مریەم ئەل ئیبراهیم: ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕێگەی ڕزگارییە بۆ ژنان

مریەم ئەل ئیبراهیم ئاماژەی بەوەدا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕێگەی ڕزگاری ژنانە و وتی: "ژنان لەکۆمەڵگەدا ڕۆڵدارن و بەشدارن لە سیستەمی هاوسەرۆکایەتییدا."

مریم ئەل ئیبراهیم هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە بۆنەی حەوتەمین ساڵوەگەڕی ڕزگارکردنی ڕەقە لە دەستی داعش قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو ئاماژەی بەوەدا ڕەقە شارێکی دەوڵەمەندە لە ڕووی کلتووری و کۆمەڵایەتییەوە هەر بۆیە داعش بە پایتەختی خۆیی هەڵیبژارد، وە لەم ڕێگەیەوە هەوڵیدا بۆ جێبەجێکردنی قڕکردنی گەلان.

لە بەردەوامیدا مریەم باسی لە سەردەمی دەسەڵاتداری پێشووی حکومەتی دیمەشق کرد و دەسنیشانیکرد لەو کاتەدا بە هەموو شێوەیەک ئازادییەکان سەرکەوت دەکران و مرۆڤ ناچار بەو ژیانە کرابوو، هەرچەندە لە دەرەوە کێشە و پرسە ناوخۆییەکان هەستپێنەدەکرا. ڕەقەش وەک شارێکی سوریا لە بێدەنگیدا بوو لە ژیانکردن لە نێو قەیرانەکاندا و بەم شێوەیە بەردەوام بوو لە قسەکانی: " بە دەستپێکردنی ڕووداوەکانی سوریا لەسەرەتادا گرووپەکانی 'سوپای ئازاد' هاتنە ڕەقە. ژمارەی ئەم گرووپانە زۆربوون. هەر گرووپە و بەپێی بەرژوەندی خۆی کارەکانی دەکرد. بۆیە گەل دوای ئەوەی لە دەستی ڕژێمی بەعس ڕزگاری ببوو، نەیدەویست ئەم گروپانەش بمێننەوە." وتیشی هەموو ئەو گرووپانە خەریکی تاڵانی و دزیکردن بوون لە شارەکەدا، بۆیە داعش هەموو ئەوانەی قواستەوە و بە یەکجار ئەو گروپانەی بڵاوە پێکرد و ڕەقەی داگیرکرد و  کردی بە پایتەختی خۆی و سەردەمی تاریکی دەستیپێکرد.

'ڕەقە جێگەی کولتووری پێکەوەژیان بوو'

لەبەردەوامیدا مریم ئاماژەی بە فرە کولتووری ڕەقە کرد بەوەی جێگەی پێکەوەژیانی نەتەوەکانی کورد، عەرەب، چەرکەس، ئەرمەنی و سوریانی بوو، هەربۆیە داعش ویستی تێکدانی ئەم پێکەوەییەی بوو و وتی: "ئامانجی داعش قوڵکردنەوەی شەڕی نێوان کورد و عەرەب بوو. بە ئاشکرا دەیویست کورد لە ڕەقەدا بنەبڕ بکات. سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک لە ڕەقەدا ڕۆڵی کاریگەری دەگێڕا، بۆیە ئەوەی داعش دەیکرد لە بەرژەوەندی دەوڵەتی تورک و هێزە نێونەتەوەییەکان بوو. خەڵکی ڕەقە دڵسۆزی کولتووری پێکەوەژیانی خۆیبوو، بۆیە داعش یەکەم کاری هێرشکردنە سەر فرە کولتووری و پێکەوەژیان بوو."

'ڕۆڵەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دژی داعش وەستانەوە'

مریەم لە قسەکانیدا ئاماژەی بە تێکۆشانەکانی دژ بە داعش کرد و دەستنیشانیکرد جگە لە قەسەدە هیچ لایەنێکی دیکە توانای دژ وەستانەوەی داعشی نەبوو و وتی: "هێزە نێونەتەوەییەکان تەنها لە دۆخەکەیان دەڕوانی، دەوڵەتی تورک بە هەموو شێوەیەک لە پشتگیریدانی داعشدا بوو.  ڕژێمی سوریاش جگە لە تەماشاکردن هیچ ڕۆڵێکی نەبوو. بۆیە لە ڕێگەی قەسەدەوە وەک ڕۆڵەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەڕی ڕزگاری ڕەقەییان دەستپێکرد و بە ڕزگارکردنی ڕەقە یەکەم هەنگاوی تێکشاندن و لەناوبردنی داعشییان دەستپێکرد." وتیشی دەوڵەتی تورک بۆ زیندوکردنەوەی داعش دەستی بە داگیرکارییەکانی کرد و بە داگیرکردنی عەفرین تا ئێستاش لە درێژەدان بە مەرامەکانی بەردەوامە."

'ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕێگەی ڕزگاری ژنانە'                  

لە کۆتایی قسەکانیدا مریەم ئامەژەی بە شانە نوستووەکانی داعش کرد بۆ لەباربردنی بەها کولتوورییەکان، وە دەستنیشانیکرد لە سایەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییەوە سەرلەنوێ قۆناغی ژیاندنەوە گەڕایەو بۆ ژینگەی ڕەقە و منداڵان ڕۆشتنەوە بۆ قوتابخانەکان و وتی: "بە گوێرەی ئەزموونەکانمان دەڵێم ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕێگەی ڕزگای ژنانە. لەمڕۆدا ژنان لە ئەرک و ڕۆڵدان لە نێو دامەزراوەکانی بەڕێوەبەری خۆسەرییدا. نمونەی زیندوییش ئەوەیە لە ئێستادا ژنان خاوەنی ڕاو بۆچوونی خۆیانن لەسەر کۆمەڵگە. ژنان لە پرۆسەکانی ڕزگارییدا ڕۆڵی بەرچاوییان گێڕا و ڕێکخستن و خۆبەڕێوەبەریی خۆیان دامەزراندووە."