PADÊ: ئامانجی دەوڵەتی تورک لەناوبردنی کۆمەڵگای ئێزدیە، بێدەنگ مەبن

پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدی (پادێ – PADÊ) ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک بۆ لەناوبردنی کۆمەڵگای ئێزدی هێرش دەکاتە سەر شەنگال.

پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدی (پادێ – PADÊ) ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک بۆ لەناوبردنی کۆمەڵگای ئێزدی هێرش دەکاتە سەر شەنگال و ڕایگەیاند، بە خاوەندارێتیکردن لە یەبەشە و شەنگال وڵامی هێرشەکان بدەینەوە. هەروەها بێدەنگی دەوڵەتی عێراق و هێزە نێودەوڵەتیەکانی شەڕمەزارکرد.

دەستەی بەڕێوەبەری پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدی لەبارەی هێرشی ئاسمانی سوپای تورک لە شەنگاڵ و شەهیدبوونی ٤ شەڕڤانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

'بە هێرشەکان دەیانەوێت کۆمەڵگای ئێزدی لەسەر خاکەیان دووربخەنەوە و لەناوببەن'

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژەبەوەکرا، یەکێک لە شەهیدە فەرماندەکان زەردەشت شەنگالی بە ڕەنج و فیداکاریی خزمەتێکی پیرۆزی بۆ کۆمەڵگای ئێزدی کرد. بۆ ئەوەی تۆڵە بکاتەوە، بەشداری لە هەموو هەڵمەتەکانی دژی داعش لە ڕۆژئاوا کرد و بە دەیان کچ و منداڵی ئێزدی لەدەستی داعش ڕزگار کرد.

بەڕێوەبەری پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدی وتیشی، "دەوڵەتی فاشیست و دیکتاتۆری ئەردۆغان بە یارمەتی کوردی خایین جارێکیتر دڕندەیی خۆی پیشاندا کە ئامانجی هێرشەکان دوورخستنەوەی ئێزدیەکانە لە خاکەکەیان."

هەروەها ئەوەی خستەڕوو، دەوڵەتی تورک دەڵێت، "پەکەکە لە هەرێمەکەیە" بەڵام جیهان هەمووی دەزانێت، ئەو بانگەشەیە درۆیە و ئامانجیان لەناوبردنی کۆمەڵگای ئێزدیە.

باسی سەردەمی عوسمانیشی کرد کە بە دەیان کۆمەڵکوژی بەدەستی عوسمانیەکان لەدژی کۆمەڵگای ئێزدی ئەنجامدراون و پرسی ئەوەی کرد 'ئایا ئەو کاتە پەکەکە هەبوو؟.

'بە بەهێزکردنی یەبەشە وڵامی هێرشەکان دەدرێتەوە'

پادێ ڕایگەیاند، لە ڕاستیدا دەوڵەتی تورک دەیەوێت کۆمەڵگای ئێزدی لەناوببات و وتی، "بانگ لە هەموو کۆمەڵگای ئێزدی و گەلی کورد دەکەین، بەرامبەر دڕندەیی دەوڵەتی تورک و دیکتاتۆر ئەردۆغان بێدەنگ نەبن. خاوەنداریی لە شەنگال بکەن و داواکاری خائینەکان بە جێنەهێنن، بە ڕێکخستن وڵامی دوژمن بدەنەوە. پێویستە ئێمە دوژمنەکانمان بناسین کە دەیانەوێت بە هێرشەکان بمانترسێنن و سەرمان دانەوێنن. ئێمە ئەم سیاسەتە قێزەونە قەبوڵ ناکەین، بە هەڵوێست و بەشداریکردن لەناو ڕیزەکانی یەبەشە وڵامی هێرشەکانی دوژمن و نەیارەکان بدەنەوە."

بانگەوازی بۆ هێزە نێودەوڵەتیەکان

پادێ بانگی لە هێزە نێودەوڵەتیەکان کرد و هوشداری ئەوەیدا: ئەگەر نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا، دەوڵەتانی ئەوروپا، دەوڵەتە ئیسلامیەکان، دەوڵەتی عێراق بەرامبەر ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورک بێدەنگ بن، واتە ئەو هێزانە بەرامبەر قڕکردنی ئێزدیەکان چاویان دەگرن. بۆیە ئەردۆغانی دیکتاتۆر لەو بێدەنگیە هێز وەردەگرێت.

'یەبەشە هێزێکی هەرێمی عێراقیە، چۆن عێراق بێدەنگ دەبێت؟'

بێدەنگی دەوڵەتی عێراق بەرامبەر هەموو هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و فاشیست بە توندی شەرمەزار دەکەین. یەبەشە هێزی فەرمی پاراستنی ئێزدیانە و ئەوەش بە شێوەیەکی فەرمی لە لایەن دەوڵەتی عێراقەوە قبوڵکراوە. چۆن دەبێت دەوڵەتی عێراق لە بەرامبەر هێرشەکان لەدژی هێزێکی فەرمی عێراقی بێدەنگ دەبێت؟ پێویستە بۆ ڕای گشتی ئاشکرای بکات.

'بێدەنگی هێرشەکان زیادتر دەکات، ئیتر بەسە'

ئێمە چاوەڕێ دەکەین دەوڵەتی عێراق هەڵوێستێک دەرببڕێت کە ئێزدی و مرۆڤایەتی ڕازی بکات. هەموو جیهان دەزانێت ئەردۆغان خەلیفەی داعشە و بە داعش هەڕەشە لە هەموو جیهان دەکات. پێویستە بزانن ئەگەر بێدەنگ بن، مەترسی لەسەر ئەوانیش دەبێت. نمونەی ڕۆژئاوا، شەنگال و لیبیا لەبەرچاوە. هێشتا فەرمانی سەر شەنگال، فرۆشتنی کچ و منداڵی ئێزدیمان لەبیرنەکردووە. بۆیە پێویستە هەر کەس لەدژی هێرشەکان هەستێت و بێدەنگ نەبێت و ئێمە بە بێدەنگی دەڵێین، ئیتر بەسە."

ف.ق