دەلیلا یوسف باس لە چالاکییە نیشانەشکێنییەکان دەکات

گەریلا ژنەکان زیاتر لە ٦ مانگە بە چەکی قورس لە ناو بەرخوداندان و چالاکیی ئەنجام دەدەن و دەچنە سەر هێزەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و گورزی قورسیان لێدەدەن. گەریلا دەلیلا یوسف باسی لە چالاکییە نیشانەشکێنییەکان کرد.

بەرخۆدان لە دژی هێرشە داگیرکارییەکانی سوپای تورک بۆ سەر ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتینا و زاپ بە پێشەنگایەتیی گەریلا ژنەکان و چالاکییەکانیان بەردەوامە. گەریلاکانی یەژاستار، کە لە ئاڤاشین شەڕ دەکەن، ئامادەکاری دەکەن بۆ پێشوازیکردن لە ٦هەمین مانگی بەرخۆدانەکەیان. جگە لە پێشەنگایەتیکردنی چالاکییە گشتییەکان چالاکیی سەربەخۆش ئەنجام دەدەن.

دەلیلا یوسف گەریلای یەژا ستار لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی زاگرۆس دا بەشداری بەرخۆدانی ئاڤاشین بووە. دەربارەی چالاکییە نیشانەشکێنی لە ناوچەی مەرڤانۆس و وردەکارییەکانی بەرخۆدانی دژ بە هێرشە داگیرکارییەکان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

شەهادەتەکان بوونە هۆی دروستبوونی تووڕەییەکی گەورە

"دوژمن سەرەتا سەرنجی خستە سەر ناوچەکانی مەرڤانۆس و مام رەشۆ. لە ناوچەی مام رەشۆ دوژمن خواستی گورزێک بوەشێنێت،  بەڵام هەڤاڵانی ئەوێ وەڵامیان دایەوە و دوژمن لە بەرامبەر ئازایەتیی هەڤاڵانی ئەوێدا بێدەسەڵات و بێچارە بوو. پاشان گازی کیمیایی دژی ٧ هەڤاڵمان لەوێ بەکارهێنا ئەو هەڤاڵانە لە مام رەشۆ شەهید بوون.

 کاتێک هێرشەکان لە ناوچەی مەرڤانۆس دەستیپێکرد. فەرماندە رۆناهی، هەڤاڵان ئەکین و ئاسیا و ژمارەیەکی زۆر لە هەڤاڵانی ژن رۆڵی کاریگەریی خۆیان گێڕا. شەهادەتەکانی گۆڕەپانی مەرڤانۆس بوونە هۆکاری توڕەییەکی گەورە. ئێمەش دەمانخواست بۆ تۆڵەى  هەڤاڵان چالاکی ئەنجام بدەین. من خۆم لەو کاتەدا نیشانەشکێن بووم لە مەرڤانۆس و جموجوڵەکانی دوژمنمان چاودێری و ئاشکرا دەکرد. وەک هەڤاڵ سەرحەد گراڤی وتی، ئێمە بەدوای دوژمندا دەگەڕاین، بەڵام دوژمن خۆی هاتە بەر پێمان.

لەو کاتەدا ئێمە لە تونێلەکانی جەنگدا بووین. گۆڕەپانەکەى ئەوێ و تونێلەکانی جەنگ زۆر قورس و سەخت بوون. کاتێک سەربازەکان هاتن بۆ ئەوێ و کاتێک دەڕۆیشتن بۆ شوێنێک ناچاربوون دەستی یەکتر بگرن و بەو شێوەیە بەڕێدا بڕۆن. نەیاندەزانی چی بکەن. دوای چاودێریکردنیان ئێمە یەکەم چالاکیی نیشانەشکێنیمان لە دژیان ئەنجامدا. دوای ئەو چالاکییە سەربازانی دوژمن ترسان و بە پەشۆکاوییەوە بڵاوەیان لێکرد و لە تونێلەکانی جەنگ دوورکەوتنەوە. باڵادەستیی ئێمە ئەوە بوو هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوەی تونێلەکانی جەنگ لێمان دەدان. گەریلاکانی یەژاستار بەرامبەر بە دوژمن زۆر تووڕە بوون و لەبەر ئەوەش هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوە بە بەردەوامی چالاکییان لە دژیان ئەنجام دەدان و لێیان دەدان. ئێمە خواستمان دوژمن لەو ناوچەیە بکەینە دەرەوە.

بە ڕێزەوە لە تەرمەکانی خۆشیان نزیک نەدەبوونەوە

دوای ئەو چالاکییە نیشانەشکێنییە، دوژمن یەکە نهێنییەکانی خۆی لە ناوچەکە بڵاوە پێکرد. ئەوە ناوچەی ئێمە بوو، کاتێک گۆڕانکارییەکی بچووکیش رووی بدایە ئێمە پێمان دەزانی. لە یەکەم چاودێری و گەڕاندا ئێمە  شوێنی ئەو یەکە نهێنیانەمان دیاری کرد. دوای ئەوەی دەستنیشانمان کردن، ئێمە چالاکیی دووەمی نیشانەشکێنیمان لە دژیان ئەنجامدا. لێرەدا شتێک بووە جێگا سەرنجمان. ئەویش چۆنیەتیی نزیکبوونەوە و رەفتاریان بوو لەگەڵ تەرمی سەربازەکانیان. دوای چەند رۆژ دەهاتن بۆ تەرمەکانیان و بەسەر زەویدا ڕایاندەکێشان و بە راکێشان بە دوای خۆیاندا دەیانبردن. ئێمە بە چاوی خۆمان بینیمان، کە ئەوان چەند بەرامبەر بە هاوڕێکانی خۆیان دڕندە و بێڕێزن.

چالاکییە نیشانەشکێنییەکان ترسی خستبووە دڵیان

چالاکییە نیشانەشکێنییەکان کاریگەرییەکی زۆر تایبەت و قورسی لەسەر دوژمن هەبوو. ئەوان نەیاندەتوانی ئەوە دیاری بکەن، کە لە چ لایەکەوە و لە چ شوێنێکەوە و چۆن تەقەیان لێدەکرێت. لەبەر ئەوەش هەمیشە دەترسان. لەبەر ئەوەش کاتێک یەکێکیان دەکوژرا زۆر دەشڵەژان و بە خێرایی لە یەکتر دوور دەکەوتنەوە. ئەو چالاکییانە بوونە هۆی ئەوە، کە دوژمن لەو گۆڕەپانەدا بکشێتەوە. هەڤأڵان هەم لە ناوەوەی تونێلەکان و هەم دەرەوەی تونێلەکان شەڕیان دەکرد و لە دوژمنیان دەدا. لە ئاکامدا دوژمن نەیتوانی خۆی لەوێدا جێگیر بکات.

ژ.ت