لە کەلار شانۆی "گریمان ئەوەی بە ڕاستی ڕوویدا" نمایشکرا

ئەمڕۆ لە شارۆچکەی کەلار شانۆی "گریمان ئەوەی بەڕاستی ڕوویدا" لە لایەن گروپی سەهەندەوە لە هۆڵی هونەر نمایش کرا. شانۆکە ڕەخنەیە لە دەسەڵاتەکان کە هەوڵی خولقاندنی جەنگ دەدەن لە پێناو بەرژەوندییەکانی خۆیان و خەڵکیش دەبێت بە قوربانی جەنگەکانی ئەوان.

ئەمڕۆ لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، لە هۆڵی هونەر گروپی سەهەند هەستان بە نمایش کردنی شانۆی "گریمان ئەوەی بە ڕاستی ڕوویدا" لە نوسینی عەلی زوبێدی و وەرگێڕانی مەریوان زەنگەنە، ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەردۆستان ئامادەی شانۆکە بوون.

 

دەرهێنەر حسێن عەبدوڵا، سەبارەت بە شانۆکە حسێن عەبدوڵا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

لە سەرەتایی قسەکانییدا دەرهێنەر حسێن عەبدوڵا گوتی: " خۆم کاری دەرهێنانم بۆ شانۆکە کردووە، وەک ئەکتەری سەرەکی بەشدارم لە شانۆکەدا. شانۆگەرییەکە باس لە کەسانێک دەکات کە بەهۆی شەڕەوە تووشی تێکچوونی دەروونی هاتوون.ئێمە دەمانەوێت لەم شانۆیەدا پەیامی ئەوە بگەیەنین ئەو مرۆڤانەی کە لە سەر ئەم زەوییە دەژین، زۆر کات لەلایەن دەسەڵاتەوە بە کاردەهینرێن. پەیامی تەواوی شانۆکە بۆ بینەر بە جێدێڵین تاوەکو خوێندنەوەی خۆیانی بۆ بکەن.

لە شانۆکەدا شەش ئەکتەر بەشدارن، هەر شەش ئەکتەرەکە حاڵەتێکی نا ئاساییمان هەیە، وەک ئاقڵ و شێت نمایش دەکەین، بەڵام کۆی کارەکە فانتازییە بەو مانایەی فانتازیا ئێمە بەڕێوە دەبات. لە کۆتاییدا کەسێک وەک دکتۆر دێت دەرمانی ‌هێوەرکەرەوە بە ئەکتەرەکان دەدات و بێهۆش دەبن."

لە کۆتایی قسەکانییدا حسێن عەبدوڵا باسی لە گرنگی شانۆ کرد لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە کۆمەڵگەدا و شانۆ ڕۆڵی گرنگی هەیە لە پێگەیاندنی تاکدا، گوتی: "بەڵام بەداخەوە کۆمەڵێک ڕێگری هەیە لە پێشمان، بە تایبەت لە کەلاردا چونکە هاوکاری ماددی بوونی نییە، دەرهێنەر و ئەکتەر لەسەر حسابی خۆیان کار دەکەن. ئەگەر هاوکاری هەبێت شانۆ زۆر دەکرێت ئەوکات بینەری شانۆ لە گەرمیان زۆر دەبێت."