'جگەرخوێن میراتێکی گەورەی بۆ گەلی کورد بەجێهێشت'

بۆنیە سوعاد جگەرخوێن باسی لەوەکرد کە باوکی میراتێکی گەورەی بۆ گەلی کورد بەجێهێشتووە و رایگەیاند، "لەم سەردەمەدا شاعیرێکی وەک جگەرخوێن بۆ گەلی کورد شانس و دەرفەتێکە".

شاعیر و هەڵبەستوانی هاوچەرخی کورد جگەرخوێن (شێخموس حەسەن) لە ساڵی ١٩٠٣ لە گەندی حەساری سەر بە شاری ئێلیحی باکوری کوردستان لەدایکبووە، لە کاتی شەڕی یەکەمی جیهانیدا بنەماڵەکەی روویانکردووەتە رۆژئاوای کوردستان و لە شاری عامودێ نیشتەجێبوون. جگەرخوێن سەرەتا بە شوانی و جوتیارییەوە سەرقاڵ بووە و دواتر دەستی بە خوێندن کردووە و بووەتە فەقێ و لەگەڵ ئەوەش دەستی بە هۆنینەوە شیعر و هەڵبەست کردووە. شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران هەستی نەتەوایەتی جگەرخوێنیان زیاتر جۆش داوە و بووەتە ئەندامی کۆمەڵەی خۆیبوون و لە ساڵی ١٩٣٢دا لەگەڵ بڵاوبوونەوەی گۆڤاری هاوار، جگەرخوێن دەستی بە نوسین لەو گۆڤارە کردووە.

بە نوسینەکانی لە بواری وێژە، کولتور و زمانی کوردی خزمەتێکی گەورەی کردووە. جگەرخوێن لە نوسینەکانیدا زیاتر لە سەر پرسەکانی وەک "وڵاتپارێزی، شۆڕشگێڕی، گرنگی زانست، پێشکەوتن، کێشەکانی دەرەبەگایەتی، خۆشەویستی بۆ وڵات، ئازادی و سەربەخۆیی" دەدا.

بەهۆی گوشارەکانی رژێمی سوریاوە، جگەرخوێن لە ساڵی ١٩٧٩ ناچار دەبێت سوریا بەرەو سوید جێبهێڵێت و لە شاری ستۆکهۆڵم نیشتەجێ دەبێت و لەوێ درێژە بە کارە وێژەییەکانی دەدات. لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٤ لە سوید ماڵئاوایی لە ژیان دەکات و تەرمەکەی دەگەڕێنرێتەوە بۆ قامیشلۆ و لەوێ ئەسپەردە خاک دەکرێت.

کجی جگەرخوێن، بۆنیە سوعاد جگەرخوێن سەبارەت بە کەسایەتی و ئەو میراتەی جگەرخوێن بۆ گەلی کوردی جێهێشتووە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کرد.

بووە مامۆستای ژیانم

بۆنیە سوعاد جگەرخوێن باسی لەوەکرد کە جگەرخوێن تەنیا باوکی نەبووە، بەڵکو مامۆستای ژیانی ئەو بووە و وتی، "راستە جگەرخوێن باوکم بووە، بەڵکو هاوکات مامۆستای ژیانم بووە. هەروەها بووە هێمایەک بۆ تەواوی گەلی کورد. زۆر شانازی بە باوکمەوە دەکەم، چونکە کوردایەتی و گەلەکەی خۆی بە جیهان نیشاندا و خزمەتی گەلەکەی کرد. کاریگەری باوکم لەسەر من زۆرە، منیش شیعر و نوسراوی دیکەم هەیە، بۆئەوەی پێنوسی باوکم لەسەر زەوی نەمێنێتەوە".

'هەر شیعرێک، چیرۆکێکی لەپشتەوەیە'

بۆنیە سوعاد جگەرخوێن باسی لەوەکرد، باوکی ژمارەیەکی زۆر هەڵبەست و هۆنراوەی هەیە، بەڵام ئەوەی زیاتر کاریگەری لەسەر ئەو داناوە 'پیرا تۆرێ'یە کە باس لە گوشاری دەوڵەتی تورک لە سەر کوردان دەکات و وتی، "بە دەیان دیوانی شیعر و هۆنراوەی هەیە و هەر هۆنراوە و شیعرێکی چیرۆکێکی لە پشتە. بەردەوام باسی لەسەر بابەتەکانی وەک ژیانی گەلی کورد، وڵات، ژینگە، منداڵ و هتد دەکرد".

'دەبێت خاوەنداری لە میراتی جگەرخوێن بکەین'

بۆنیە سوعاد جگەرخوێن لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لەوەکرد کە جگەرخوێن میراتێکی گەورەی بۆ سەرجەم گەلی کورد بەجێهێشتووە و جگەرخوێن شانس و دەرفەتێک بووە بۆ گەلی کورد، دەبێت پارێزگاری لە بەرهەمەکانی بکرێت، ئەوانەی چاپ نەکراون، چاپ بکرێن. جگەرخوێن زۆر گرنگی بە خوێندن داوە و راوەستەی لەسەر کردووە، پێویستە لەو رووەوە خۆمان باش پێش بخەین.