حكوومه‌تی سویسرا داوا ده‌كات ئه‌ندامه‌ سویسرییه‌كانی داعش له‌ سووریا و عێراق دادگه‌یی بكرێن

وه‌زیری دادی سویسرا ده‌رباره‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ سویسرییانه‌ی داعش كه‌ له‌ عێراق و سووریا ده‌ستگیر كراون، ڕایگه‌یاند: «با له‌ سووریا و عێراق دادگه‌یی بكرێن.»

به‌مه‌به‌ستی دادگه‌یی كردنی ئه‌ندامه‌ بیانییه‌كانی داعش كه‌ له‌ لایه‌ن شه‌ڕڤانانی قه‌سه‌ده‌، یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه ده‌ستگیر كراون، ده‌یان جار كاربه‌ده‌ستانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی باكووری سووریا و ڕۆژاڤا داوایان له‌ وه‌ڵاتانی ئه‌ورووپا كردووه‌ هاوڵاتییه‌كانی خۆیان وه‌ربگرنه‌وه‌.

ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ وه‌زیری دادی سویسرا كارین كێله‌ر-شوته‌ر ڕایگه‌یاند، «بۆ من سه‌ره‌كیترین شت ئاسایشی گه‌لی سووریا و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌. بۆچوونی ئێمه‌ وه‌هایه‌ كه‌ له‌و شوێنانه‌ دادگه‌یی بكرێن كه‌ لێی زیندانی كراون.»

ناوبراو گوتیشی: «گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌ ویستی خۆیان چوونه‌ته‌ شه‌ڕ له‌ سووریا و عێراق، سویسرا ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. ئایا ده‌توانین له‌و شوێنه‌نای ده‌ستگیر كراون دادگه‌ییان بكه‌ین؟ به‌ڵگه‌كان كۆبكه‌ینه‌وه‌ و پڕۆسه‌یه‌كی ئاسایی به‌ڕێوه‌ببه‌ین؟ زۆر زه‌حمه‌ته‌ له‌ دۆخێكی وه‌هادا دادگه‌كانی سویسرا بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ چۆن دادگه‌یی ئه‌و ڕووداوانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ سووریا ڕوویانداوه‌.»

به‌ گوێره‌ی ناوه‌ندی هه‌واڵگریی سویسرا، ٩٣ سویسری چوونه‌ته‌ ڕیزی چه‌ته‌كانی داعش. له‌و ژماره‌یه ٧٩ كه‌سیان چوونه‌ته‌ سووریا و عێراق. هه‌روه‌ها‌ ٢٧ كه‌سیان كوژراون و ١٦ كه‌سیشیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سویسرا.

سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا دۆنالد تره‌مپ ڕۆژی شه‌ممه‌ی ڕابردوو داوای له‌ وه‌ڵاتانی ئه‌ورووپا كرد ئه‌و ئه‌ندامه‌ ئه‌ورووپییانه‌ی داعش وه‌ربگرنه‌وه‌ كه‌ له‌ سووریا ده‌ستگیر كراون.

s.m