ئەندامی شاندی فەرەنسا کە لەم دواییانەدا سەردانی هەرێمی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریای کردبوو، پەرلەمانتاری بەرەی گەلی نوێی فەرەنسا دانیێل سیمۆنت، لە پەرلەمانی نیشتمانیی فەرەنسا قسەی کرد و سەرنجی خستەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژاوا.
پەرلەمانتار سیمۆنت تێکۆشانی کوردانی دژی داعش بەبیرهێنایەوە و پرسیاری لە ژان نۆئێل بارۆت وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کرد کە ئایا فەرەنسا بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر ڕۆژاوا گوشار دەخاتە سەر دەوڵەتی تورکیا یان نە؟ هەروەها پرسیاری ئەوەشی کرد؛ ئایا پشتگیری لە داواکارییەکانی کورد دەکەن لە سوریای نوێدا؟
'ئێمە کوردان بە جێناهێڵین'
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ژان نۆئێل بارۆت، وەڵامی پرسیارەکانی پەرلەمانتار دانیێل سیمۆنتی دایەوە و وتی: "کوردان هاوپەیمانی سەرەکی فەرەنسان و ئاماژەی بە تێکۆشانی کوردان لە دژی داعش کرد و ڕایگەیاند، "کوردان هاوپەیمانی سەرەکی ئێمەن، ئەوان هەڤاڵانی ئێمەن و بەجێیان ناهێلێن."
پرسیارەکەت ئەوەمان بەبیر دێنێتەوە کە ڕووداوەکانی ١٣ساڵی ڕابردووی سووریا چۆن لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیانمان کاریگەرییان داننابوو. ئەو گوشارە توندانەی کە بەشار ئەسەد دەیکردە سەر گەلەکەی، بووە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش کە مەترسی تیرۆری ئیسلامی لێکەوتەوە و ئێمەش لەگەڵ هاوپەیمانە کوردەکانمان لە دژیان تێکۆشانێکی بەهێزمان بەڕێوە برد.
هەروەها لە ٨ی کانونی دووەمەوە کە هیوایەکی نوێ لە سوریا دروست بووە، دەبێت خاوەنداری کردن لە نەتەوەی کورد و بەشداربوونیان وەک هاوڵاتی لە حکومەتی نوێدا هەبێت.
'ئێمە لە نێوان تورکیا و جەنەراڵ مەزڵومدا نێوەندگیریمان کرد'
هەر لە سەرەتاوە داوامان لە دەسەڵاتدارانی تورکیا و دەسەڵاتی ڕاگوزەر لە دیمەشق کرد، بۆ ئەوەی زیان بە کوردان نەگەیەت شەڕ لە کۆبانێ ڕابگرن. دەمەوێت ئەوەتان بیر بخەمەوە کە لە شەڕی داعشدا، ئەوە کوردان بوون کە بوێرانە پاراستن لەو زیندانانە دەکەن کە بەدەیان هەزار تیرۆریستی داعش و بنەماڵەکانیان لەوێدا ڕاگیراون.
کۆنفرانسی ١٣ی شوبات
بۆیە پێش ئەوەی سەردانی دیمەشق بکەم لەگەڵ جەنەڕاڵ مەزڵوم کۆبوومەوە و لە نێوان جەنەڕاڵ مەزلوم و تورکیا و حکومەتی کاتی لە دیمەشق نێوەندگیریمان کرد. هەروەها بەم نزیکانە لە نێوان کوردانی سوریا و کوردانی عێراق بۆ ئەوەی بتوانن یەکتر بەهێز بکەن نێوەندگیریمان کرد. هەروەها لە هەفتەی داهاتوو، لە ١٣ی شوبات، کۆنفرانسێک لە پاریس لەسەر پرۆسەی نوێی گواستنەوە بەڕێوەدەچێت و دەتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە کوردانیش ئامادەی کۆنفرانسەکە دەبن."