەیەوێت بۆ ئەوە پاساو و بیانوی جۆراجۆر دروست بکات. هەروەها دەیەوێت گەلی کورد قەناعەت بەوە بکات، کە دەڵێت، "گەریلاکانی پەکەکە ئەو ناوچانەیان داگیرکردوە" و ئەوە بە هۆکار و پاساو نیشان بدات. بەراستیش کاتێک ئەوە دەڵێن، من بڕوا ناکەم نەک گەلی کورد، بەڵکو پێشمەرگەکانی خۆیشیان قەناعەت بەو قسانە بکەن. بۆ چی؟ مەگەر گەریلا ئەمڕۆ هاتووە بۆ ئەو ناچانە، ٣٦ بۆ ٣٨ ساڵە گەریلاکانی پەکەکە لەو ناوچانەدان. جا پەدەکە هەندێکجار دەڵێت، "گەریلا هێزێکی بەرخودان و خۆڕاگرە، باشن، ئێمە خوشک و برای یەکترین" و .... هتد. هەندێکجاریش دەڵێن، "گەریلا هێزێکی داگیرکەرە". ئەو نزیکایەتییە هیچ راستگۆی و میسداقیەتێکی تیادا نییە و کەسیش بڕوای پێ ناکات. من نمویەک دەڵێم، لە شەنگالەوە بگرە تاوەکو دەشتی مەخموور، تاوەکو کەرکوک، لە بەرپرسانی سەرەوە بۆ خوارەوەی پەدەکە، هەر کەسێک کاتێک قسەى دەکرد دەیوت، 'گەریلاکانی پەکەکە بەرخودانی پاڵەوانانە دەکەن، قارەمانی دەکەن' و سپاسیان دەکردن و پیرۆزباییان لێدەکردن. دیسانەوە، گەلەکەمان باش دەزانێت، لە ساڵی ٢٠٠٨ دا هێزە فاشیستە داگیرکەرەکانی دەوڵەتی تورک هێرشیان کردە سەر زاپ. هێرشیان کردەسەر ناوەندی بڕیارگەى فەرماندەیی هەپەگە و لەو کاتەشدا لە بەرپرسانی پەدەکەوە بگرە تاەکو سەرۆکی هەرێم، لە سەرەوە بۆ خوارەوە، بەرخودانی گەریلایان لە زاپ پیرۆز کرد، سپاسیان کردن و هەڵوێستیان زۆر باشبوو و دڵخۆشیی خۆیان دەهێنایە زمان. هەندێکجار دەیانوت، "گەریلاکانی پەکەکە قارەمان و وڵاتپارێزن". ئەو کاتە نەیاندەوت، "گەریلا داگیرکەرە" و سپاس و پیرۆزبایین لێدەکردن. ئەو کاتە نەیاندەوت، "گەریلا لێرە چی دەکات، هۆکار گەریلایە". ئەوە ماوەیەک دەڵێن، گەریلا قارەمانە و ماوەیەکی تر دەڵێن، "گەریلا داگیرکەرە، گەریلای تیرۆریستە" و بە زمانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر قسە دەکەن. گەریلا هەر ئەو گەریلایە و شوێنەکەشی هەر ئەم شوێنە بوو، ئەوە چۆن بوو ئەو کاتە دەتوت، گەریلا قارەمانە و ئەمڕۆ بە هەمان ئەو گەریلایە دەڵێیت "تیرۆریست و داگیرکەر". ئەو قسانە هیچ راستگۆی و میسداقیەتیان نییە و کەس بڕوایان  پێ ناکات، ئیدی هەموو کەس دەزانێت ئەو قسانە قسەى دەوڵەتی تورکن و تۆش بە دەمی ئەوان قسە دەکەیت".

'بۆ باشوری کوردستان نەک بوونی پەکەکە، بەڵکو بوونی ٣٧ بارەگای دەوڵەتی تورک کێشەیە'

باهۆز ئەرداڵ ئەندامی بڕیارگەی ناوەندی فەرماندەیی نەپەگە راشیگەیاند، بوونی گەریلاکانی پەکەکە نە بارگرانبە بۆ سەر هەرێمی باشوری کوردستان و نە کێشەیان بۆ دروست دەکات و جەختی کردەوە کە بە پێچەوانەوە، گەلی باشوری کوردستان هیچ ناڕاحەتیەکی لە بەرامبەر ئەم بابەتە نیە و هیچ ناڕەزایەتیەکیش پیشان نادەن.

ئەردال رایگەیاند ئەو لەو بڕوایەدایە کە پێشمەرگەش لەم بابەتە ناڕاحەت نیە و بەم شێوەیە باسی لێوە کرد:"کێشەی باشوری کوردستان، بوونی پەکەکە نیە، بەڵکو کێشەکەی بوونی ٣٧ بارەگای داگیرکەری تورک و هەواڵگری دەوڵەتی تورکە. ئەوان مەترسین بۆ سەر دواڕۆژی باشوری کوردستان. ئەوەی جێگا تێڕامانە و سەرنجڕاکێشە و پرسیاری لە لای گەلەکەمان دروست کردووە ئەوەیە کە هیچ بەرپرسێکی پەدەکە ناڵێت هێندە بارەگا و دەزگای هەواڵگریی دەوڵەتی تورک لێرە چی دەکەن و بۆچی لێرەن؟ بە پێچەوانەوە پەدەکە دەڵێت، 'با گەریلاکانی پەکەکە بڕۆنە دەرەوە'. ئایا ئەو کاتەی ئێوە تەنگەتاو ببوون، دەوڵەتی تورک هاوکاری کردن؟ کاتێک چەتەکانی داعش هێرشی کردە سەرتان، ئەو ٣٧ بارەگایەی دەوڵەتی تورک هاوکاری کردن یان گەریلاکانی پەکەکە؟ گەریلاکانی پەکەکە چەندین مانگ لە سەنگەرەکاندا شان بە شانی ئێوە لە دژی داعش شەڕیان کرد. واتە ئێستا بانووەکانی پەدەکە لە بەرامبەر گەریلاکان دەیسەلمێنێت کە ئەوان چەند ناحەقن."

'پەدەکە ناهێڵێت گەل بگەڕێتەوە سەر گوند و زێدی خۆیان'

ئەرداڵ تیشکی خستە سەر لێدوان و راگەیاندنەکانی پەدەکە و رایگەیاند، پەدەکە بیانووی ئەوە دێنێتەوە کە گوایا 'پەکەکە ناهێڵێت گەل بگەڕێتەوە سەر گوندەکانی خۆی' و هەموو رۆژێک چەند گوندێک چۆڵ دەکەن و دەڵێن:" هێندە گوند بە هۆی پەکەکەوە چۆڵن" و وتیشی:"هەموو کەسێک دەزانێت کە ئەمە ناڕاستە. خەڵکی دەڤەری بادینان، خەڵکی زاخۆ و ئامێدی و دهۆک و سیدەکان و دیانا هەموویان باش دەزانن ئەمە راست نیە. با ئەمڕۆ ئاسایش رێگە بدات، گەلی چەمچۆ تا دەگاتە گەلی زاپ و تا هەرێمەکانی ئاڤاشین هەموویان دەگەڕێنەوە سەر گوندەکانی خۆیان. لە نەهڵێوە تا دەگاتە گارێ و برادۆست، هەموو کەسێک دەگەڕێتەوە سەر گوندەکانی خۆی. بە پێچەوانەوە ئەوانن کە ناهێڵن خەڵک بگەڕێتەوە سەر گوندەکانی خۆی. بەرپرسێکی پەدەکە خۆی لە راگەیاندنەکاندا بە ئاشکرایی وتی، 'با خەڵک نەگەڕێتەوە گوندەکانی خۆیان'. ئێستا گەل دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر زەویەکانی و بێستان و باخ و زەویەکانی بکێڵێت و دەست بە کشتوکاڵیەکەی بکاتەوە، بەڵام پەدەکە ناهێڵێت و رێگریان لێدەکات. گەل لە گەریلا ناڕاحەت نیە، گەریلا لەو ناوچانەی تێدا جێگیر بووە، هیچ مەترسیەکی بۆ خەڵکی ناوچەکە دروست نەکردووە. خەڵکی باشوری کوردستان ئەمە باش دەزانێت کە هیچ رێگریەکمان نیە بۆ ئەوان یان گەریلا هیچ مەترسیەکیان بۆ دروست ناکات. پەدەکە لەسەر داوای دەوڵەتی فاشیی داگیرکەری تورک ناهێڵێت گەل بگەڕێتەوە سەر گوندەکانی خۆی."

'یەک پڕۆژەشیان بۆ خزمەتکردنی گەلی ناوچەکە نیە'

ئەرداڵ وتی:"ئێمە دەمانەوێت کاری خزمەتگوزاری پێشکەش بکەین، بەڵام پەدەکە ناهێڵێت. با ئەوان باسی کارەکانی خۆیان بکەن و بزانین چی پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریان هێناوەتە ناوچەکە و گەریلاکانی ئێمە رێگریان لێکردبێت؟ با باسی یەک پڕژە بکەن. هیچ پڕۆژەیەکیان نەبووە. یەک پڕۆژەیان هەبوو، ئەویش ویستیان لە ناوچەکە نەوت دەربهێنن، ئەویش ئێمە هاوکار بووین. کۆمپانیایان هێنایە ناوچەکە و بۆ نەوت گەڕان، هەموو ئەو شوێنانەی بەدوای نەوتدا دەگەڕان، ناوچەی گەریلا بوون. گەریلاکان بە شێوەیەکی سروشتی هاوکاری کردن. با بڵێن، بزانین گەریلا چی رێگریەکی بۆ دروست کردون. با باسی یەک پڕۆژەی خزمەتگوزاریان بکەن بۆ گەلی ناوچەکە کە گەریلا رێگری بۆ دروست کردبێت. بە پێچەوانەوە یەک پڕۆژەیان هێنا و گەریلا بۆیان بوو بە هاوکار و رێزیان لێگرتن.

ئەگەر خزمەتێک بۆ گەلی ناوچەکە بێت، ئەوا ئێمە ئامادەین هاوکاری بکەین. بۆیە ئەو بیانووانەی پیشانی دەدەن، ناڕاستن و گەلی ناوچەکەش ئەمە باش دەزانێت. بەڵام ئەو گەریلایانەی چەندین ساڵە لەم ناوچەیەن و ئێستا پێیان دەڵێن "گەریلا داگیرکەرە و با بڕۆنە دەرەوە'. لە ساڵی ٢٠٠٨دا ئێوە دەتانوت، 'گەریلا قارەمانە، خۆڕاگرە، ناوچەکانمان دەپارێزێت'، ساڵی ٢٠١٣-٢٠١٤ لە شەنگالەوە تا مەخمور، هەوڵێر و کەرکوک کاتێک گەریلا هات بۆ پاراستنتان، دەتانوت، ئێوە قارەمانن، بەڵام ئێستا دەڵێن داگیرکەرن. من ئەمە بە ئاشکرا دەڵێم، خودی پێشمەرگەکانی پەدەکەش نایانەوێت گەریلا لە ناوچەکە بچێتە دەرەوە. چونکە ئەوان دەزانن کە گەریلا بۆ ئەوان پشت و پەنان. ئەوان دەزانن کە لە شەڕی دژی داعش و چەند بارودۆخێکی تردا، گەریلا هاوکاریی گەورەیان کردوون."

ئێمە بۆ دیالۆگ ئامادەین

باهۆز ئەرداڵ، بۆ ئەوەی رێگای دیالۆگ بگیرێتەبەر، بانگەوازی هەموو گەل و بە تایبەت رۆشنبیران و سیاسەتمەدارانی کورد کرد و وتی:" با گەلەکەمان، بە تایبەت رۆشنبیران و سیاسەتمەداران و هەموو کەسێک ئەوە گوتوبێژ بکات، بڕیار بدەن و با ئەوەش باش بزانن کە ئێمە لە دژی شەڕین و ئێمە بەرژەوەندیەکانی گەلەکەمان لەم شەڕەدا نابینینەوە و بە ئاشکرایی دەڵێین، ئێمە بۆ دیالۆگ ئامادەین. دەبێت ئەم پرسیارە لە پەدەکەش بکرێت، ئایا پەدەکەش ئێستا بۆ دیالۆگ ئامادەیە؟ تەماشای لیبیا بکەن، تەماشای شەڕێ نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان بکەن کە لە قەرەباغ بەڕێوە دەچێت، بۆ رێککەوتن سەردانی یەکدی دەکن و دانیشتن ئەنجام دەدەن. لەگەڵ ئەوەی دوژمنی یەکتریش، بەڵام دانیشتن ئەنجام دەدەن. بەڵام ئێمەی کورد دانیشتن ئەنجام نادەین، هەوڵ نادەین بە دیالۆگ کێشەکان چارەسەر بکەن. ئێمە بە ئاشکرا دەیڵێین، ئێمە پێشمەرگەکانی باشوری کوردستان بۆ خۆمان وەک دوژمن نابینین، بەڵکو وەکو برا دەیانبینین.

هەروەها هێز و پارتە سیاسیەکانی باشوری کوردستانیش بۆ خۆمان وەکو هێز و دەستکەوتی کورد دەبینین. بۆیە ئێمە هەمیشە ئامادەین بۆ دیالۆگ، ئایا ئەوانیش ئامادەن؟ ئەگەر ئامادەن لە بەیانی زووتر نیە با دانیشتن ئەنجام بدەین. با بە یەکەوە قسە لەسەر کێشەکان بکەین و چارەسەری بدۆزینەوە. چی پێویست دەکات هێندە هێز رەوانەی ناوچەکە دەکەن، چی پێویستە هێندە خەرج بکەن؟ ئەو پارەیەی لەمەدا خەرجی دەکەن، با لە خزمەتگوزاریەکاندا خەرجی بکەن."

'نامانەوێت ئەم ئاڵۆزیانە بگۆڕێن بۆ شەڕ'

ئەرداڵ تیشکی خستەسەر مەترسیی ئەوەی ئەو ئاڵۆزیەی لە هەرێمی گارێ بگۆڕێت بۆ شەڕ و رایگەیاند، بە راستی ئەوان نایانەوێت ئەم ئاڵۆزیانە بگۆڕێن بۆ شەڕ و وتی:"ئێمە داواکارین کێشەکان بە رێگای دیالۆگ چارەسەر بکرێن. گەورەترین هەوڵمان ئەمەیە. بڕیارگەی ناوەندیشمان ئەمەی بە ئاشکرا راگەیاند، بزوتنەوەکەشمان بە گشتی باسی لەمە کردووە. بەڵام ئەگەر لایەنەکانی تر سوور بن لەسەر ئەمە و هێرش بکەن، بێگومان گەریلا تەسلیم نابێت. ئەم گەریلایانە هێزی سەرتاسەری کوردستانن، گەریلاکانی فیدایین. ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی شەڕ ناکەین، نەوەک ئێمە لاوازین، بۆیە شەڕ ناکەین، گەریلاکان هەموویان فیدایین، لە راستیدا هەموویان لە ناو شەڕدان، لەم رووەوە هیچ کێشە و لاوازیەکی گەریلا بوونی نیە. ئێمە دەمانەوێت لە دژی داگیرکەرانی کوردستان شەڕ بکەین، دەمانەوێت لە دژی گەورەترین دوژمنی گەلی کورد شەڕ بکەین. ئەردۆغان و پارتەکەی چەند دوژمنی گەلی کوردی باکورە، هێندەش دوژمنی گەلی باشورە. هەر هێرشێک لە دژی گەریلا ئەنجام بدرێت، گەریلا بە بێ دوودڵی خۆی دەپارێزێت. گەریلا تەسلیم نابێت. ئێمە شەڕمان ناوێت، بەڵام ئەگەر سووربوون لەسەر شەڕ، بێگومان ئێمە تەسلیم نابین. هەندێک کەس دەڵێت، ' پەدەکە یان حکومەتی هەرێم نازانم سەد و چەند میلیۆن دۆلار قەرزداری دەوڵەتی تورکە و لە بەرامبەر ئەو قەرزە، دەوڵەتی تورک فشاری خستووەتە سەریان بۆ ئەوەی لە دژی گەریلا شەر بکەن'.  ئەگەر لەگەڵ ئەو هەموو بانگەوازیەکان، ئەو هەموو بانگەوازیەی رۆشنبیران و گەلەکەمان، لەم هەوڵەیاندا سوور بن، وڵاهی دەگۆڕێت بۆ شەڕ و کاریگەریەکی گەورە لەسەر گەلەکەمان و هەرێمی باشوری کورستان دروست دەکات. ئەگەر شەڕێک دروست ببێت، ئایا باشوری کوردستان ئارامی دەبینێتەوە؟ نەخێر! چونکە نە بازرگانی دەمێنێت، نە ئابوری دەمێنێت، نە ئارامی و هیچ شتێک نامێنێت، هەموو شتێک تێکەڵ دەبێت. گەورەترین زیانیش بەر گەلی کورد دەکەوێت، هەموو شتێک ئاڵۆز دەبێت، ژیانی گەل تێک دەچێت. ژیانی گەلی باشور بە تەواوەتی تێک دەچێت، ئەو قەیرانەی ئێستا هەیە، قوڵتر دەبێتەوە. ئێمە نامانەوێت ئەوە بڵێین بەڵام شەڕ تەنها لەسەر چەند شاخێک نابێت، بۆیە ژیان زۆر خراپ دەبێت. با وا تێنەگەن کە ئەم قاسنە هەڕەشەن، ئەمە لە سروشتی شەڕدا هەیە، شەڕ ئەم ماڵوێرانیانە لەگەڵ خۆیدا دێنێت.

چی بیانوویەکت هەیە، چی مافێکت هەیە کە هێرش دەکەیت؟ ئایا گەریلا چیی لێکرتوون، جگە لە هاوکاری، جگە لە پشتیوان چی لێکرتوون؟ ئەم گەریلایانە بە هەزاران شەهیدیان داوە بۆ ئەوەی باشوری کوردستان بپارێزن. هەر کاتێک ئەمانە کەوتووەنەتە تەنگانەوە، گەریلا هاوکاری کردوون. بۆیە بەر لەوەی بارودۆخەکە ئاڵۆز ببێت، بە تایبەت بەرپرسانی پەدەکە بۆ دواڕۆژ دەبێت هەندێک ستراتیجیانە بیر بکەنەوە.

بۆ نمونە با مەسعود بارزانی ئەو تەمەنەی ماویەتی تەنها بۆ سەرۆکی پارتێک خەرجی نەکات، با بیر لە یەکێتی گەلی کورد بکاتەوە. دبێت ئەو تەمەنەی ماویەتی بۆ بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورد بەکاری بهێنێت، نەک بۆ بەرژەوەندی تاکە پارتێک. لە ناو بەرپرسانی پەدەکەدا هەندێک کەس هەن دەیانەوێت شەڕ دروست ببێت، ئێمە دەزانین ئەوان نزیکن لە دەوڵەتی تورکەوە، خاوەن بەرژەوەندی بەرتەسکن و پارەیان دەوێت. ئێمە ئەو کەسانە باش دەناسین. ئەوان دەیانەوێت شەڕ دروست ببێت و بارودۆخەکە ئاڵۆز ببێت. بەڵام دەبێت بەرپرسانی تر بیر لەم خاڵە بکەنەوە کە شەڕ لە بەرژەوەندیی دواڕۆژی گەلی کورددا نیە، بە پێچەوانەوە زیانی پێدەگەیێنێت و قەیرانە هەنۆکەییەکان، قوڵتر دەکاتەوە."

ژ.ت - ز.ش