وتەبێژی دەم پارتی: نابێت ڕەوشی ئیمراڵی بەم جۆرە بەردەوام بێت

وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگوڵ دۆغان دەربارەی کۆبوونەوەی پارتەکەی قسەی کرد و گوتی: "لە ئۆپۆزیسیۆنەوە تا دەسەڵات، دەبێت هەموو کەسێک بە جدییەت و بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەکەدا بکەن".

وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگوڵ دۆغان دەربارەی کۆبوونەوەی لیژنەی بەڕێوەبەریی ناوەندیی پارتەکەی لە ناوەندی گشتی پارتەکەی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بەست.

'دەبێت هەنگاوی پێویست بنرێت'

ئایشەگوڵ دۆغان تیشکی خستەسەر مەراسیمی لەناوبردنی چەک لەلایەن گەریلاکانەوە لە ١١ـی تەمموز، ڕایگەیاند ئەم پرۆسەیە هەنگاوێکی مێژووییە بۆ ئاشتی. سوپاسی هەموو بەشداربووان و هاوکارانی ئەم هەنگاوەی کرد، ڕایگەیاند پاش بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢هەمینی پەکەکە، جەختکرایەوە لەسەر هەنگاونان لە ستراتیژی تێکۆشانی چەکدارییەوە بەرەو ستراتیژی سیاسەتی دیموکراتیک، گوتی: "ئێمە لەگەڵ ڕێگەی دیالۆگ و دانوستانین بۆ چارەسەری کێشەکانی تورکیا و بۆ ئەم ئامانجە کاردەکەین. بۆ ئەوەی چەک لە هەموو ڕوویەکەوە دووربخرێتەوە و ئەم هەنگاوە هەمیشەیی بێت و گۆڕەپانی سیاسەتی دیموکراتیک بەهێزتر بێت، پێویستە بەبێ دواکەوتن، هەنگاوی پێویست بنرێن. دەبێت میکانیزمەکان ئامادەبکرێن. وەک لە لێدوانەکانی ئەم دواییەدا هاتوون، کۆمیسیۆنێک پێکدەهێنرێت. بەدڵخۆشییەوە پێشوازی لەم هەنگاوە دەکەین".

'پێویستە دەستبەجێ کۆمیسیۆن پێکبهێنرێت'

ئایشەگوڵ دۆغان، گوتی: "دەبێت هەموو پارتە سیاسییەکان بەشداری ئەم کۆمیسیۆنە بکەن. وەک دەم پارتی، دووپاتی دەکەینەوە، دەبێت کۆمیسیۆنەکە بەشێوەیەک کاربکات کە ئەنجامی کاریگەر و هەمیشەیی لێ بکەوێتەوە".

'دەم پارتی، پارتی دیالۆگ و دانوستانە'

لە وەڵامی ڕەخنەکانی سەر پارتەکەی، ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند هەڵوێست و گوتاری دەم پارتی ڕوونە، گوتی: "ئێمە لایەنگری دیالۆگ و دانوستانین. ئێمە لایەنگری دانانی یاسایەکی هاوڵاتیبوونی یەکسانین لە تورکیا. هەمیشە ڕەخنە و پێشنیارەکان بە گرنگ دەبینین. هەڵوێستەکانمان پەیوەندیی بە هەڵبژاردن و ڕێژەی دەنگەکانەوە نییە، بەڵکو هەڵوێستەکانمان گرێدراوی پرەنسیپەکەکانمانن".

'پێکەوە سەروەریی یاسا بنیات دەنێین'

ئایشەگوڵ دۆغان جەختی کردەوە دەبێت هەمووان هەڵوێستیان هەبێت و بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن، جەختی کردەوە دەبێت لە تورکیا سەروەریی یاسا هەبێت، گوتی: "بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، بانگەواز لە ژنان و گەنجان و کرێکاران و هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە دەکەین، دەتوانین پێکەوە سەروەریی یاسا بنیات بنێین".

'ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان، داخوازییەکی ڕوونە'

ئایشەگوڵ دۆغان دەربارەی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە، ڕایگەیاند ئەم بابەتە لای دەم پارتی ڕوونە، گوتی: "ئۆجالان لە دووەمین پەیامی ڤیدیۆییدا، پەیوەست بە ڕەوشی خۆی باسی ئازادیی کۆمەڵگە دەکات. دەڵێت کاتێک کۆمەڵگە ئازاد دەبێت، تاکیش ئازاد دەبێت. من بەم جۆرە وەڵامتان دەدەمەوە. دەبێت هەموو ڕەفتارە نادیموکراتیکەکان کۆتایی بێت و نابێت ڕەوشی ئیمراڵی بەم جۆرەی کە هەیە بەردەوام بێت. لە دووەمین پەیامی ڤیدیۆییدا دەڵێت، هەندێک دیدار و کۆبوونەوە هەبوون. دەربارەی ئەو گفتوگۆیانەی لەم بارەیەوە هەن بەڕوونی دەدوێت. بەڵێ، لە ڕۆژی یەکەمەوە، لە ساڵی ١٩٩٩ـەوە، داوای ئازادیی جەستەیی دەکات. ئەم تەنها داوای ئەو ڕێکخستنە نییە کە ئەو دایمەزراندووە. لە هەموو جێیەک ڕووبەڕووی ئەم داخوازییە دەبینەوە. خۆی ڕاستەوخۆ وەڵامی ئەم پرسیارەی داوەتەوە".