فابیۆ مارسیلی: دەبێت لە ئاستی نێونەتەوەییدا فشار لە حکومەتی تورک بکرێت

پارێزەر فابیۆ مارسیلی: بۆئەوەی مافەکانی بەڕێز ئۆجالان دەستەبەربکرێت، پێویستە لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی فشار بخرێتەسەر حکومەتی تورک.

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٩ەوە بە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی دەستگیرکرا و لە زیندانی ئیمراڵیدا ڕاگیراوە. لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ەوە لە ژێر سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری ئیمراڵییدا، هیچ جۆرە زانیارییەکی لەبارەوە نیە. لەو کاتەوە بە پاساوی بوونی یاسای دیسپلین ناهێڵرێت چاوی بە پارێزەر و بنەماڵەکەی بکەوێت. تورکیا کە ئەندامە لە کۆنسەی ئەوروپا، پەیمانی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپای واژۆ کردووە، بەڵام بەردەوامە لە پێشێلکردنی بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە مافەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

تادێت لەسەر ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی دواکاری بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد زیاتر دەبێت، هەر لەو چوارچێوەیەدا لێکۆڵەری یاسایی نێونەتەوەی و بەڕێوەبەری (سی ئێن ئاڕ) پارێزەر فابیۆ مارسیلی کە پێشتر سەردانی تورکیای کردووە پەیوەست بە جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا ( DMME) دەربارەی مافەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و سەختکردنی گۆشەگیری قسەیکرد و وتی: "لەبەرانبەر ئەوەی مافەکانی بەڕێز ئۆجالان جێبەجێناکرێت، دەبێت وڵاتانی نێونەتەوەی، دامەزراوە نێونەتەوەییەکان، ئەکادیمی، ڕۆشنبیر و بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئاستی نێونەتەوەی فشار لەسەر تورکیا دروستکەن بۆ بەجێگەیاندنی مافەکانی بەڕێز ئۆجالان."

لە بەردەوامیدا پارێزەر فابیۆ مارسیلی سەرنجی خستەسەر بڕیاری ٢٠١٤ی دادگای مافەکانی ئەوروپا سەبارەت بە مافی زیندانیانی سیاسی لە تورکیا و ئاماژەی بەوەدا تورکیا بە پێشلکردنی ئەو بڕیارانە هەموو یاساکی ئەو دامەزراوەیی پێشلکردووە و سەختکردنی گۆشەگیری لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کارێکی نامرۆڤانەیە. بۆیە پێویستە لەوبارەیەوە کار و خەباتمان بەرفراوانتربکەین.

بانگەوازی بۆ فشاری نێونەتەوەیی

مارسیلی بەبیریهێنایەوە لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ەوە هیچ زانیارییەک لەبارەی گۆشەگیری ئیمراڵییەوە نیە و بەهۆکاری وەڵامدانەوەی نەرێنی دەوڵەتی تورک دەربارەی داواکاری بنەماڵە و پارێزەران پێویستە لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی فشار لەسەر دەوڵەتی تورک دروستبکرێت و وتی: "بۆ بەجێگەیاندنی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا پەیوەست بە مافەکانی بەڕێز ئۆجالانەوە، دەبێت فشاری نێونەتەوەی لەسەر تورکیا دروستبکرێت. لەو باوەڕەدام بارودۆخی لەباری یاسایی هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە، بەڵام پێویستە لەم بابەتەدا حکومەتی نێونەتەوەی، دامەزراوە نێونەتەوەییەکان، ئەکادیمی، ڕۆشنبیر و بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئاستی نێونەتەوەی فشار لەسەر تورکیا دروستکەن بۆ بەجێگەیاندنی مافەکانی بەڕێز ئۆجالان."