کۆبوونەوەی ئۆزەل_دەمیرتاش: "بێ سەروەریی یاسا ئاسایبوونەوە بەدی نایەت"

هاوسەرۆکی گشتیی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندانی ئەدرنە ڕادەگیرێت، پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی گشتی جەهەپە ئۆزگور ئۆزەل ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە هەژماری خۆی لە میدیای دیجیتاڵ باسی لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە کرد و سوپاسی سەردانەکەی ئۆزگور ئۆزەلی کرد. جەختی کردەوە لە کۆبوونەوەکەدا مژارە کۆمەڵایەتییەکان و قەیرانە ئابوورییەکان و خواستی دیموکراسی و دادپەروەری و چەندین بابەتی تر تاوتوێ کران. دەمیرتاش ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا داخوازیی دادپەروەری و ئاشتی و یەکێتییەکی کۆمەڵایەتیی بەهێز خراوەتەڕوو.

دەمیرتاش ڕایگەیاند ساڵانێکی درێژە لە تورکیا سیاسەت گەیشتووەتە بنبەست و دەوڵەت بە ڕەفتاری نادەستووری بەڕێوەدەبرێت، گوتی: "ئەگەر دەخوازرێت ئەو پرۆسەیە بێتەدی کە بەڕێز سەرۆککۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆگان وەک "ئاسایبوونەوە، نەرمبوون" پێناسەی دەکات، تاکە شت ئەوەیە پێویستە لە گۆڕەپانێکدا ڕێز لە سەروەریی یاسا بگیرێت. هەتا ئەمە نەیەتەدی، کەناڵە  سیاسییەکان ناکرێتەوە و زەمینەی ئاسایبوونەوە نایەتەدی".

دەمیرتاش دووپاتی کردەوە لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ ئۆزەل، لە پرسی نادادپەروەری داهاتەوە تا پرسی کورد، لە مافی سرووشتییەوە تا پرسی ژن و مناڵ و گەنج، وتوێژیان لەسەر کراوە. هەروەها دەستنیشانی کرد کە دەبێت ئەو کەسانەی لە چوارچێوەی دۆزەکانی کۆبانێ و گەزی گیراون، ئازاد بکرێن.

دەمیرتاش ئاماژەی بەوە کرد دەست لە سیاسەتی دیموکراتیک هەڵناگرن و بەرپرسیارێتی خۆیان بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی جێبەجێ دەکەن. دەمیرتاش ڕایگەیاند ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لەڕێگەی پارێزەرەکانییەوە دەگەیەنێتە ناوەندی گشتیی دەم پارتی.