دانوستانی به‌ئه‌ندامبوونی توركیا له‌ یه‌كێتیی ئه‌ورووپا ڕاگیرا

به‌ په‌سه‌ندكردنی ڕاپۆرتی په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا ده‌رباره‌ی توركیا، دانوستانی نێوان یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و توركیا بۆ به‌ئه‌ندامبوونی توركیا له‌ یه‌كێتییه‌كه‌، ڕاگیرا.

دوای گفتوگۆكان له‌ په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا، له‌گه‌ڵ په‌سه‌ندكردنی ئه‌و ڕاپۆرته‌ی ده‌رباره‌ی توركیا له‌ لایه‌ن كاتی پیری ئاماده‌ كرابوو‌، دانوستانه‌كانی ئه‌ندامبوونی توركیا له‌ یه‌كێتیی ئه‌ورووپا ڕاگیران.

له‌ دانیشتنی په‌رله‌مانی ئه‌ورووپادا ٦٢٢ ئه‌ندام ئاماده‌ بوون. ڕاپۆرته‌كه‌ به‌ ده‌نگی ٣٧٠ ئه‌ندام په‌سه‌ند كرا. ١٠٩ ئه‌ندامیش ده‌نگی نه‌خێریان دا و ١٤٣ ئه‌ندامیش ده‌نگیان نه‌دا.

په‌رله‌مانتاری هۆڵه‌ندا و ڕێپۆرته‌ری په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا بۆ كاروباری توركیا كاتی پیری دوێنێ له‌ میانه‌ی گفتوگۆكانی په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا ده‌رباره‌ی پرسی توركیا قسه‌ی كرد. ناوبراو سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ، ڕێكاره‌ ناقانوونی و دژه‌دیموكراتییه‌كان و ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ توركیا زیندانی كراون كه‌ سه‌د هه‌زار كه‌سی تێپه‌ڕاندووه‌.

به‌مه‌به‌ستی وه‌ستاندنی دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ توركیا بۆ به‌ئه‌ندامبوونی له‌ یه‌كێتیی ئه‌ورووپا، فراكسیۆنی كریستیانه‌ دیموكراته‌كان پڕۆژه‌یه‌كی ئاماده‌ كردبوو. سه‌رۆكی كاتیی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و به‌رپرسانی كۆمسیۆنی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و ڕۆمانیا ڕایانگه‌یاندبوو كه‌ به‌گومانن له‌ پێشهاته‌كان.

s.m