١٠٣ فڕۆکەی جەنگی چین لە دەوروبەری تایوانن

کاربەدەستانی تایوان رایانگەیاند کە لە دەوروبەری دوورگەکەیان لە ٢٤ی کاتژمێری رابردوودا ١٠٣ فڕۆکەی جەنگی چین و ٩ کەشتی جەنگییان دەستنیشان کردووە.

وەزارەتی بەرگریی تایوان لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، "لە نێوان ١٧ و ١٨ی ئەیلولدا وەزارەتی بەرگریی بە گشتی تێبینی ١٠٣ فرۆکەی چینی بەدەوری دوورگەکەیانەوە کردووە".

وەزارەتەکە رایگەیاند کە ئەو ژمارەیە لە ماوەکانی رابردوودا "تۆمارکردنی ژمارەیەکی پێوانەیی"یە، لە هەمانکاتدا ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئەو جموجۆڵە سەربازییەی چین لە ناوچەکە رێگە لەبەردەم کێشەی گەورەی ئەمنی دەکاتەوە.

حکومەتی تایوان داوای لە پەکین کرد کە "دەستبەجێ ئەو کردەوە وێرانگەرە تاکلایەنانەی رابگرێت".

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تایوان، لە نێووان رۆژانی چوارشەممە و پێنج شەممە رابردووشدا ٦٨ فڕۆکە و ١٠ کەشتی سەربازی چین لە نزیک دوورگەکەیان بینراون.

چین دوورگەی تایوان وەک پارێزگایەکی خۆی دادەنێت و بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە کە ئەگەر پێویست بکات ئەو ناوچەیە دەخاتەوە سەر خاکی وڵاتەکەی.

هـ . ب